
🔻لایەنەکان کەی درک بە مەترسیەکان دەکەن؟
🔻مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێم ڕوو لە زیادبوونن و حزبە سیاسییەکانیش سەرقاڵی ململانێی خۆیانن.
ژووری هەواڵ
لە کاتێکدا دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان پێویستی بە بڕیاری خێرا و هەنگاوی کرداری هەیە، کەچی لایەنە حوکمڕانەکان، پارتی و یەکێتی کە خاوەنی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانن، بوونەتە هۆکاری سەرەکیی گەمارۆدانی پرۆسەی سیاسی و پەکخستنی دامەزراوە فەرمییەکان. ئەو هێزانەی دیکەی دەرەوەی پارتی و یەکێتیش کە خاوەن کورسین، بە جۆرێک لە جۆرەکان، دەتوانن گرێ کوێرەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت بکەنەوە، بەڵام بەشێکیان بەهۆی ترس لە تۆڵەی دەسەڵات و کاردانەوەی دەنگوەرەکانیان و بەشێکیان بەهۆی بەرژەوەندییە تەسک و حزبییەکانیانەوە، هاووڵاتییانیان لە چاوەڕوانیدا هێشتووەتەوە.
لە هەمووی مەترسیدارتر، ئەم ئیفلیجبوونەی دامەزراوەکان لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزیی گەورەتر دەچێت و مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن. بەتایبەتی له دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێم و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی و سیاسی لە ناوچەکەدا، حزبە سیاسییەکانی هەرێم لە بری ئەوەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە نیشتمانییانە ناوماڵی خۆیان ڕێکبخەنەوە، کەچی سەرقاڵی ململانێی بچووک و دابەشکردنی پۆستەکانن.
لە کاتی کۆبوونەوە و ململانێکاندا، ئەم هێزانە بە ئاشکرا نیشانی دەدەن کە تەنها پاراستنی کورسی و دەسەڵات بۆیان گرنگە، نەک چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکان و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی. پەکخستنی پەرلەمان و دواخستنی پێکهێنانی کابینەی حکومەت لە ژێر سێبەری هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر قەوارەی هەرێم، نیشانەی بێباکیی تەواوی دەسەڵاتداران و لایەنە خاوەن کورسێەکانی دیکەیە، بەرامبەر بە ئایندەی ئەم هەرێمی کوردستان.
سەرەڕای ئەوەی کلیلی چارەسەر و دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن لە گیرفانی ئەم لایەنانەدایە، بەڵام ئەوان پێش ئەوەی خزمەتی گشتی بکەن و بەرپەرچی مەترسییە دەرەکییەکان بدەنەوە، سەرقاڵی دابەشکردنی پشک و بەدەستهێنانی دەستکەوتی حزبین.
ئەم دۆخە نەخوازراوە، کە تێیدا بڕیاری سیاسی بارمتەی ململانێی نادادپەروەرانەی حزبەکان بووە، پێویستی بە هەڵوێستێکی جدیی جەماوەری و فشارێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ ئەوەی ئەم لایەنانە ناچار ببن لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی قەوارەی هەرێمدا، دەستبەرداری ململانێکان ببن و کۆتایی بەو بەربەستە دەستکردانە بهێنن کە خۆیان دروستیان کردووە.
