
بەرزان علی
کۆڵەپشت ۱٥
شپرزەییم کۆ دەکەمەوە
چەشنی ژیژگێکی دەشتەکی
یادەوەری لەنێو کوچەکاندا هەڵڕژاوە
کۆڵەپشتەکەم شانی قوورس بووە
لە قرچەی بێدەنگی هاوارم تێ دەگات
ماچم دەکات و دەمتەکێنیت
خۆی دەخاتە نێو ماشینەکەوە
لەبیابانێکدا دەگیرسێینەوە
شوێنپێی حوشترەکان دیارن
چەمێک دڵی بیابانەکەی شەق کردووە
نەبینراوە کەچی دەقیژێنێت
بۆنی دووکەڵ دێت لەتارماییدا
جەنجاڵی خراپ ڕووخساری شێواندوون
دەکۆکێت پێدەچێت پیر بووبێت
دەواریان هەڵداوە
خەریکی پاچەکۆڵەی دووکەڵن
دەکێشن تا ماندوویەتییان دەربچێت
تک تک لێم دەچۆڕا
چەشنی ئەو موعتادانەی هەڵهاتن
لەشارێکی گەورەدا بوونە کارتۆنخەو
دەفتەری یادەوەریم بۆ دێنێ
بەرلەوەی بچمە سەرکار
ژوورێک بەدڵی خۆم دەڕازێنمەوە
وێنەی شاعیرەکان هەڵدەواسم
سیستەمێکی نەرم بۆ خەواندنی خەیاڵم دروست دەکەم تا پرخەی نەیەت
ڕابردووم هاک دەکەم
پشت سەرم پڕ دەکەم لە بتڵەویسکی
ئەو لاوە چەتوونەی بە قاچاخچی ویسکی بۆ دەهێنام تا خەیاڵم مەست بکەم
چەند ساڵێکە خەریکی پاڕانەوەیە
تا لەگوناهەکانی بەرزان پاک بێتەوە
بەرلەوەی غەریبی قاژ بکاتە ڕۆحمانەوە
شەوان بەخۆشی ناخۆشییەوە دەخۆینەوە و جڕت لێ دەدەین
بە کەتەر بەردەبینە غەریبیمان
لەخۆدان لە مەستیدا ئازار ڕاو دەنێت
ژوورەکەم لە خۆم زیاتر مەستە
کۆڵەپشتەکەم دەبێتە پاسەوانم
کەتەر و ئەبوئەڵقەیەک دێنە ژیانمەوە
چەشنی دوو فریشتە دەڕژێنە چەپ و ڕاستمەوە تا بمپارزێن لە وەیشوومە
لە باڵی ڕاستم ناوی هەڵدەکۆڵم
پیاسەیەک بەنێو کوچەکانی فەرحزاددا
تا قوڵایی دڵی کچێکی ئەفغانی خەیاڵم دەفڕێنێ ناهێڵێ تەنیا بم
بۆ ئەوەی خەیاڵم باوەشێن بکەم
سیگارێکی حەشیش دەپێچمەوە
بیر لەوە دەکەمەوە لەباوەشی کچێکی باڵاشەهریدا تا سپێدە ماچ بکەم
تاوەکوو ماندویەتیم دەرچێت
ناهێڵم زەکەرم غەریب بێت
ئەوەی زەکەری بەغەریبی سەری نایەوە
دڵنیام بۆ هەمیشە بە پێوە دەمرێت
ماندویەتیم لەژورەکەمدا دەنێژم
ژورەکەم لەمندا دەتوێتەوە
گوێ لەو گۆرانییانە دەگرم کە دەمگرێنن
چاوەکانم دڵیان پاکە گلەیم لێی ناکەن
ئەوانەی دەڵێن گریان بۆ تۆ نەهاتووە
باشترە گوو بخۆن تا بڵێن پێم وایە
گەر فرمێسکەکانم ببونایە بە ئاو
ئێستا بەرزان گەورەترین زەریا بوو
دەچمە نهۆمی دووەمی باڵەخانەکە
پێدەچێت شیعرێک لەدایک ببێت.
