
لیژنەی كاری هاوبەشی چەپ بڕیار و ڕێكارەكانی حكومەتی عێراقی بۆ بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دراوی عێراقی ڕەتدەكاتەوە.كە چوارچێوەی هەماهەنگی و نوێنەرانی كورد لە حكومەتی عێراقی بەڵێیان بۆی كردووە.
بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقی كۆمەڵێك هۆكاری لە پشتەوەیە كە دەرەنجامی شكستی سیاسەتی ئابوری بەرخۆرە كە دەوڵەتی عێراق پشتی پێدەبەستیت و هاوڵاتیانی هەژار و كەمدەرامەت و كرێكاران و توێژە پەراوێزخراوەكان باجەكەی ئەدەن ، ئەم بڕیارە پرۆژەیەكی مەترسیدارە و لە بەرژەوەندی توێژێكی سەرمایەدار و مشەخۆر و گەندەڵدا كۆتایی دێت و كاریگەر خراپ لەسەر ناجێگیری باری ئابوری و كۆمەڵایەتی دروست دەكات ، بەهۆی گرانی بازاڕ و هەڵاوسانی دارایی و بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاو كەلوپەل و پێداویستی خزمەتگوزاری گشتی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و بێكاری ، ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی پێگەی سیاسی و ئابوری عێراق لاوازتر ئەكات و هۆكارێك ئەبێت بۆ تاوانكاری و بەهێزكردنی تیرۆر و تیرۆرستان.
هۆكاری سەرەكی شكستی سیاسەتی ئابوری دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پرۆسەی ئابوری هاوسەنگ كە تەواوی كەرتە ئابورییەكانی بواری كشتوكاڵی و بازرگانی و پیشەسازی و پەرەپێدانی مرۆیی لەخۆبگرێت، ئەمە وای كردووە لە كاتی سەرهەڵدانی هەر قەیرانێكدا دەوڵەت پەنا بۆ بژاردەی خراپ ببات و قەیرانی دیكەی لێبكەوێتەوە.
گومانی تێدا نییە ئەم بڕیارە كاریگەری نەرێنی تەنها لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئەمنی عێراق دروست ناكات بەڵكو كاریگەرییەكەی لەسەر هەرێم بەهێزتر ئەبێت ، چونكە گەندەڵی و چینی بورژوای مشەخۆر بازاڕیان كۆنترۆڵ كردووەو كاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی هەیە ، ئەمە جگە لەوەی دەوڵەتێك و دەسەڵاتێكی شكستخواردوون لە هەمان كاتدا ، هیچ ئامادەكارییەكیان بۆ دۆخێكی لەم جۆرە نییە و چونكە پاشكۆی ووڵاتانی سەرمایەداری و ووڵاتانی هەرێمایەتین كە دۆخی ئەو ووڵاتانە لە عێراق و هەرێم باشتر نییە.
بۆ چارەسەری ئەم دۆخە پێویستە حكومەتی عێراق بەم بڕیارەدا بچێتەوەو پەنا بۆ ئەو بژاردانە بەرێت كە چارەسەری دۆخی دارایی بكات و بارگرانی لەسەر شانی هاوڵاتیان دروست نەكات. ئەمە بە پەیڕەو كردنی سیاسەتێكی دارایی دادپەروەرانە دەبێت كە بە دووركەوتنەوە لە سیاسەتی ئابوری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و پێاچوونەوە بە سستمی باج و بەرەنگار بوونەوەی گەندەڵی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری گشتی لە ئاوو كارەبا و تەندروستی و خوێندن و كۆتاییهێنان بە سیاسەتی ئابوری بەرخۆر دەبێت و بە پەیڕەوكردنی ئابوری هاوسەنگ لە بواری كشتوكاڵی و بازرگانی و پێشەسازی و گەشتوگوزار پەرەپێدانی توانای مرۆیی و پشتبەستن بە داهاتی ناوخۆیی و كەمكردنەوەی هاوردە دەبێت.
وێڕای ڕەتكردنەوەی ئەم بڕیارە داوا لە تەواوی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بەگشتی و نوێنەرانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و سەندیكا و تەواوی جەماوری كوردستان عێراق دەكەین چالاكی بەردەوام بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە ئەنجام بدەن ،
لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان
11/10/2026
