قوبادی جەلیزادە
1
ئاو- وەک نموونە؛
بەچێژترین تام ، تامی ئاوە
جوانترین ڕەنگ ڕەنگی ئاوە
بۆن خۆشترین بۆن، بۆنی ئاوە.
کەتۆ هەستییان پێ ناکەی نەساغی
هەڵگری ڤایرۆسی؛
تامکوێری و
ڕەنگکوێری و
بۆنکوێری
2
وەک نموونە – با؛
ئەگەر لە باخچەوە هەڵیکردبێت بۆنی شەوبۆ دەدات
ئەگەر لەدەریاوە هەڵی کردبێت، شینە.
ئەگەر خۆی لە بنکە سێوێکی فەریکا خشاندبێ ، مزرە.
کەتۆ درکییان پێ ناکەی نەخوشیت
دووچاری،
بۆنکوێری و
ڕەنگکوێری و
تامکوێری بوویت
3
بۆ نموونە- خودا؛
ڕەنگێکی زیاترە لە ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینە
بە نمرەیەک شیرینترە لە هەنگوین
بە پلەیەک بۆن خۆشترە لە ڕەیحانە ڕەشە.
کە ئەوان بەری ناکەون دەردەدارن
تووشی؛
ڕەنگکوێری
تامکوێری
بۆنکوێری بوونە.