غەمگین بۆڵی
.....
ئێمە چەند شاعیرێك بووین
زمانمان لەودیوی چایخانەكانی شار تێنەدەپەڕی
هەنگاومان بەرەو ئاڕاستەی جوایەزی قەڵایەكی دوو دەركە
یەكمان شیعری بۆ بە تاڵی ماڵێكی قەرەباڵغ دەنووسی
یەكمان شیعری بۆ كچە قەیرە كۆمۆنیستەكان دەنووسی
یەكمان شیعری بۆ بێمانایی فەلسەفەی شەقام دەنووسی
یەكمان كە من بووم، شیعرم بۆ تڕومبێلی ژیانێكی تێژتێپەڕ دەنووسی
بەیانییەك زۆر خێرا بە تەنشتی ڕاستمدا تێپەڕی
سێبەرمی خراپ شێلا و
شەوم بە تەواوی نەزیف بوو، ژیانم ڕەش بوو
وەك خاڵی تاقانەی سەر جەستەت.
بەناو شاعیر بوون
هەمیشە یەكێكمان لەسەر قسەی یەكێكی دیكە دادەنیشت
نەیدەزانی شیعر چییە؟
یەكێكمان تەكنیكی بە مەكینەی تراكتۆر لێكچواند بوو
یەكێكمان ئافرەتی وەك سەروپێ دەهاتە بەرچاو
حەرامزادە بوو، ڕقی لە شاری خۆی بوو
پەنجا لیتر بەنزینی دەسوتاند بۆ گەیشتن بە شارێكی دیكە
دەچووە بن دەست و پێی هەرچی هەرچووپەرچییە
كچە قەیرە كۆمۆنیستەكانی پێ دەناساندن
بۆ ڕەزامەندی ئەوان هیچ نەما نەیكات،
هەتا بووە هیچ و سێ نوقتە
ئەوەندە بوختانیان پێم كرد
وەك ئاو
وەك شووشە
وەك باران
وەك غەمگین ئاویی دەچوومەوە
ئەوەندە شاعیرانە دەستم گرتن، ئاگام لە پشتم نەما.
ئێمە هاوڕێی پەراوێزترین چاخانەكانی هەولێر بووین
پێش باوەشی شەو
تاریك تاریك داهاتین
شیعر لە پەنجەی ڕوانیمان دەچۆڕا
یەكمان لە تاریكیشدا گەردەن خەنەیی
بە خەونی باڵەفڕكەی شاعیربوونەوە
لە پێناوی ئەو فڕینەی خەوی لێ حەرام كرد بوو
كونوكەلێنی پێستی زەوی نەما نەگەڕێین
بەدوای پەڕی باڵی مریشك و قاز و مراوی
هەنگینێ شەپۆلەكانی دەقگەرایی بەلەمی دڵنەوایی هەڵگرت
سینگی خۆمان بە كەناران دەخشاند
دەریا بەناو بیرەوەرییماندا شەپۆلی دەدا
تەنیا لە قاوەخانەی مەچكۆ فڕفڕمان بە چایە دەكرد
پێكەوە دەچووینە گەشتی شاعیرانە
لە ڕێگەدا درەختەكان لە چاومان هەڵدەهاتن
یەكمان كەری قەراغ جادەی دەژمارد
یەكمان تەكسی بێ نەفەری دەژمارد
یەكمان گرد و چیاكانی دەژمارد
یەکمان شاعیرانی دەژمارد
پێنج سەد و پەنجا و نۆ...
