
ڕاپۆرت/ دلێر عەلی
قەزای دوکان، بەهۆی هەڵکەوتە ناوازە جوگرافیەکەی، و بوونی دەریاچە ناودارەکەی و زنجیرە چیاکانی سارا، کۆسرەت، پیرەمگرون، قەرەسەرد و کەڵکەسماق، وەک گەورەترین و گرنگترین ناوچەی گەشتیاری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەناسرێت. بەڵام ئەم سروشتە جوان و ژینگە گەشتیارییە دەوڵەمەندە، لە بری ئەوەی ببێتە سەرچاوەی خێر و خۆشی و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کچ و کوڕانی ناوچەکە، بەهۆی بێپلانی و نەبوونی پڕۆژەی گونجاوی حکوومەتەوە بووەتە تابلۆیەکی غەمگین. گەنجانی دوکان ڕۆژانە لەبەردەم دەریاچەیەک لە سەرمایە و گەشتوگوزاردا دەژین، بەڵام خۆیان لە ناو دۆزەخی بێکاریدا دەچەوسێنەوە. ئەم ڕاپۆرتە لە ڕێگەی چوار دیدگای جیاوازەوە لێکۆڵینەوە لەم حاڵەتە تاڵە دەکات.
بێپلانیی حکوومەت و نەبوونی پڕۆژەی گونجاوو
ئومێد مەلا تاهیر کلێسەیی، نووسەر و چاودێری سیاسی، پێی وایە کێشەی بێکاری لە دوکان پەیوەندی بە ململانێی حیزبییەوە نییە، بەڵکو بەتەواوی دەرەنجامی نەبوونی ستراتیژ و بێپلانیی حکومەتە کە نەیتوانیوە دەروازەی ژیان و ئاوەدانی بەڕووی گەنجاندا بکاتەوە. ئومێد مەلا ئاماژە بەوە دەکات کە بەڵێنی بریقەداری لایەنەکان لە کاتی دەنگداندا، بووەتە نەریتێکی سیاسی کە تەنها بێمتمانەیی و لاوازبوونی وەلائی نیشتمانیی لێکەوتووەتەوە. ئەو هۆشداری دەدات کە فەرامۆشکردنی دەرچووان ڕەنگە لە ئایندەدا ببێتە شۆڕشێکی ناڕەزایەتیی گەورەی پەنگخواردوو هاوشێوەی وڵاتانی عەرەبی.
لەسەر ئاستی کارگێڕیش، ئومێد مەلا دەڵێت: «پێویست بوو دەسەڵاتی خۆجێیی دوکان و پارێزگاری سلێمانی کارئاسانی بۆ پڕۆژەی خەڵک بکەن، کەچی ئێستا نە حکوومەت پڕۆژە دەکات و نە دەهێڵێت خەڵک لەسەر موڵکی خۆی پڕۆژە بکات.» ئەو دووپاتی دەکاتەوە کە ڕێگای فشار و دانوستان هێشتا ڕێگای زیندوون، چونکە "ماف دەسەندرێت و نادرێت".
میدیا وەک پێویست ڕۆڵی نەبووە لە گەیاندنی کێشەی لاوان
له گۆشەیەکی ترەوە، بێستون شارەستێنی، ڕۆژنامەنووس، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە دەستکەوتنی زانیاریی دروست لە فەرمانگە حکوومییەکان و کەرتی تایبەت زۆر قورسە.
شارەستێنی دان بەوەدا دەنێت کە میدیا وەک پێویست ڕۆڵی نەبووە لە گەیاندنی کێشەی لاوان. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە لە کەرتی تایبەتدا، خزمخزمێنە لە پێشە و بەهۆی دابەشبوونی زۆنی سلێمانی بەسەر حزبی جیاوازدا، هەر لایەنە و لە هەوڵی جێگیرکردنی لایەنگرانی خۆیدایە.
سەبارەت بە ژنانیش، ئەم ڕۆژنامەنووسە پێی وایە دابونەریتی کۆن و ترسی خێزانەکان لە لۆمەی شەقام، بووەتە ڕێگر لەبەردەم کارکردنی کچان. هاوکات لۆمەی ئەو گەنجانەش دەکات کە خوێندنیان تەواو نەکردووە، چونکە بازاڕی ئێستا زیاتر داوای بڕوانامە و پسپۆڕی دەکات.
