
ڕاپۆرت/ هاوڕێ کرێکار
هەفتەنامەی ( ڕێگای کوردستان)، کە حیزبی شیوعیی کوردستان دەریدەکات، دوای ٨٢ ساڵ لە دەرچوونی یەکەم ژمارەی لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٤٤، ڕۆژی ٢٥ی ئاب، ژمارەی دەرچوونی دەگاتە ١٥٠٠ ژمارە. لەم ژمارەیەدا، نووسەران، ڕۆشنبیران و توێژە جیاجیاکان قسە لەسەر هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان دەکەن:
* مامۆستایەکی ئاینی: سەکۆیەک و ڕووبەرێکە بۆ بڵاوکردنەوەی بیروبۆچوونەکانم سەبارەت به تێگەیشتنە هەڵەکان لە ئاین، و ستەم و چەوساندنەوە بەناوی ئاینەوە.
* نووسەرێک: هەمیشە وەک سەکۆیەک بۆ داکۆکیکردن لە مافی زەحمەتکێشان، ژنان و توێژە پەراوێزخراوەکان ناسراوە.
* شاعیرێک: لە ئاستێکی زۆر باشدا دەبینم و بەردەوامبوونی و دەرچوواندنی هێشتا بە شۆڕشێکی نەرم و کاریگەر دەزانم.
* ڕۆژنامەنووس و میدیاکارێک: یەکێکە لە ڕۆژنامە دیار و ڕیشەدارەکانی کایەی ڕۆژنامەگەریی کوردی کە لەسەر بنەمای هزری چەپ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دامەزراوە.
* مەلا ئیدریس ژاڵەیی:ڕێگای کوردستان هەمیشە دەرگای واڵا بووە و دڵخۆش دەبم بە بڵاوبوونەوەی نووسینەکانم لێرە
مەلا ئیدریس ژاڵەیی، سەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتیی زانایان، نووسەر و خوێنەری بەردەوامی هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان، دەڵێت: بۆ من وەک خوێنەرێکی بەردەوامی "ڕێگای کوردستان"، ئەم ڕۆژنامەیە تەنها بڵاوکراوەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو بەشێکە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی و بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی کە دەتوانێت لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەردەوام بێت.
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات: لە سەردەمی پێشوودا، گرنگیی ڕۆژنامەی حزبی لەوەدا بوو کە بۆچوون و ڕوانگەیەکی دیاریکراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەخستە پێش چاوی خوێنەر و بەشێک بوو لە گفتوگۆی گشتیی. ئەمڕۆ لەگەڵ بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خێرایی زانیاری و زیرەکیی دەستکرد، هێشتا بوونی ڕۆژنامەیەکی وەک "ڕێگای کوردستان" پێویستە، بەڵام دەبێت ڕۆڵەکەی فراوانتر بکات؛ لە ڕاگەیاندنی هەواڵەوە بۆ شیکردنەوە، دروستکردنی گفتوگۆ، و لە پێشکەشکردنی ڕوانگەیەکی حزبییەوە بۆ دەستەبەرکردنی ڕەخنە و گفتوگۆی ڕوون و بەڵگەدار.
لە درێژەی قسەکانیدا، مەلا ئیدریس ئەوەشی وت: ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان بۆ من سەکۆیەکە کە لێیەوە بیروبۆچوونەکانم سەبارەت بە تێگەیشتنە هەڵەکان لە ئاین، ستەم و چەوساندنەوە بەناوی ئاین، و بەکارهێنانی ئاین بۆ مەبەستە پاوانخوازەکان بڵاو دەکەمەوە. هەروەها وەزیفەی ئاین لە ئاسوودەیی ڕۆحی، پەیوەندییەکانی نێوان خودا و مرۆڤ، و بەجێهێشتنی سیاسەت و نیشتمان بۆ هەموو مرۆڤەکان بێ جیاوازیی ئاین، مەزهەب و بیروباوەڕە جیاوازەکان دەبینم. بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان هەمیشە دەرگای واڵا بووە و دڵخۆش دەبم بە بڵاوبوونەوەی نووسینەکانم لێرە.»
بەرپرسەکەی یەکێتیی زانایان پێشنیاری بۆ هەفتەنامەکە هەیە و دەڵێت: «لەم بۆنەیەدا پێشنیار دەکەم گرنگیی زیاتر بدرێت بە قوڵایی هەواڵەکان، چاوپێکەوتن لەگەڵ جیاوازیی بیروبۆچوونەکان، بابەتەکانی ژنان و گەنجان، ژینگە و بابەتە ئاینییەکان بۆ خزمەتی چینی هەژار و ستەمدیدەکان، و پەیوەندیی نێوان مێژوو و کێشەکانی ئەمڕۆ. هەروەها پێویستە شێوازی دیجیتاڵ، گرافیک، داتا، ئامار و ڕاپۆرتی تایبەت پەرەی پێ بدرێت. گەیشتن بە ژمارەی ١٥٠٠ تەنها ژمارەیەک نییە، بەڵکو هێمای بەردەوامییە؛ هیوادارم "ڕێگای کوردستان" لە قۆناغی داهاتوودا هەمیشە هەمان ناسنامەی خۆی بپارێزێت، بەڵام بە زمانێکی نوێ، پرسیارگەلێکی قووڵتر و ڕۆژنامەنووسییەکی پیشەییتر بەردەوام بێت.»