لەناو شاردا تۆتکەمان نەدەگرت
سەرمان دەخستە ناو هەموو كتێبفرۆشییەكان
كتێبی كۆنمان خۆشتر دەویست
بە دەوری قەڵا هوردە هوردە دەمان خولاندەوە
دیوارەكان بە سەراوبن لە ڕوانینمان دەچەقان
ترومبێلەكان لە جەنجاڵیدا ڕەشكەوپێشكەیان دەكرد
شكست وەك بزمار لە هەموو ڕێگەكان دایكوتا بوو
شكستی ئەو قەدەرەمان هەڵبژارد
جادەكان سەراوژێر لێیان دەخوڕین
وەك وێنەیەكی كەشخە، لەناو هەیوانی قۆقزی نەینۆكبەند
هەر زێنەت بوو لۆچی هەڵەكان بژمێرین
لە باخچەكان پەلكی درەختمان دەهێنایەوە بۆ تێنووسی یادەوەرییەكان
هەر یەكەمان دەفتەرێكی سەت لاپەڕەیی شپڕێو
لە دڵی یەكتریشمان دەشاردەوە
چەندان ساڵی ڕەبەق
چوار شاعیر و نیو
شەنوكەوی شیعر
وشەمان لە نێو ڕستەدا لێكوپێك دەكردەوە
بۆ هەر پەڕەگرافێك، بێ رێزیمان بەرانبەر ڕێزمان دەكرد
بە خەیاڵی ڕۆمانەكانەوە دەچووینە سینەما
تەنیا قاوەی قاوەخانەی مەچكۆمان خواردەوە
ئەوەندە لە یەكتریی نزیك بووینەوە
فەلافلمان بەبێ یەكتری نە دەخوارد
موو بە كەلینی ددانی هاوڕێیەتیماندا نە دەچوو.
یەكمان لە نیوەشەوە ئەنگوستەچاوەكاندا
تاریكایی ئەو تەنیاییەی دەنۆشی
چەشنی كرمێكی مشەخۆر سێوی ڕۆژەكانی بۆگەنی دەكرد
بەڕكی شەڵواری كونبەدەر
شیعری پەمەیی دەنووسی
لە رادیۆ و تەلەفیزیۆنەكان میوانداری دەكرا
ئەوەندە شیعری خۆی لەسەر زمانی تەڕ بوو
وەك ناوە سێینەكەی لەبەری بوون
دەنگی ناسك ناسك لەناو پەیڤەكاندا دەتوایەوە
دەنگی دەبووە ئاو
دەنگی دەبووە دۆ
ملوانەكەی كچانەی لە مل
چەفیەی ڕەنگاوڕەنگی لە گەردەن ئاڵاند
ڕۆژێك لە پڕ وەك خۆری پشت پەڵەهەورێكی ڕەش دیار نەما
ڕووناكی لە هیچ كافتریا و شۆستەیەكدا
دەنگی لە هیچ رادیۆ و تەلەفیزیۆنێكدا...
پاش هەفتەیەك زانیمان
شیعر وازی لێ هێناوە و
لە سەنتەرێكی جوانكاری ئافرەتان ڕاوی شەهوەت دەكات.
یەكیان پاسەوانی شەقام بوو
پاسەوانی وشەش
هەندێك وشەی بۆ خۆی جیاكردبۆوە و پەرژینێكی بە تەنەكە بۆ دروست كردبوو.
بەبێ چەك، چەكدار بوو.
بێ چەك و بێ چەتر و بێ چایی بۆ كوێ؟
بێ شیعر و بێ ژن و بێ دەفتەری چاكەكاریی بۆ كوێ؟
ئەگەر خۆت دەناسیەوە
لەناو ئەو دێڕانەدا بە چوار قاچی سەگ هەڵێ
بفەرموو پەیڤی حەیات بۆ لەو سەری دنیا دادەنێم
خۆتی لە تەك بشارەوە.
وای بۆ ئەو ڕۆژەی كە خودا حاكمە
نوقتە
شەیتانت لەگەڵ
هەتا دوای نوقتەیەش بە درۆ ژیای
ژەهر لە بن زمانت دەڕژا
دەستت لە خوێنی هاوڕێی پشتیشت نە دەپاراست
هیچیتر نانووسم
تەواو
پێش سێ نوقتە
گەردەنت بۆق پێی وەبدات.
