
ژووری هەواڵ
لەگەڵ خەرجکردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، میدیای دەسەڵات، دەستبەجێ زەنگی دواکەوتنی مووچەی مانگی داهاتوویان لێدا.
جەنگی دەروونییان دەستپێکرد بۆ زیاتر تێکشکاندنی دۆخی دەروونی مووچەخۆران.
تەنانەت لە چەند شەوی ڕابردوو بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕێگەی شاشەکانەوە بێباکانە مژدەی فەوتانی مووچەیەکی بە مووچەخۆران دا.
سەرباری ئەوەی مووچەی مانگی شەش لە بەغداوە هێشتا نەگەیشتووەو وادەی خەرجکردنی نادیارە، بەڵام میدیاکانی دەسەڵات بە شێوازێکی پلان بۆ داڕێژراو دەیانەوێت تێگەیشتنێک دروست بکەن کە دابەشکردنی مووچە بە خێرایی ئەنجام نادرێت و هەفتەیەک دەخایەنێت.
درێژە کێشانی دابەشکردنی مووچە بەیهێنانی مژدەکەی بەرپرسەکەی وەزارەتی داراییە سەبارەت بە فەوتانی مووجەیەک.
شارەزایان ئەم هەڵسوکەوتەی میدیاکانی دەسەڵات وەک ستراتیژ بۆ بێزارکردنی مووچەخۆران و پەردەپۆشکردنی شکستەکانی ئیدارەدانی داهات لە قەڵەم دەدەن.
پێشیان وایە، ئەم جۆرە پڕوپاگەندانە تەنها ئامانج لێی دروستکردنی گوشاری دەروونییە لەسەر هاووڵاتیان، تا لە بری داواکردنی مافەکانیان، سەرقاڵی دڵەڕاوکێی بەردەوامی مووچە بن.
