کامەران حاجی ئەلیاس


لە شاری هەولێر، لە ڕۆژانی 7 و 8ی ئەیلولی 2026، لە هۆڵی سەفوەت جەراحی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر - هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی هەولێر بە سپۆنسەریی تۆڕی میدیایی کوردستان، سیمینارێکی شانۆیی بۆ شانۆکارانی شاری هەولێر ڕێکخست. سیمینارەکە لەژێر ناوی (هەوڵدان بۆ بوژاندنەوەی بزووتنەوەی شانۆ لە هەولێر) بوو. لە ماوەی هەردوو ڕۆژەکەدا هونەرمەندان (م. سەباح عەبدولڕەحمان، د. ژیلوان تاهیر، م. کرمانج مستەفا، م. محەمەد جەمیل) لەگەڵ شانۆکارانی ئامادەبوو، گەنگەشەیان لەسەر ڕەوتی شانۆ لە هەولێر کرد و چەندین ڕاو بۆچوون خرانە ڕوو. هەر لە میانی سیمینارەکەدا، سیراوان عوسمان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر - هەولێرەوە، وەرزە پاییزەی شانۆی هەولێری ڕاگەیاند کە نمایشکردنی چەند شانۆگەرییەک لە خۆ دەگرێت:
•    لە 23ی 9ی 2026، شانۆگەریی (ڕووناکییەک خۆری ئاوا کرد) لە نووسین و دەرهێنانی جوتیار ڕەفعەت.
•    لە 26ی 9ی 2026، شانۆیی (دڵسۆزی لە پەراوێزدا) لە نووسینی نووح شاخەوان و دەرهێنانی شێرکۆ نەژاد.
•    لە 17ی 10ی 2026، شانۆیی (لەچک) لە دراماتۆرجی و دەرهێنانی مەولان حەمەدەمین نمایش کران.
نیاز وایە هەر لەم وەرزەدا چەندین شانۆگەریی تر نمایش بکرێن، هیوادارین ئەم هەنگاوە فاکتەرێک بێت بۆ بوژاندنەوەی شانۆ لە هەولێر.
چەمکی شانۆگەریی (لەچک)
شەڕ هەمیشە وێرانکاری بەدوای خۆیدا بەجێ دەهێڵێت و کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگا دەبێت، بەتایبەتی ئافرەت وەکو دایک و وەکو خوشک زیاتر رووبەڕووی ناسۆرییەکان دەبنەوە. ئەمەش زیاتر لە شەڕی برایکوژیدا ڕەنگ دەداتەوە. بەداخەوە چەندین کاری قێزەوون، دوور لە بەها مرۆڤایەتییەکان لە کاتی شەڕدا روودەدەن، وەکو جەرگسووتان، هەتککردن و دەستدرێژیکردنە سەر نامووسی یەکتری.. ئەمە چەمک و ناوەڕۆکی شانۆگەریی (لەچک) بوو.
تێکستی شانۆگەرییەکە لە دەقی چەند نووسەرێک ئامادە کرابوو کە دەرهێنەر دراماتۆرجیی بۆ کردبوو؛ لەوانە نووسەر ئەمین مەعلووف لە شانۆیی (ئاریانە دایک) و عەبدوڵا پەشێو لە دەقی شیعریی (براکوژی)دا، لەگەڵ چەند پەیڤێکی خودی دەرهێنەر مەولان حەمەدئەمین.
لەچک.. بۆچی لەچک؟
ناونیشان بۆ هەموو کارێکی هونەری و ئەدەبی گرنگە؛ چونکە دەبێتە هۆی سەرنجڕاکێشانی بینەر و وەرگر. زۆر جاریش وابووە ناونیشان گوزارشت لە ناوەڕۆکی بابەتەکە بووە، هەندێک جاریش بەپێچەوانە، ناونیشانەکە تەنها بۆ سەرنجڕاکێشانی بینەر بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە ناوەڕۆکی بابەتەکەوە نەبووە.