ئەوەی تریان جعێلێكی هەڵەپاس بوو
لە زاری ژنانی گەڕەك شەلاتی بوو
شیعری وەك خەونی حوشتر ئاڵۆزكا بوو
خۆشی لە خۆی تێ نەدەگەیشت
وشەی قەبە قەبەی بە زۆر دەخستە ڕستەوە
فەزای وەك گۆمێك شێلو
حەزی لە كڵاشی هەورامی بوو، بەڵام كالەیەكی لەنگەی لە پێ بوو
حەزی لە هەولێر بوو، بەڵام بە ڕێگەی قاچاغ چووە ئەورووپا
دووساڵ بە بێدەنگی، ئاگری لە پەرێزی جەرگی دایكی خۆش كرد
باوكی زەختی بەرەو دوو جاران پەنجاوپێنچ چوو
هەفتەیەك نەخۆشخانە لە باوەشی لاواندییەوە
گەیشتە تاراوگەی وڵاتە ساردوسڕەكان
چەندجارێك قسەمان بە تەزووی كارەبادا دەنارد
ئەو دەیویست بە تەلەفۆنێكی ساردوسڕ
پەیڤەكان بە گەرموگوڕی بخاتە كونە گوێی ڕاستمەوە
هوردە هوردە دەستی شیعری ڕەش دەبوو
پەنجەكانی نووسینی بە خێرایی هەڵدەوەرین
ئەوەی لە فەزای دەقدا بوو، بە ڕەشەبای هەندەران چوو
سروشتی ڕاستەقینەی شووشتەوە
دەستی چەوری بە ژیان داهێنا
چێژی شیعری تف كردەوە
بووە كۆیلەی لەززەتی هەرمێیە ساردوسڕەكان
هەمیشە دەیگوت لە دیسكۆكان سەرنجی شاعیرانەت دەدۆشن
ژنە سینگ ڕووتەكان كەروێشكیش لە گیرفانت ڕاو دەكەن
دوای ساڵێك ئەوەندە دەنگی لە تەلەفۆندا گۆڕا
هەتا دەنگی كز كز نقووم
گەرمایی نەما/ دەنگی نەما/ پەیڤی نەما
هیچ ڕستەیەك بۆ شیعر و هیچ خەونێك بۆ شاعیربوونیش
بەسەر قووڵایی ژیانێكی نوێدا بەربۆوە
كەوتە ناو تاوەرە بەرزەكان
هەتا ئەوسەری بنەوەی ژیان تاریك بوو.
ون بوو،
وەك دەرزییەكی بزربووی ناو كای كادێن.
بە تاقی تەنیا من مامەوە
بوومە درەختێكی بێ وەرزی چۆڵ
بۆقیش دەیتوانی بۆ دڵَنەواییم چۆلەكە بێت
كەوتمە ناو دارستانی پڕ ڕووناكی پەیڤان
ئەوەندە دوور و تاكوتەرا بووم
تەنیایی هەتا چایخانەش هات
سیمای دەرەوەی گرژومۆن كردم
وەرزشم تەرككرد
بۆ یاری دووگۆڵی عەجمانم نەما
بەبێ قاوە خواردنەوەی مەچكۆیش شیعرم نووسی
بیستوچوار كیلۆ چەوری چووە سەركێشم
دڵی خۆم بە ماستاوی بەحامز دەدایەوە
دڵی دەرەوەم وەك بەفر سارد و سپی بوو
حەوسەلەی پەراسووی ڕاستی خۆشم نەما
ڕۆژ و شەوم لێ تێكئاڵان
سەدان ڕستەم نووسی و ڕەشم كردەوە
سەدا شیعرم نووسی و شاردمنەوە
خۆخوێندنەوە كاتەكانی هەڵگێر و وەرگێڕ دەكردم
كەمێك لەناو كتێبان خۆم بۆرژاند
چاوم لە ڕابردوو نووقاند
ڕەشەبای ناو ڕۆژگار وەك ئەژدیهایەكی توقێنەر
دەیویست ڕەگی پێیەكانم لە ژوورەكەم هەڵفڕێنێت
زەویش بووە تەختایی هێلكەیەكی دەڵەمە
سەرم لە هەموو هەواڵێك سووڕا و بەرنەبوومەوە
لە پێش چاوم ژیان بووە ڕەشكەوپێشكەی مردن
دواجار بە تاقی تەنیا مامەوە
توند توند خۆم بە پەیڤەكانمەوە گرت
نەرم نەرم خۆم بە زمانەوە نووساند
لاقی ڕاستم خستە سەر ڕابردوویەكی چەپ
بڵند
بڵند
شیعر و من
دوور
دوور
من و شیعر
زمانمان بۆ یەكتری دەیڕوانی.