
ژووری هەواڵ
دۆخی مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی یاسا ناسان و هاووڵاتیان بووەتەوە.
لەکاتێکدا دەسەڵاتداران بە تۆمەتی جۆراوجۆر و بەکارهێنانی ماددە یاساییەکان، بەردەوامن لە دەستگیرکردنی سەرۆک حزب و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مەدەنی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، هاوکات دیمەنێکی پێچەوانە دەبینرێت.
جێگەی سەرنجە کە تۆمەتبارانی تاوانەکانی ئەنفال و جینۆساید نەک هەر ڕووبەڕووی یاسا نابنەوە، بەڵکو لە پێگەی دەسەڵات و پلە و پایەی حکومیدا خاوەن بڕیارن. ئەم دۆخە بووەتە هۆی دروستبوونی هەستێکی گشتی بە نادادپەروەری، بەتایبەت کاتێک گەندەڵییەکی بەربڵاو بە جەستەی کەرتی گشتیدا تەنیوە و تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی باڵا لەسەر دۆسیەی گەندەڵی بە شێوەیەکی شەفاف دادگایی و سزا نەدراوە.
ئەم جیاکارییە لە جێبەجێکردنی یاسا و بەکارهێنانی دادگا بۆ ململانێ سیاسییەکان، متمانەی هاووڵاتیانی بە دامەزراوەکانی هەرێم لاواز کردووە و داواکارییەکان بۆ چاکسازیی ڕیشەیی و سەروەریی ڕاستەقینەی یاسا بەبێ جیاوازی، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.
