
کۆنگرەی ١٤هەمینی یەکێتی گشتی قوتابیانی کوردستان لەشاری هەولێر رۆژی هەینی ٢٨/٨/٢٠٢٦ بە بەشداری ٦٥ ئەندام لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک و دیالى و صلاح الدین ، و میوانانی یەکێتی گشتی قوتابیانی عێڕاق دەستی بەکارەکانی کرد.
دوای پێکەش کردنی ووتاری یەکێتی گشتی قوتابیان کوردستان وعێراق ، راپۆرتی متمانە خرایە ڕوو و بە کۆی دەنگ دەنگی لەسەر درا ، پاشان دەستەی سەرۆکایەتی رێکاری بەڕیوەچوونی کارەکان و بەرنامەی کۆنگرەی خستە روو و دەنگی لەسەر درا و دەست کرا بە کارەکان .
لە تەوەری یەکەم ڕاپۆرتی گشتی بارودۆخی خوێندن و پەروەردە لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان خرایە ڕوو و دوای گفتوگۆی بەشداربووان هەمووان کۆک بوون کە گرنگترین ئاریشەی بەردەم پرۆسەی پەروەردە و خوێندن لە عێراق و هەرێمی کوردستان خۆی دەبینێتەوە لە :
١. کەمبوونی بودجەی تەرخانکراو بۆ کەرتی پەروەردە و خوێندن ، کەمبوونی بودجە کاریگەری لەسەر (دروستکردنی خوێندنگای نوێ ، چاککردنەوەی بیناکان، دابینکردنی کەرەستەی پێویست، ڕاهێنانی مامۆستایان) .
٢. قەرەباڵغی پۆلەکان ، لە زۆرێک لە خوێندنگاکان ژمارەی قوتابیان لە هەر پۆلێکدا زۆرە، ئەمەش وای کردووە مامۆستا نەیتوانێت گرنگی پێویست بە هەر قوتابییەک بدات.
٣. سیستەمی دوو خول و سێ خول ، هەندێک خوێندنگا بەهۆی کەمی بینا بە سیستەمی دوو خول یان سێ خول کار دەکەن، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر کوالێتی فێرکردن هەیە.
٤. کەمبوونی ژێرخانەکان ، هەندێک خوێندنگا کێشەی ( تاقیگە ، کتێبخانە، هۆڵی وەرزش ، ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا .....) هەیە.
٥. دوورکەوتنەوەی ناوچە گوندییەکان لە هەندێک ناوچەی دور نشین و گوندەکان دەستگەیشتن بە خوێندنی کوالێتی هێشتا سنووردارە.
٦. هەڵوێستی بازاڕی کار ، هەندێک لە پڕۆگرامەکانی خوێندن هاوتا و گونجاو نین لەگەڵ پێداویستی بازاڕی کار.
٧- کەمی مامۆستای شارەزا ، مامۆستا ستوونی سەرەکی پرۆسەی پەروەردەیە. سەرکەوتنی هەر سیستەمێکی پەروەردە بە ئاستی ئامادەیی و شارەزایی مامۆستاکان پەیوەستە ، بەرمەبنایی کۆمەڵە هۆکارێک وەکو کەمی ( ڕاهێنانی بەردەوام ، خراپی دۆخی دارایی ، کەمی پشتیوانی دەروونی و پیشەیی ،دەرفەتی گەشەی پیشەیی ، حزبایەتی تەسک ) نەتواندراوە لە ئاستی ستاندارتی نێودەولەتی بین .
٨- خوێندنی دیجیتاڵ : بەکارهێنانی تەختەی زیرەک و وانەی ئۆنلاین و پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی و کتێبی دیجیتاڵ ، ڕووبەڕووی کێشەی خێرایی ئینتەرنێت و نەبوونی ئامێر دەبنەوە .
٩- خوێندنی باڵا و زانکۆکان : بەشێکە لە پەرەپێدانی نوێکاری و داهێنان، بەڵام هێشتا کێشەی وەک ( کەمی توێژینەوە و کاریگەری لەسەر کۆمەلگا هەیە) .
لە تەوەری دووەم راپۆرتی کارو چالاکی رێکخراو لە نێوان دوو کۆنگرە خرایەڕوو و گفتوگۆی لەسەر کرا و دەنگی لەسەر درا .
لە تەوەری سێیەم گفتوگۆ لەسەر بەرنامەو پەیڕەوی یەکێتی گشتی قوتابیانی کوردستان کرا و کۆمەڵیک پێشنیاری بۆ کۆڕانکاری لە پەیڕەوی ناوخۆی رێکخراو کرا و دەنگی لەسەردرا .
دواتر و دوای پشووی نێوەڕۆ ناوی کاندیدەکان بۆ ئەنجومەنی کارگێری خرایە ڕوو و خۆیان ناسندن و پرۆسەی دەنگدان دەستی پێکرد ، و لە ئەنجامدا ٧ ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری هەلبژێردران بە دەنگی (٥٠ ١) ئەندامان .
پاشان لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەند بە ئامادەبوونی بەرپرسی ئەنجومەنی شارەکان سکتێر و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێری هەلبژێردران .
بە گرتنی وێنەیەکی بە کۆمەڵ کارەکانی کۆنگرە بە کۆتایی هات .
کۆنگرەی ١٤ هەمنی
یەکێتی گشتی قوتابیانی کوردستان
٢٨ ئابی ٢٠٢٦
