محمدی مام ڕەسول
پێم گوتی :
تۆ لەپەرداخێک ئاگرو
لەشکۆفەکانی گۆرانی دەچی !
چونکە کەهەڵدەکەی ،
ڕوباری چی !
دەریا باڵەکانی پڕ دەکاو
جۆگەلە لە باڵقبوون دەپەڕێتەوە !
ئەوەتا بەوسەرەتای پایزەش
کە چڵێکت بەر نرکەی ئەو بارانە دەکەوێ
لەڕۆژئاوای چەند عەسرێک و
لە تامانی چەند شیعرێکم بەردەبــی !!
تا باخچە بارانی گوت
تا لێوی بــا
گەیشتە بەرسیلەکانی دوادێڕی من
کەچی ئەو لەتریقەی ئێوارەیەکا هەر دیار نەبوو
من ڕاهاتووم
گوێ لە هەتاو بگرم !!!
گەواڵەیەک لەناومدا حەزی لەگوارەی وشەو کرماندنی مەیلە
باباران شاهید بێ ،
کەسێک ڕستەیەکی تۆم پێ بڵێ
دەبمە جۆگەلەیەک لە مانگە شەو !
تەنیایی لە پیاسەی کام شەقاما پیر بێ
لەوێ پەردە لەسەر هەوەسی حەیرانێک لادەبەم !!
کوا لەبیری ترێ دەچێتەوە ،
ئەو هەموو قسانەی مێوێک گرتنی
ئەو قسانەی لەباشووری زاکیرەمانا
بێ وەرزی خۆیان گەیین
ئەو وشانەی بەر تەمتەمەکانی ماچ دەکەوتن
ئەو قسانەی بەئازار دەشکان !!
خۆ ئازیز :
ئەوەی بە نازنازەکانی چپەوە ،
دەچێتەنێوان دوو کەوانە منم
کە بڵێی دێم ،
کوا هاتنت پرسی دەوێ ؟
لێم گەڕێ با پڕ بەسیەکانی شیعر بۆنت کەم
تەماشاچۆن بەدیار بەهارەوە پایز دەگرم ؟!
من ناتوانم تۆ لێرە بی و شیعر نەڕژێ
تۆ لێرە بی و ،
بەشی باخچەیەک هەنار نەگرم !!!