پاشەکشەی دەنگی مەدەنی و نائومێدیی گەنجان
سەرهەد حەسەن ، چالاکوانی مەدەنی لە دوکان، دۆخی ئێستای گەنجان بە "غەدرێکی گەورە" وەسف دەکات. ئەو دەڵێت بەهۆی نەبوون و نەڕەخسانی ژینگەیەکی دروست بۆ گەنجان، تەنانەت نەیانتوانیوە یاداشتەکانیان بگەیەننە دەستی قائیمقام و تەنها لە سۆشیاڵ میدیا دەنگیان هەبووە. بە گوتەی سەرهەد، لە ناوەندی قەزای دوکاندا هیچ ڕێکخراوێک نییە کە گەنجان هانای بۆ بەرن، ئەمەش وایکردووە نائومێدی باڵ بکێشێت و پەنا بۆ کۆچکردن بەرن: «لە ئێستادا گەنجان بەهۆی هێز و دەسەڵاتەوە کە بڵاوەیان پێدەکات، ناتوانن بە ئازادانە لەسەر شەقام داوای مافەکانیان بکەن.»
هاووڵاتی و کاسبکارانی دوکان؛ لەنێوان هیوا و نائومێدیدا
دەنگی ڕاستەقینەی ناو بازاڕ لە زمانی بەرزان حوسێن، هاووڵاتی و کاسبکاری دوکانەوە دەبیسترێت. بەرزان دەڵێت: «گەنجانی ئەم شارە بەگشتی دەروونڕوخاون و بینینیان لەسەر شەقامەکان بە بێکاری زۆر خەمناکە.» ئەم کاسبکارە ڕوونی دەکاتەوە کە کێشەی سەرەکی دوکان ئەوەیە کە ناوچەیەکی گەشتیاریی وەرزی و کاتییە (تەنها لە کۆتایی مانگی سێ تا مانگی دە، ئەویش تەنها ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی). ئەو دەڵێت حکومەت هیچ پڕۆژەیەکی گەورەی نەکردووە و ئەوەی هەیە تەنها کەپری خەڵکەکەیە.
بەرزان دەڵێت: «تەنها داواکاریم ئەوەیە ڕێگری نەکەن و ڕێگە بدەن ئەو پڕۆژە گەورەیەی کە ساڵی ٢٠١٢ بەڕێز فاروقی مەلا مستەفا نیازی وابوو لە دوکان بیکات، جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەوە تەنها هیوایە کە گەنجان لە بێکاری ڕزگار دەکات.»
دەرئەنجام و قسەیەکی پێویست
لەم ڕاپۆرتەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە قەزای دوکان بە جوانیی سروشت و دەریاچە گەشتیارییەکەی و بەهۆی نەبوونی پلانێکی زانستیی حکوومەت نەبووەتە مایەی بوژاندنەوەی ژیانی تاکی دوکانی. دەرئەنجامەکان پێمان دەڵێن:
پەکخستنی کەرتی تایبەت و پڕۆژە مەزنەکان: ڕێگریی ئیداری لە پڕۆژە گەورەکان دەرفەتی ڕزگاربوونی لە سەدان گەنج زەوت کردووە.
وەرزیبوونی ئابووریی ناوچەکە: پشتبەستن تەنها بە گەشتیاریی کاتی (پێنجشەممە و هەینی) ناتوانێت ئابوورییەکی جێگیر بۆ گەنجان دابین بکات.
مەترسیی تەقینەوەی کۆمەڵایەتی: بەردەوامیی ئەم فەرامۆشکارییە و پاشەکشەی مەدەنی، نائومێدییەکی وای دروستکردووە کە یان بەرەو کۆچکردن یان بەرەو ناڕەزایەتیی توند هەنگاو دەنێت.
تاکە دەرچە ئەوەیە کە حکومەت دەست لە قۆرخکاریی زەوی و مڵک هەڵگرێت، کارئاسانی بکات و ناوچەکە لە گەشتیاریی کاتییەوە بگۆڕێت بۆ دەڤەرێکی پیشەسازی-گەشتیاریی بەردەوام.
