شاعیر:مەهدی سوهەیلی.. 
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شەهلا نوری
  
 

بە چی بچوێنم زوڵفی پەرێشانت؟

بە دڵی تاریکی شەو؟
بە خەرمانەیەک لە دووکەڵ؟
یا بە هەورێکی ڕەش،
کە پەرێشان بووە
بەسەر ڕووی مانگەشەودا؟

بە لاوێنەری گیان؟
بەو نەرمییەی ئاوازێکی گەرم
دەبەخشێ بە ژێ؟
یا بە بڵێسەی مۆمێک،
بلەرزێ لەبەر نەسیم؟

بە چی بچوێنم ڕازی چاوەکانت؟

بە نەوایەکی جادوویی لەژێر پەنجەیەکی گەرم؟
بە ئەستێرەیەکی گەش لە داوێنی ئاسمان؟
بە ئەڵماسێکی ڕەش، شۆراو لە جامی مەی؟
بە غەزەلە دڵنەوازەکانی حافز لە شەودا،
یا بە مەستییەکی سەرکەش لە سەردەمی لاویدا؟

بە چی بچوێنم سووریی لێوەکانت؟

بە لالەیەکی گەش و تەڕ، کە لەسەر کێو ڕواوە؟
بە شەرابێک لە جامی بلووردا خۆی دەنوێنێ؟
بە سەفا و خەندەی گوڵەسوورێک لە نێو باخ؟

بە گوڵاڵەیەک کە بووە زێوەری بەزمی چەمەن؟
یا بە یاقووتێکی درەخشان،
لەبەر تیشکی چرا دەبریسکێتەوە؟

مەڕمەڕی سافی تەنت بە چی بچوێنم؟

بە بلوورێکی درەخشان؟
یا بە جێگەیەکی نەرم و خەونئامێز؟
بە هەورێکی سپی؟
بە مەخمەڵێکی خۆشڕەنگ، دڵنەواز و گەرم؟
بە کانیاوێک لە ڕووناکی؟
یا بە ڕوومەتێکی سوور لە سایەی شەرم؟
بە نازنوێنی ئاوریشمێک لەژێر تیشکی مانگدا؟
بە گوڵی یاس کە تریفەی مانگ بە سەریدا پڕژاوە؟
یا بە قوویەک،
کە نەرم و سووک
لەسەر دڵی ئاودا دەڕوات؟

بە چی بچوێنم خەڵوەتی ئامێزت؟

بە نوێنێک لە گوڵ؟
یا بە پەرستگەی عەشق؟
یا بە خەڵوەتگەی گیان کە
خەم لەبیر دەباتەوە؟
بە هەناسەکانی بەهار؟
یا بە خەرمانێک لە یاس، کە شەماڵ بۆنی خۆشی بۆ هەموو لایەک دەبات؟

بە چی بچوێنم؟
من نازانم… تۆ بە نیگایەک، پێم بڵێ!
بە چی بچوێنم؟
 

powered by social2s


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا