
ماڵپەڕی شەفافییەت تا چەند شەفافە؟
ژووری هەواڵ
بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی شەفافییەت، داهاتی هەفتانەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەر بەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە و دابەزیوە بۆ ٨ ملیار دینار و کەمێک زیاتر.
ئەم بڕەش بەراورد بە هەفتەی پێشوو، یەک ملیار دینار کەمترە، کە دەکاتە ١٧٪.
ئەم پاشەکشەیە لەکاتێکدایە کە هاووڵاتییان بەردەوام لەژێر باری باج و ڕسوماتدا دەناڵێنن، لە پارەی ئاو و کارەبای گرانبەهاوە بگرە تا باجی خانووبەرە، سزاکانی هاتوچۆ، ئەمە جگە لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە.
پرسیارێک دێتە ئاراوە، کە ئەم هەموو داهاتە لەو سەرچاوانەوە کۆدەکرێتەوە، بۆچی لەبری گەشەکردن، داهاتەکان ڕوو لە کەمی دەکەن؟ ئایا ئەم کەمبوونەوەیە دەرەنجامی گەندەڵی و بەهەدەردانی داهاتە لە ژێر پەردەی شەفافییەتدا، یان ئاماژەیەکە بۆ قەیرانێکی قوڵتری بەڕێوەبردن؟ هاووڵاتییان و چاودێران چاوەڕوانی وەڵامێکی ڕوونن، چونکە بێدەنگبوون لەم کەمبوونەوە خێرایانە، شکستی زیاتری بەڕێوەبردن دەسەلمێنێت.