لەچک چەندین مانا و مەدلوولی خۆی هەیە؛ لە نێو کۆمەڵگەی ئێمە و کۆمەڵگەی ئیسلامیدا، لەچک بەهای تایبەتی خۆی هەیە و هەمیشە وەکو هێمایەک بۆ ئافرەت سەیر کراوە بۆ ئەوەی وابەستە بێت بە کلتوور و دابونەریتی ئایینی و کۆمەڵایەتیی خۆی. بۆیە لەچک ئەو خوێندنەوەیەی بۆ کراوە و وەکو ئەرکێکی ئایینی سەیر کراوە.. هەندێک جاریش وەکو ساتیلی هاوچەرچ (ساڵیلی/ستایلی هاوچەرخ) و وەکو مۆدێل و شیکپۆشی بەکار هاتووە.. لەچک لەم شانۆگەرییەدا مانای تایبەتی خۆی هەبووە و وەکو بەهای شەرەف و نامووس سەیر کراوە. دەرهێنەر لە سۆنگەی ئەم ڕاوانگەیەوە بونیادی بۆ شانۆگەرییەکەی کردبوو.
من هەمیشە وتوومە ئاوێتەکردنی چەند تێکستێک بۆ بونیادنانی دەقی شانۆیی کارێکی ئاسایی نییە، هەرچەندە ئەگەر ڕووداوی تێکستەکانیش لەیەک نزیک بن. لەلایەکی تریشەوە لەوانەیە خودی نووسەرەکە ئەم حاڵەتەی لەلا باش نەبێت، لەوانەشە پێی ناخۆش بێت.. دراماتۆرجیی (لەچک) لەلایەن خودی دەرهێنەر (مەولان حەمەدەمین) بۆ نمایشەکە کرابوو، تا ڕادەیەک سەکەوتوو بوو، هەرچەندە تێکستی سەرەکیی شانۆگەرییەکە لە دەقی (ئاریانە دایک)ی ئەمین مەعلووف وەرگیرابوو.
نواندن
نواندن هەمیشە ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە سەرکەوتنی هەر نمایشێک و هاوکێشەیەکی هاوتەریبە لە پرۆسەی دەرهێناندا. هونەرمەند (زیاد کەریم) لە ڕۆڵی (شێرکۆ)، ئەو نواندنەی لە سێ حاڵەتی جیاجیا لە یەک كاتدا بەرجەستە دەکرد: (شێرکۆی هەتککەر و تەحەروشکەر، شێرکۆی سەرخۆش، شێرکۆی نابینا). بێگومان نواندن لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکی تر، یاخود لە یەک کاتدا بۆ سێ نواندنی جیاواز، پێویستی بە توانست و وزەی زۆری ئەکتەر هەیە، چ لە ڕووی دەنگ و چ لە ڕووی جووڵە و ئاماژەکانەوە.. زیاد کەریم بەهۆی ئەوەی خاوەن ئەزموونێکی باشی نواندنە، توانی سەرکەوتووانە ڕۆڵەکەی بەرجەستە بکات.
خاتوو شادی عوسمان لە ڕۆڵی (ئاریانە) دایکی وەکو خاک و نیشتمان؛ وەکو زانراوە، خاڵی سەرەکیی نواندن لە هەر ئەکتەرێکدا دەنگە کە پشکی شێری بەردەکەوێت. شادیخان لە ڕووی دەنگ، هەست، سۆز و گوزارشتەکانەوە سەرکەوتوو بوو لە گەیاندنی ڕۆڵەکەیدا و زۆر بە وردی کاری لەسەر کردبوو؛ کاردانەوەی لەگەڵ حاڵەتەکان و دیالۆگەکانی بەرامبەر بە زۆر بە ڕوونی هەستی پێ دەسرا (پێ دەکرا). لە هەمان کاتدا شوێنپەنجەی دەرهێنەر لەسەر نواندنەکەی دیار بوو، بۆیە دەستخۆشیی لێ دەکەم.
