
خوێندنەوە بە پی دی ئێف
سەلما تۆما کاکۆ
ـــــــــــــــــــــــــ
«پریشک»ی کریستن بارنێت: لە ئەزموونی دایکێکەوە بۆ گوتاری پەروەردە
هەندێک کتێب چیرۆکی ژیانی کەسێک دەگێڕنەوە، بەڵام «پریشک»ی کریستن بارنێت دەبێتە مایەی دروستبوونی پرسیارێک لەبەرانبەر ئەو بیر و تێڕوانینەی کە منداڵی ئۆتیستیک بە کەموکوڕییەکانیەوە دەپێورێت.
نووسەر لە ئەزموونی ژیان لەگەڵ کوڕەکەی کە لە تەمەنی دوو ساڵیدا،دەرکەوت ئۆتیزمە و لە نۆ ساڵیدا لە زانکۆ وەرگیرا، ئەو بیرۆکەیە دەخاتە ڕوو کە هەر منداڵێک پریشکێکی تایبەتی لە ناخیدایە و ئەرکی دایک و باوک و مامۆستایە بیدۆزنەوە.
دەکرێ بڵێین «پریشک» لە کتێبە بەنرخەکانی بواری پەروەردەی تایبەتە لە کتێبخانەی کوردیدا، چونکە ئەزموونێکی ڕاستەقینە و ئومێدبەخش دەگوازێتەوە، خوێندنەوەی کتێبەکە بۆ دایک و باوک و مامۆستایان پێشنیار دەکرێت، بە مەبەستی لێفێربوون و سوود وەرگرتن.
١- ناسنامەی کتێبەکە:
ناونیشان: پریشک؛ چیرۆکی دایکێک لەگەڵ منداڵێکی هەڵگری ئۆتیزمدا
نووسەر:کریستن بارنێت
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: داستان شەریف
پێداچوونەوەی زانستی: بنار ڕەمزی
پێشەکی: سەردار نۆڕێ
چاپ: دەزگای فام، چاپی یەکەم، ٢٠٢٦
بابەت: پەروەردەیی
قەبارە: ٤٩١ لاپەڕە
٢- ناوەڕۆک:
"پریشک" بیرەوەرییەکی کەسییە، نەک ڕۆمان. کریستین چیرۆکی کوڕەکەی، جەیک، دەگێڕێتەوە کە لە تەمەنی دوو ساڵیدا نیشانەکانی ئۆتیزمی لێ بەدەرکەوتن، وەک وردبوونەوە لە سێبەری شتەکان، خولانەوە بە دەوری خۆیدا، و گوێنەگرتن. پزیشکەکان پێیان وابوو توانای ژیانی ئاسایی کەمە. دایکەکە لەجیاتی ئەوەی تەنیا کار لەسەر ئەو کەموکوڕییانە بکات، سەرنجی لەو شتانە دا کە جەیک خۆشی دەویستن: شێوە و ڕەنگ و ئەستێرە و ژمارە. لەسەر ئەو بنەمایە فێرکردنەکەی بنیات نا.
هەمان ڕێگەی بۆ ئەو منداڵە ئۆتیستیکانەش گرتە بەر کە لە دایەنگە ماڵەکییەکەیدا وەریدەگرتن، و دایەنگەکە بوو بە پەناگەیەک بۆ چەندین خێزان. لە ئەنجامدا جەیک لە هەشت ساڵیدا دەستی بە خولی ئاستی کۆلێژ کرد لە بیرکاری و ئەستێرەناسی و فیزیا، لە نۆ ساڵیدا لە زانکۆ وەرگیرا، و لە دوازدە ساڵیدا لە زانکۆ بوو بە لێکۆڵەر لە بواری فیزیادا.
بۆ ئاسانکاری تێگەیشتن لە کتێبەکە، نووسەر ئەزموونی خۆی بەسەر چەندین بەشدا دابەشکردووە،وەک چۆن لە ناوەڕۆکی کتێبەکەدا دیارە.
٣- ئامانجی نووسەر:
مەبەستی کریستین لە گێڕانەوەی ژیانی جەیک پێشکەشکردنی «نموونە» و «ئاماژە»یە، نەک ستایشکردنی کوڕەکەی. خۆی لە پاشکۆدا دەڵێت کتێبەکەی وەک ئاماژەیەک نووسیوە، و ڕوونی دەکاتەوە کە مەبەستی ئەوە نییە هەموو منداڵێکی ئۆتیستیک بلیمەتە. بۆ ئەو، «پریشک» ئەو حەز و خولیایەیە کە ئەگەر بدۆزرێتەوە و بەدوایدا بڕۆین، دەبێتە ڕێنیشاندەر بۆ ڕێگەیەکی فراوانتر لەوەی دایک و باوک پێشبینییان دەکرد.
