
.
رۆژی یەکشەممە ١١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ لە بارەگای مەڵبەندی سلێمانی، هاوڕێیان
ئەبو کاروان سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان و سوبحی مەهدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فاخیر شەهید زاهیر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، پێشوازییان لە شاندێکی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان بەسەرۆکایەتی عوسمانی حاجی مارف کرد.
لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەدا، گفتوگۆ لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووریی و گۆڕانکاریەکانی ئەم دوایەی کوردستان و عێراق کرا.
لە بارەی دۆخی هەرێمی کوردستان، هەردوولا جەختیان لەسەر پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون کردەوە.
هەردوو حزب سەبارەت بە دۆخی دوای کشانەوەی هێزی هاوپەیمانان، هاوڕا بوون کە هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق بەرپرسن لە پاراستنی ئاسایشی خاک و خەڵک و لە هەر حاڵەتێکدا، کشانەوەی هێزە بیانیەکانشیان بە هەنگاوێکی ئاسایی لێکدایەوە.
جێگیر بوونی نرخی دۆلار لە ئاستێکی بەرزدا و دۆخی ئابووری و ژیان و گوزەرانی خەڵک تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو، هەردوولا جەختیان لەسەر کردەوە، کە دەسەڵاتداران لە بری کارکردن بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی ئابووری و دۆزینەوەی ڕێکارەکان کە بەشێوەیەک بن ژیان و گوزەرانی خەڵک باشتر بکات ، بەپێچەوانەوە کار بۆ برسیکردن و هەژارکردنی هاووڵاتیان دەکەن و ڕاشیانگەیاند، ئەوان لەگەڵ ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراق نین کە زۆرینەی فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بە فراکسیۆنە کورستانیەکانیشەوە پشتیوانیان لێکردو قورسایی ئەم قەیرانە ئابووریەیان خستۆتە سەر شانی کرێکاران و خەڵکی هەژارو کەمدەرامەت و مووچەخۆر و خاوەن داهاته جێگیرەکان لە بەرژەوەندی بازرگانان و سەرمایەداران و کۆمپانیا گەورەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانی بەردەوامی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بە دادگایی گەیاندنی گەندەڵکاران دووپاتکردەوە.
لە دوا تەوەردا پەیوەندی هەردوولا و بەردەوامی دیدارەکان و گەشەپێدانی دووپاتکرایەوە و کاری هاوبەشی هەردوولا لەگەڵ هەموو ئەو لایانەی کە پشتیوانی لە گۆڕانکاری لەسیستەمی سیاسی و ئابووری هەرێم و عێراق دەکەن و لە بەرژەوەندی زۆرینەی کرێکاران توێژی هەژاران و زەحمەتکێشاندان جەختی لەسەر کرایەوە.
هەروەها، ڕەخنەیان لە سیاسەتی ئابووریی دەسەڵاتی عێراق و،هەرێم گرت کە قورسایی قەیرانەکانیان خستووەتە سەر شانی مووچەخۆران و هەژاران لە بەرژەوەندیی سەرمایەداران. لە کۆتاییدا، لایەنگریی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و دادگاییکردنی گەندەڵکاران دووپات کردەوە و بڕیاریان دا کاری هاوبەش لەگەڵ سەرجەم لایەنە خوازیارەکانی گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری لە بەرژەوەندیی زەحمەتکێشان فراوانتر بکەن.
