
هەمزە گوڵانی
شنەم هێناوە بە دیاری وەرە
باخەوانی دڵ،
ئەگەر هەنار دەستی گیراوە،
بەسێوێک لێم وەر بگرە
شەوبۆی زوڵفت بلاوێنەوە
نەچی بە تووتڕک پێشوازیم لێ بکەی!
وەرە هەتا جەنگ جودای نەکردینەوە،
با ئێوارەیەکت بدەمێ
لە بژاردەی ڕۆژەکانی بەهار
جوانتر بێ لە نەسرین.
وەرە،
سەوسەنی ماچێکم بکە بە تەسریحە،
ژیان هیچی بە بەرەوە نییە
کات لە پەشمەک خێراتر
لە سەر لێوی زەمەن دەتوێتەوە.