
رێگای كوردستان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە دەروازەی شاری قەڵادزێ، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بە سەختی برینداربوون.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، نەخۆشخانەی فێرکاریی شەهیدانی قەڵادزێ ڕایگەیاند: " بەرەبەیانی ئەمڕۆ، چوار برینداری ڕووداوێکی هاتووچۆ گەیەندرانە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان."
زانیارییەکان لەسەر ڕووداوەکە و باری تەندروستی بریندارەکان:
- قوربانییەکان: دوو لە بریندارەکان کە سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بوون، بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدا.
- ڕەوانەکردن بۆ سلێمانی: بریندارێکی دیکە بەهۆی خراپی باری تەندروستییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کرا.
- نەشتەرگەری بەپەلە: چوارەم برینداری ڕووداوەکە بەهۆی خوێنبەربوونی زۆرەوە خێرا براوەتە ژووری نەشتەرگەری.
پاشخان
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە سەدان کەس دەبنە قوربانی. بەپێی وتەی پسپۆڕانی بوارەکە، خێرایی لێخوڕین و خراپی شاقام و ڕێگەوبانەکان هۆکاری سەرەکی ڕوودانی ئەم جۆرە کارەساتانەن.