* موژدە عەلی، نووسەر و مامۆستا کە لە قەزای قەڵادزێ دەژێت، سەبارەت بە هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان دەڵێت: بێگومان هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان وەک ئۆرگانی ناوەندیی حزبی شیوعیی کوردستان، پێگەیەکی مێژوویی و تایبەتی لە ڕاگەیاندنی کوردیدا هەیە. جێگەی خۆیەتی ئەوە بگوترێت کە ئەم ڕۆژنامەیە لە سەردەمێکدا دروست بوو کە وشە تیایدا ئامرازی خەبات و هۆشیارکردنەوەی جەماوەر بوو؛ بۆیە هەمیشە وەک سەکۆیەک بۆ داکۆکیکردن لە مافی زەحمەتکێشان، ژنان و توێژە پەراوێزخراوەکان ناسراوە، لەگەڵ پاراستنی ئاستێکی بەرز لە زمانی ئەدەبی و فکریدا.
هەروەها باسی لەوەش کرد: لەو چوارچێوەیەدا گەورەترین ئاڵنگاریی بەردەم ڕۆژنامەکە، ڕاکێشانی نەوەی نوێ و ڕزگاربوونیەتی لە قالبە کلاسیکییەکان. بۆ تێپەڕاندنی ئەمە، پێویستە جەخت لەسەر چەند هەنگاوێک بکرێتەوە:
* گواستنەوەی قورسایی ناوەڕۆک بۆ میدیای دیجیتاڵ، دروستکردنی پۆدکاستی مێژوویی و فکری، و بەکارهێنانی ئینفۆگرافیک.
* ڕەخساندنی دەرفەت بۆ نووسەرانی سەربەخۆ، دانانی وتار و بابەتی گرنگ و سودبەخش، و کەمکردنەوەی زمانی توندی دروشمکاری بۆ ئەوەی ببێتە ڕووبەرێکی فراوانتر بۆ دیالۆگ.
* بایەخدان بە لێکۆڵینەوەی قووڵ و دروستکردنی پاشکۆی ئەکادیمی بۆ توێژینەوەی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و کلتووری؛ من ئەم خاڵە وەک ئەکادیمیستێک بە پێویست دەبینم تا دیرۆکی زاگرۆس بە وردی و دوور لە دەمارگیرێتی نەتەوەیی بنووسرێتەوە.
لە کۆتاییدا وتی: بە کورتی، لەڕێگەی بەهێزکردنی ناوەڕۆکی مەعریفی لە سەکۆ دیجیتاڵییەکاندا، ڕێگای کوردستان دەتوانێت پێگە مێژووییەکەی نوێ بکاتەوە و وەک سەرچاوەیەکی بڕوابەخش بۆ خوێنەری هاوچەرخ بمێنێتەوە.
* سەهەند کۆیی ؛ وەک ڕۆژنامەنووس و میدیاکارێکی بەئەزموونی کایەی ڕۆژنامەوانی لە قەزای کۆیە ووتی: رێگای کوردستان یەکێکە لە ڕۆژنامە دیار و ڕیشەدارەکانی کایەی ڕۆژنامەگەریی کوردی کە لەسەر بنەمای هزری چەپ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دامەزراوە. ئەم ڕۆژنامەیە هەمیشە وەک سەکۆیەکی سەرەکی بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی چینی کرێکار، زەحمەتکێشان و چینە ستەملێکراوەکانی کۆمەڵگە کاری کردووە. هاوکات، خاوەنی هەڵوێستێکی ڕەخنەگرانەی تووندە بەرامبەر بە گەندەڵی، قەیرانەکانی حوکمڕانی و نادادپەروەریی ئابووری و لە پاڵ بابەتە سیاسییەکاندا، گرنگییەکی زۆر بە بڵاوکردنەوەی وتاری ڕووناکبیری، بابەتی فەلسەفی و ڕۆشنبیریی پێشکەوتنخوازی داوە.
سەهەند کۆیی : ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێگای کوردستان ڕووبەرێکی بە فراوانی بۆ گفتوگۆی ئازاد تەرخان کرد، بە جۆرێک کە گرنگیدان بە پرسەکانی یەکسانیی جێندەری و داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان هەمیشە لە پێشینەی کار و مژارەکانی بووە و تەنها زمانحاڵێکی حزبی نەبووە، بەڵکو قوتابخانەیەک بووە بۆ فێربوونی پرەنسیپەکانی کاری ڕۆژنامەگەریی پیشەیی و ئازاد لە کوردستاندا.
سەهەند کۆیی وەک ڕۆژنامەنووس و میدیاکارێکی بەئەزموونی بواری ڕۆژنامەوانی پێیوایە
بڵاوکردنەوەی وەرگێڕانی دەقە فەلسەفییە مەزنەکان لە ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان یارمەتیدەر بووە بۆ دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی بە مانا نوێیەکان و چەندین ناو و کەسایەتیی دیاری بواری ئەدەب و ڕۆژنامەگەریی کوردی یەکەمین هەنگاوەکانی نووسینیان لەم ڕۆژنامەیەدا دەست پێکردووە کە ڕەخنەگرتنی بێپەردە لە نەریتە کۆمەڵایەتییە دواکەوتووەکانیشی کردووە بە یەکێک لە ڕێبازەکانی. لە ڕووی سیاسییەوە، هەمیشە بانگەشەی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە، برایەتیی گەلان و دیموکراسیی ڕاستەقینە کردووە و ئەرشیفەکەی بە یەکێک لە سەرچاوە زێڕین و مێژووییەکان دادەنرێت بۆ هەر توێژەرێک کە بیەوێت مێژووی خەباتی سیاسی و رۆشنبیریی کوردی لە سەدەی بیستەمدا لێکبداتەوە،
* سەردار نوورێ، شاعیری هایکۆ و مامۆستا، دەڵێت: بەهۆی ئەوەی من هەر لە گەنجێتییەوە ڕاهاتووم بە خوێندنەوەی کاغەزی، هەمیشە بەرکەوتنم بە کاغەز و پەڕەی ڕۆژنامە، گۆڤار و کتێب چێژی تایبەتم پێ دەبەخشێت و دڵخۆشتر دەكات. پێشم وایە ئەوەی بە کاغەز دەیخوێنمەوە، زیاتر لە یادگەم دەمێنێتەوە و سوودی لێ وەردەگرم بەراورد بەوەی بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەیخوێنمەوە.
سەردار لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە: لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا، بەهۆی زاڵبوونی سۆشیالمییدیا و داگیرکردنی پانتایی ژیانی خەڵک بەگشتی بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، کە بووە هۆی پەکخستنی زۆر ڕۆژنامە و گۆڤار کە ساڵانێک بە کاغەزی دەرچوون و وردە وردە لەناوچوون، زۆر خۆشحاڵم کە هێشتا "ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان" بە شێوەی کاغەزی دەردەچێت و هەفتانە دەگاتە دەستم و دەخوێنمەوە. من ڕێگای کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدا دەبینم و بەردەوامبوونی بە شۆڕشێکی نەرم و کاریگەر دەزانم.
سەردار وتيشى: هەروەها بە گرنگی دەزانم لاپەڕەی تایبەتی تێدا تەرخان کراوە بۆ لایەنی ئەدەب و کولتوور. جا پێشنیاز دەکەم گەر بتوانرێت ژمارەی لاپەڕەکانی بۆ ئەم مەبەستە زیاتر بکرێت، ئەمەش لەپێناو خزمەتی فرەتری بەرهەمی شاعیران، ئەدیبان و هونەرمەندان، تا دەرفەتی باشتر و زیاتری بڵاوکردنەوەیان بۆ بڕەخسێت.
ناوبراو بە گرنگی دەزانێ؛ هەوڵ بدرێت لەگەڵ ڕۆژنامەکەدا پاشکۆیەکی تایبەت بە ئەدەب، هونەر و کولتوور دەربکرێت لەژێر ناونیشانی "چاند و هونەری ڕێگای کوردستان". بەم جۆرە، بایەخێکی گەورەتر لە ئەمڕۆی ڕاگەیاندن و بڵاوکراوەی کوردییدا پەیدا دەکات بۆ خەمی مەعریفی، کولتووری و ڕۆژنامەوانیی ئەدەبی. هەروەها پێشنیاز دەکەم هەوڵ بدرێت دیزاینی ڕۆژنامەکە باشتر و جوانتر بکرێت، بەپێی گۆڕانکارییەکانی ئەمڕۆ لە جیهانی ڕۆژنامەوانیدا. پێشنیازیش دەکەم لە ڕووی ڕێنووس و خاڵبەندییەوە زیاتر ورد بن، چونکە هەندێک جار بەهۆی هەڵەی لەو شێوەیەوە، مانای وشە، ڕستە و چەمکەکان دەگۆڕێن بۆ واتای تر.