ئەم ڕوانگەیە لە خودی دەقی کتێبەکەدا ڕوونە. لە لاپەڕە ٣٢دا کریستین دەنووسێت کە نەیویستووە کاتی خۆی بە قایلکردنی مامۆستاکانی قوتابخانە بە فیرۆ بدات، و لەجیاتی چاوەڕوانیی پسپۆڕان دەڵێت: «من ڕاستەوخۆ پەرە بە تواناکانی (جەیک) دەدەم و هەر شتێکی پێویست بێت بۆی دەکەم هەتا یارمەتیی بدەم بۆ ئەوەی بگاتە هەموو تواناکانی کە لەوانەیە هەیبن». لە پاشکۆدا ئەم ئەزموونە گشتیتر دەکات: «مەبەستیشم ئەوە نییە کە هەرچی منداڵی ئۆتیستیکە بلیمەتە، ئەمە بۆ هەموو منداڵێکی ئاساییش وا نییە، بەڵام ئەگەر تۆ توانیت پریشکی ئیلهامی ناخی منداڵەکەت بدۆزیتەوە، ئەمە دەبێتە ڕێنیشاندەرێک بۆ ڕێگای فراوان و کاری لەوە گەورەتر کە تۆ پێشبینی دەکەیت» (ل. ٤٨٨). ئەم دوو دەقە نیشان دەدەن کە چیرۆکەکە لە ئەزموونێکی تاکەکەسییەوە دەست پێدەکات و بەرەو ئامانجێکی گشتیی پەروەردەیی دەچێت. هەروەها
چەند ئامانجێکی دیکەش هەن لەوانە:
هیوا بۆ دایکان: پێشکەشکردنەکە هیوایەک دەگەیەنێت کە «پریشک» ببێتە هیوایەک لە تاریکاییی ژیانی دایکانی ئۆتیستیکدا.
گۆڕینی ڕوانگە: منداڵ دەبێت بەپێی ئەوەی دەتوانێت بیکات هەڵبسەنگێنرێت، نەک ئەوەی نایکات. مامۆستاکانی جەیک پێشتر پێیان وابوو هەرگیز فێری خوێندنەوە نابێت.
فێرکردن بەپێی حەز: ڕێگەی فێرکردن لەگەڵ خولیای منداڵەکەدا بڕوات، نەک بە پێچەوانەی.
زوو هەوڵدان: وەک سەردار نۆڕێ لە پێشەکییەکەدا دەڵێت، باشترین کاتی هەوڵدان لەگەڵ منداڵی ئۆتیستیک پێش تەمەنی پێنج ساڵییە.
٤- خاڵە سەرنجڕاکێشەکان:
ناوی کتێبەکە: «پریشک» هێمایەکی بەهێزە، چونکە بۆ هەر منداڵێکی ئۆتیزم ڕووناکییەکی بچووک دەکات بە سەرەتای ڕێگەیەک کە ئەگەری زۆرە سەرکەوتن بەدەست بێنێ.
دایک لەبەرانبەر پسپۆڕ: دایکەکە بڕیارەکانی لەسەر چاودێری ڕۆژانەی منداڵەکەی دەدات، نەک تەنیا لەسەر پێشبینیی پزیشکان. ئەمە پرسیارێکی شایانی لێکۆڵینەوەیە دەربارەی پەیوەندیی بەڵگەی پزیشکی و ئەزموونی دایک.
ڕەگی ڕێبازەکەی: بەشێک لە کتێبەکە نیشان دەدات ڕێبازی پەروەردەیی کریستین لە منداڵیی خۆیەوە سەرچاوەی گرتووە: دایک و نەنکی کاری دەستی و هونەر و کاری بچووکیان پێ دەکرد و ئازادییان دەدایێ.
گۆڕینی ڕوانگە: لە بەشێکدا دایکی نووسەر نیشانی دەدات هەڵوێستێک ڕەنگە لە یەک گۆشەنیگاوە بێهیوایی بێت، بەڵام لە گۆشەیەکی دیکەوە دیاری بێت. ئەمە ڕوانگەی گشتیی کتێبەکە کورت دەکاتەوە.
دایەنگەکە: نووسەر دایەنگەی ماڵەکیی خۆی کردە پەناگەیەک بۆ منداڵە ئۆتیستیکەکانی تر، کە نیشان دەدات هەوڵ و ڕێبازەکەی تەنیا بۆ جەیک نەبووە.
دیمەنی دڵتەزێن: کتێبەکە لەبەر ڕاستگۆییەکەی بابەتی سەخت و ناخۆشیش دەگرێتەوە، وەک مردنی کریستۆفەر، منداڵێکی ئۆتیستیک و هاوڕێی جەیک، لە ڕووداوێکی پاسی قوتابخانەدا (ل. ٣٥١).
