
نووسینگەی سۆران - سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، داوای داشکانی تایبەتی کرد بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران و کەسوکاری شەهیدان. ئەو داواکارییەی نووسینگەی سۆران لە پەیمانگای داهاتووی ناحوکمی لە پێناو ڕەخساندنی هەلی خوێندنە بۆ ئارەزومەندانی بواری ڕاگەیاندن.
ئیسماعیل ئیبراهیم سکرتێری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان- نووسینگەی سۆران، هەریەک لە (ئاکۆ حەمەد ڕابی و هەژار ئیبراهیم) ستافی نووسینگە لەگەڵ سەرپەرشتیاری پەیمانگای داهاتووی ناحوکمی سۆران کۆبونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە چەند ڕۆژنامەنووس و میدیاکارێک ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی کردنەوەی بەشی ڕاگەیاندن کرا لە پەیمانگای داهاتووی ناحوکمی سۆران.
سکرتێرو ستافی سەندیکا لەچوارچێوەی خزمەتکردن بە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی پشتگیری خۆیان بۆ هەر هەنگاوێکی ئەکادیمی و زانستی و پیشەی ڕاگەیاند. هاوکات داوایان کرد کە کرێی خوێندن بۆ ڕۆژنامەنووسان و ئەندامانی سەندیکاو کەسوکاری شەهیدان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە بە جۆرێک کە بگونجێت و هاوتەریب بێت لەگەڵ بژێوی ژیانی ڕۆژنامەنووسان و ئارەزوومەندانی بواری ڕاگەیاندن.
سەرپەرشتیاری پەیمانگاکە داواکەی قبوڵ کردو هاوکات جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە خوێندنەکە بۆ هەردوو چینی ئاماژەپێدراو بێ پێشەکی و بە قیستی شەش جار دەبێت.
وابڕیارە ئەمساڵ بەشی ڕاگەیاندن لە پەیمانگای داهاتووی ناحوکمی سۆران بکرێتەوە بۆ ئەوانەی دەرچووی پۆلی ٩ ی بنەڕەتین بەبێ ڕەچاوکردنی تەمەن. خوێندنەکە ماوەی سێ ساڵ دەبێت و دەرچوانی بەشەکە دەبنە هەڵگری بڕوانامەی پیشەیی و دەتوانن بەهەمان بڕوانامە لە زانکۆ درێژە بەخوێندنی بەکالۆریۆس بدەن.
