
ڕێگای كوردستان
حکومەتی عێراق یەکەم گوژمەی پارەی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد، کە تێیدا بڕی ١٥ ملیار و ٢٤٥ ملیۆن دینار بۆ جوتیاران تەرخانکراوە.
لەوبارەیەوە، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کە ڕێکارەکانی وەرگرتنی پارەی گەنمی جوتیاران دەستیانپێکردووە. ئاماژەی بەوەشدا ئەگەر ڕێکارەکان لەم هەفتەیەدا تەواو بن، دابەشکردنی پارەکەش دەستپێدەکات، ئەگەرنا بۆ هەفتەی داهاتوو دوا دەکەوێت.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە پارەی گەنمی ساڵی ڕابردوو لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە گەیشتووەتە دەستیان و پرۆسەی دابەشکردنی لە دهۆک و سلێمانی لەم هەفتەیەدا کۆتایی دێت، و پاشان خەرجکردنی پارەی گەنمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
دابەشکردنی بڕە پارەکە بەسەر پارێزگاکاندا:
• سلێمانی: ٥ ملیار و ٤٣٥ ملیۆن دینار
• هەولێر: ٥ ملیار و ٣٠ ملیۆن دینار
• دهۆک: ٤ ملیار و ٧٨٠ ملیۆن دینار
جێگەی باسە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئەمساڵ حکومەتی عێراق ٣٨٧ هەزار و ٣٧٨ تۆن گەنمی لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و کۆی گشتی نرخی گنمەکە دەگاتە ٢٧٥ ملیار دینار.