پێشکەش کردنی وەرگێڕ:
وەرگێڕ کتێبەکەی پێشکەش کردووە بە «ڕانکۆ و هەموو ڕانکۆکانی وڵاتەکەم»، کە دەریدەخات ئامانجی لە وەرگێڕانەکە سوودگەیاندنە بە ئۆتیستیکەکانی کوردستان.
پێشەکییەکەی سەردار نۆڕێ: باوکی منداڵێکی ئۆتیستیکە، و کتێبەکە دەخاتە ناو هەوڵە کوردییەکانی بواری ئۆتیزم و گرنگییەکی زۆر و بایەخێکی ناوخۆیی پێ دەدات
٥- زمانی وەرگێڕان
ــــــــــــــــــــــــــــــــ
- زمانەکە ڕەوانە و تێگەیشتن لێی ئاسانە بۆ ئەوانەی ئاستی خوێندەوە و نووسینییان زۆر بەرزیش نییە، ئەمەش لەگەڵ ئامانجی کتێبەکە دەگونجێت کە، ئەویش خوێندنەوەیەتی لەلایەن دایک و باوکانی منداڵانی هەڵگری ئۆتیزم.
- «ڕوونکردنەوەیەک»ی سەرەتا زاراوەکانی «شەبەنگی ئۆتیزم» و «ئۆتیستیک» ڕوون دەکاتەوە و جیاوازییان لە «نەخۆشی» دەخاتە ڕوو، کە ئاگاداریی مەعریفیی وەرگێڕ و پێداچووەری زانستی نیشان دەدات.
٦- ڕەخنە و کەموکوڕییەکان:
کەیسێکی تاکە: ناوەندی چیرۆکەکە جەیکە، بنەمای کتێبەکە ئەزموونی یەک خێزانە و چیرۆکی یەک منداڵە، ناکرێت وەک بەڵگەی گشتی بۆ هەموو ئۆتیستیکەکان وەربگیرێت، هەرچەندە دایەنگەکەی کریستین منداڵی ئۆتیستیکی تریشی تێدابووە
٠ هەبوونەکانی دایک: دایکەکە دایەنگە و کات و ئیمکانیاتی هەبوو، چونکە هەموو خێزانێک ئەوانەی بۆ دەستەبەر ناکرێن،
کتێبەکە ئەگەری ئەوە دروست دەکات کە دایک و باوکان هەست بە فشار بکەن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان «بلیمەت» دەربکەون. نووسەر خۆی لە پاشکۆدا ئەم مەترسییە ڕەت دەکاتەوە، بەڵام ناوەڕۆکی چیرۆکەکە خۆی زۆرجار بەرەو ئەو ئاراستەیە دەچێت.
دووانەیی گوتار: «ڕوونکردنەوەیەک»ی سەرەتا ئۆتیزم وەک جیاوازی دەبینێت و ناڵێت نەخۆشی، بەڵام لە پێشەکییەکەدا دەربڕینی وەک «ئۆتیزمەکان دزن، منداڵەکەت دەبەن» هاتووە. ئەم دوو گوتارە لەگەڵ یەک ناگونجێن و خوێنەر دەبێت خۆی هاوسەنگییان بکات.
شێوازی گێڕانەوە: پێشەکییەکە خۆی دەڵێت کتێبەکە گفتوگۆی کەمە و لە ڕۆمان ناچێت، و خوێندنەوەی سەرەتاکەی ڕەنگە خاو بێت، ئەو ڕاستییە ئەگەری هەیە خوێنەر ساردبکاتەوە لە خوێندنەوەی.
٧- کۆتایی:
«پریشک» لە کتێبە بەنرخەکانی بواری پەروەردەی تایبەتە لە کتێبخانەی کوردیدا، چونکە ئەزموونێکی ڕاستەقینە و ئومێد بەخش دەگوازێتەوە، بۆ دایک و باوکانی منداڵی ئۆتیستیک، مامۆستایان، پەروەردەکارانی تایبەت، خوێندکارانی بواری پەروەردە و دەروونزانی دەشێت. هەروەها بۆ ئەوانەی داوای ڕێنمایی زانستیی ورد دەکەن، بەڵام پێویستە لەگەڵ سەرچاوەی پسپۆڕانە بخوێندرێتەوە، چونکە ئەمە گێڕانەوەی ئەزموونێکە نەک کتێبی ڕێنمایی.
دەستخۆشی لە خاتوونی وەرگێڕ داستان شەریف دەکەم بۆ هەڵبژاردنی ئەو کتێبە و وەرگێڕانی بۆ زمانی کوردی، چونکە تا ئێستا وەک پێویست گرنگی بەو بابەتانە نەدراوە کە لەسەر ئۆتیزم نووسراون، هەرچەندە منداڵی ئۆتیزم بۆتە گرفتێکی گەورە لەبەردەم ژیانێکی ئاسایی هەموو تاکەکانی خێزانەکەی لە هەموو ڕوویەکەوە.
