
ڕۆژی سێشەممە، ٧ی تەممووزی ٢٠٢٦، شاندێکی حیزبی شیوعیی کوردستان بە سەرۆکایەتی «ئەبووکاروان»، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و «هیوا عومەر»، جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی، سەردانی سنووری سۆرانیان کرد و لە مەڵبەندی سۆرانی حیزب، لەگەڵ ژمارەیەک لە کادیر و ئەندامانی حیزب کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ڕێکخرابوو، هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی گشتی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم هەرێم کرا. ئەبووکاروان تیشکی خستە سەر ڕەوشی ناوخۆی حیزب و بەستنەوەی بە دۆخی ئابووری و بژێوی خەڵکەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە حیزب کاری ڕژد دەکات و هەڵوێست و بەرنامەی ڕوونەی هەیە، حیزب پڕۆژەی بۆ گۆڕانکارییەکان و دەرچوون لە چەقبەستوویی سیاسی هەرێم هەیە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هیوا عومەر، جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی، دیدگای حیزبی بۆ پڕۆژە و ڕێگەچاری نیشتمانی خستەڕوو کە وەک ئەلتەرناتیڤی گونجاو بۆ تێپەڕاندنی تەنگەژەکان پێشکەش کراوە، بە ڕوونی ڕێگاچارەکەی شیکردەوە و تێگەیشتنی حیزبی بۆ ئەم قۆناغە و دەستپێشخەرییە بۆ ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە خستەڕوو.
هاوکات کۆبوونەوەکە بە پرسیار و سەرنجی بەشداران دەوڵەمەندتر کرا.
لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ قەزای سۆران، شاندی باڵای حیزب سەردانی «کتێبخانەی عەلیی مەکتەبە»-یان کرد. بڕیارە لە چوارچێوەی بەرنامەی سەردانەکەشیاندا، شاندەکە زنجیرەیەک بەسەرکردنەوەی مەیدانی بۆ هاوڕێیان و کادیرانی حیزب لە سنووری قەزاکە ئەنجام بدەن، بە ئامانجی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی ژیان و کارکردنیان.





