هەمزە گوڵانی
بەیانی زوو لەخەو هەستام
چومە ناومینبەری شیعرو
دوو ڕکاعەت ڕووناکیم خوێند.
لەو دەقەدا؛
لورە لوری گورگ نایە ،
سەگ ناوەڕێ
کەر لوشکە ناوەشێنێت و
ئێستری چەمووش بارهەڵنادا
سوار ناگلێ
تاژی ڕستکراوی تیا نییە
دێوجامەی ڕاوچی نابینی
گوێت لەتەقەی تفەنگی ملهوڕی هۆز نابێ
خەنجەر لەبەرپشتی کوێخا
خۆی بانادا.
............
بەیانی زوو
دەستم گەیاندە دیوان و
چەند ئایەتێک تەنیاییم خوێند.
لەو دەقەدا؛
کوڕێک گومان فڕێ ئەداو
دەگەڕێتەوە بۆ یەقین
کچێک بزە لەسەر لێوی سەوز دەبێت
بەترپەی دڵ هەردووک دنیا
پڕ دەکات لەخۆشەویستیی
ئەڵقەی دەزگیرانەکەی لەدەست ناکەوێتە خوارەوە
پیاوێک ڕق بەدەورو بەری خۆی ناڕێژێ
حوکمی وڵات؛
لەبەردەستی چەتەو ڕێگرو دز نییە
داد پەروەری بەناو شەقامەکاندا پیاسە دەکا.
...........
بەیانی زوو
چوومە خزمەت کەلامی نوور
جوانترین شیعرو
چیرۆک و
تێکستی خودام خوێندەوە.
لەو دەقەدا؛
یوسف بەندەو
زوڵەیخا پەرچەمی خاوی لەبەر ئاوێنە دادێنێ
مانگ بەتریفه دەپەیوێت و
ئەستێرەکان شەرم دەکەن دەربکەون
ئاسمان جوانیی چاندووە
حەیف مانگ بڕێک کەم دووە!
........
بەیانی زوو؛
مەحوی" م لەخەو ڕاستکردەوە
دوای ئەوەی چاوی گڵۆفتن
فەرمووی:
لە ناکەسکاریا خاکم بەسەر ڕۆیی بەبا عومرم"!