
ئا: ئەوین حەكیم پوور
هەڤاڵ مەعروف، شارەزای ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كار (ILO)، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ كەناڵی ئازادی، نوێترین ئامارەكانی بێكاری و نایەكسانی جێندەری لە بازاڕی كاری هەرێمی كوردستان و عێراقی ئاشكرا كرد. ناوبراو ڕایگەیاند كە بەپێی داتاكانی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كار، ڕێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ١٤.٥٪، لە كاتێكدا ئەم ڕێژەیە لەسەر ئاستی عێراق ١٦.٥٪ـە.
لە درێژەی لێدوانەكەیدا، ئەو شارەزایە تیشكی خستە سەر نایەكسانییەكی گەورەی ڕەگەزی لە ژینگەی كاردا و وتی: "نایەكسانی جێندەری لە هەرێمی كوردستان زۆر باوە، ئەمەش وایكردووە هەلی كاری زیاتر بۆ پیاوان بێت، بە شێوەیەك ٨٠٪ی بازاڕی كار لە دەستی پیاواندایە و ڕێژەی ژنانیش كەمتر لە ٢٠٪ـە."
سەبارەت بە سیاسەتی نیشتمانی بەكارخستن لەنێوان حكومەتی هەرێم و ڕێكخراوەكەیاندا، هەڤاڵ مەعروف ئاماژەی بەوە كرد كە ئامانجی ئەم سیاسەتە پشتیوانیكردنی چینی لاواز و پەڕاوێزخراوەكانە، بەتایبەت ئاوارەكان و پەنابەران، تاوەكو بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بێنە نێو بازاڕی كارەوە و هەلی كاریان بۆ بڕەخسێت.
هەروەها ئاستەنگە سەرەكییەكانی بەردەم ئەم سیاسەتەی ڕوون كردەوە و باسی لەوە كرد كە یەكێك لە كێشە گەورەكان بەرفراوانی "كەرتی ناڕێكخراوە" لە هەرێمی كوردستان. بۆ چارەسەری ئەمەش جەختی كردەوە كە دەبێت ئەو كەرتانە بێنە ژێر چەتری سیستەمی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و كەرتی تایبەتیش بكرێتە كەرتی سەرەكی بۆ دابینكردنی هەلی كار.
لە كۆتایی قسەكانیدا، ئەو پسپۆڕەی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كار باسی لە پابەندییە یاساییەكان كرد و وتی: "لە كۆی ٧٢ ڕێكەوتننامەی نێودەوڵەتی كار، ٥٦ ڕێكەوتننامە لە عێراق جێبەجێ كراوە، هەرێمی كوردستانیش پابەندە بەو ڕێكەوتننامانەی كە لە سیاسەتی بەكارخستندا ڕەچاومان كردوون."