ئەحمەد دلێر لە ڕۆڵی (هەندرێن)، ئەگەرچی لەچاو هەردوو ئەکتەرەکەی تر بەركەوتەی لەگەڵ هەردووکیاندا هەبوو وەکو کوڕی دایک و باوک، لە ڕێگەی نواندنەکەیەوە بەدوای ڕاستی و رەسەنیی خۆیدا دەگەڕا، بۆیە دەبوایە چەندین حاڵەتی جۆراجۆری نواندنی بەرجەستە کردبا کە ئەمەش ئەرکێکی قورس بوو و دەبوایە زیاتر ئامادەباشی بۆ کاردانەوەی حاڵەتەکان و ڕووداوەکان هەبوایە. بە بۆچونی خۆم، لە زۆربەیاندا سەرکەوتوو بوو و لە هەندێکیشیاندا وەک پێویست نەبوو. ڕاستە نواندنی سەرجەم ئەکتەرەکان نواندنێکی ڕیالیزمی بوو، بەڵام هەستم کرد کاک ئەحمەد لە ڕووی دەنگ و دەموودوو (دەموچاو)ەوە هەندێک زیادەڕۆیی لە دیالۆگەکانیدا دەکرد.
دەرهێنان
هۆنەرمەند مەولان حەمەدەمین وەکو دەرهێنەری شانۆگەرییەکە، بۆ نمایشەکەی زیاتر لەسەر قوتابخانەی ڕیالیزمی کاری کردبوو. لە دابەشکردنی تەختەی شانۆ و تەوزیفکردنی شوێن بەجۆرێک کە جووڵەی ئەکتەرەکان لەگەڵ دیمەنەکاندا استاتیکای (جوانیی) بە نمایشەکە بەخشيبوو. ماوەی نمایشەکە 60 خولەک بوو، ڕیتمی شانۆگەرییەکە وای لە بینەران کردبوو کە تووشی وەڕسبوون نەبن، تا ئەو ڕادەیەی لەگەڵ ڕووداوەکان ئاوێتە ببوون و هۆڵەکەیان کپ و بێدەنگ کردبوو.. دەرهێنەر کۆتایی شانۆگەرییەکەی بە هەمان دیمەنی پێشەکیی شانۆگەرییەکە هێنایەدی، کە چارەسەرێکی باشی درامی بۆ شانۆگەرییەکە کردبوو و گوزارشت بوو لە بەردەوامیی ناسۆری و دەرهاوێشتەکانی شەڕ کە تا چەند کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا هەیە.
نابێ ڕۆڵی دیکۆر، ڕووناکیی، مۆسیقا، گۆرانییەکان، ئێکسسوار و مکیاژ لەم نمایشەدا بەهەند وەرنەگرێن؛ هەریەکەیان کاریگەریی خۆیان لە نمایشەکەدا هەبوو.. بۆ نموونە بەکارهێنانی دەرگا وەکو دەرگای ماڵ و لە هەمان کاتدا وەکو کۆڵان. لە کاتی دیالۆگەکاندا هەریەکەو ڕەنگی ڕووناکیی تایبەت بەخۆی بەکار دەهات کە گوزارشتی لە حاڵەتەکان دەکرد. بەکارهێنانی مۆسیقای زیندوو (کەمان و عوود) زیاتر کاریگەریی لەسەر نمایشەکە هەبوو.
ستافی شانۆگەریی (لەچک)
•    دەرهێنەر و دراماتۆرج: مەولان حەمەدەمین
•    شادی عوسمان لە ڕۆڵی (ئاریانە)
•    ئەحمەد دلێر لە ڕۆڵی (هەندرێن)
•    زیاد کەریم لە ڕۆڵی (شێرکۆ)
•    ڤیانا حسێنی (بەڕێوەبەری شانۆ)
•    هەڵۆخان سەلاح (نەخشەسازی، رێکلآم و میدیا)
•    عەلی ئەڵوەنی (دیکۆر)
•    هێمن محەمەد (مۆسیقا)
•    ئارام سەردار (مۆسیقا)
•    محەمەد ڕەشید (ڕووناکیی و جێبەجێکردن)
تیمی کارگێڕی:
•    سیراوان عوسمان (سەرپەرشتیاری بەرهەم)
•    شاخەوان مستەفا (لیژنەی بەرهەمهێنان)
•    مەهدی حەسەن (لیژنەی بەرهەمهێنان)
•    هیوا عوسمان (تیمی تەکنیکیی هۆڵ)
•    ڕەشید تاریق (تیمی تەکنیکیی هۆڵ)
•    نێزار سلێمان (تیمی تەکنیکیی هۆڵ)
دووبارە دەستخۆشی لە ستافی شانۆگەرییەکە دەکەم و هیوای کاری باشتریان بۆ دەخوازم.

 

No description available.

 

powered by social2s


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا