
ژووری هەواڵ
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی ئاب، شاندێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، بەووتەی پەرلەمانتارێکی پارتی لە بەغدا، ئامانج لەو سەردانە تاوتوێکردن و دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ قەیرانی سووتەمەنی و بەنزین کە لەم دواییانەدا لە هەرێم سەریهەڵداوە.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دەبێت هەرێمی کوردستان بێ جیاوازی لە مافە نەوتییەکان و پشکی سووتەمەنی وڵات سوودمەند بێت.
هاوکات، لایەنە کوردییەکانی دەرەوەی دەسەڵات لە پەرلەمانی عێراق داوای وەرگرتنەوەی پەنجا هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە هەرێم دەکەن لە بەرانبەر دابینکردنی بەنزینی نرخ پاڵپشتیکراو بە ٤٥٠ دینار. ئەم هەنگاوە پرسیاری لای شارەزایان دروستکردووە کە بۆچی لە کاتی بوونی هەمان بڕە نەوت لە ڕابردوودا، قەیرانی بەنزین دروست نەبووبێت و لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا سەریهەڵدا؟
