
لە چوارچێوەی چالاکییە ئەکادیمی و زانستییەکانیدا لە وڵاتی چین، د. کاوە مەحمود بەشداریی لە دوو کۆنفرانسی گەورەی نێودەوڵەتی لە پەکین و زنجیرەیەک سەردانی زانستی بۆ ناوەندە ئەکادیمییەکانی شانگهای کرد:
١. کۆنفرانسی یەکەم: زانکۆی ڕێنمین (پەکین) ڕۆژی ١٧ـی مانگ، زانکۆی ڕێنمین (Renmin) لە پەکین —کە لە ساڵی ١٩٤٩ دامەزراوە— فۆرم و کۆنفرانسێکی گەورەی لەسەر بابەتی «مارکسیزم لە سەدەی بیست و یەکەمدا» ڕێکخست، کە تێیدا دەیان پرۆفیسۆر و ئەکادیمیست بەشدار بوون. لەم کۆنفرانسەدا، د. کاوە مەحمود لە دیبەیتی سەرەکی شانبەشانی دوو پرۆفیسۆری چینی و پرۆفیسۆرێکی بەریتانی بەشدار بوو، هەروەها بەشداریشی لە پانێڵەکانی دیکەی کۆنفرانسەکەدا کرد و بابەتی تایبەتی خۆی پێشکەش کرد.
لە میانی دانیشتنێکی مێزگرددا (گفتوگۆی سەر مێزی بازنەیی) کە لەلایەن پرۆفیسۆر «وانگ وێن» ڕاگری پەیمانگای چۆنگ یانگ بۆ دارایی و ڕاگری کۆلێژی سەرکردایەتیی جیهانی لە زانکۆی ڕێنمینی چینی سەرپەرشتی دەکرا؛ هەریەک لە وانگ فان (ڕاگری پێشووی کۆلێژی کاروباری دەرەوە و پرۆفیسۆر لە کۆلێژی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی جینان)، وانگ شین شێنگ (جێگری پێشووی سەرۆکی زانکۆی نانکای و ڕاگری کۆلێژی مارکسیزم، هەروەها د. کاوە مەحمود، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی دەستپێشخەریی شارستانیەتی جیهانی)، و جۆزێف ماهۆنی (توێژەری ئەمریکی و پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی نۆرماڵی ڕۆژهەڵاتی چین)، گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان ئەنجام دا سەبارەت بە تەوەری: «بونیادنانی گوتار و بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتیی فۆرمە نوێیەکانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی».
٢. کۆنفرانسی دووەم: ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژانی ٢١ و ٢٢ـی مانگ، ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان کۆنفرانسێکی دیکەی گەورەی ئەنجام دا، کە تێیدا زیاتر لە ٢٥٠ ئەکادیمیست و زانا لە وڵاتانی جیاوازی جیهانەوە (لەوانە: چیلی، ئیکوادۆر، پاراگوای، ئەرمینیا، فینلاند، پاکستان و ڕووسیا) جگە لە ئەکادیمیستە چینییەکان بەشدار بوون. د. کاوە مەحمود لەم کۆنفرانسەشدا بەشدار بوو و توێژینەوە و بابەتی دووەمی خۆی پێشکەش کرد.
٣. کۆبوونەوە و سەردانە زانستییەکان لە پەکین و شانگهای
هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکانیدا لە پەکین، د. کاوە مەحمود لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستا و ئەکادیمیستانی بەشی زمانە بیانییەکانی زانکۆی پەکین کۆبووەوە و بیروڕایان سەبارەت بە پەیوەندییە ئەکادیمی و کولتوورییەکان ئاڵوگۆڕ کرد.
لە درێژەی ئەم گەشتە زانستییەشدا، لە ئێستادا د. کاوە مەحمود لە شاری شانگهایە بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار و سەردانی مەیدانی بۆ ناوەندە زانستییەکان؛ لەم سۆنگەیەوە ئەمڕۆ سەردانی ئەکادیمیای شانگهای کرد، هەروەها بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتووشدا سەردانی چەندین سەنتەر و ئەکادیمیای دیکەی زانستی بکات و زنجیرەیەک گفتوگۆی ئەکادیمی ئەنجام بدات.





