ناڵە حەسەن
لەنێو خەیاڵە پەرشوبڵاوەکانی مندا
تابلۆی ئاسمان
ڕەنگەکانی نائارام و
ئەستێرەکان وەک نوختەی ڕەش دەردەکەون
زەویش وەک چەند گردۆلکەیەکی خۆڵەمێشی
لە دارستانە چڕەکانیش
شێر و پڵنگ و هەڵۆ و باز و باڵندەکان
ترسێکی فۆبیایی لەنێو چاوەکان و
لەسەر ڕوخساریان دەبیندرێ
دەمەوێت وێنەیەکی نوێی گەردوون بکێشم
هەموو شتەکان لەشوێنی تر دابنێمەوە
لەنێو تاریکایی شەودا لەگەڵ ئاگر سەما بکەم
بەڕێگاوەم و پێم خستۆتە سەر پنجە گیای هەستەکانم
تا لەنێو ناخی خۆمدا بیاننێژم
بۆ ئەوەی بژیم و ژیانیش بۆ هەمیشە بەردەوام بێ
مێروولەکان ناولەپی خەونەکانمیان کون کون کردووە
لەبرینەکانی خۆیان ڕادەکەن و
لەدەوری برینەکانی من ڕیزییان بەستووە
خۆر لەنێو چاوەڕوانییەکی تاریک خولدەخواتەوە
چاوەکانم سوور هەڵگەڕاون
لەمرۆڤێکی هەمیشە سەرخۆش و مەست دەچم
چ سەردەمێکی سۆزانی و سوورباو و بێ سەروەری و مروەتە
نەمانتوانی بە زمانی خۆرەتاو و ئاگر قسە بکەین
سێوەکانیش توند توند
دەستییان خستۆتە گەردنی خەونەکانییان
یاخییانە بە لقەکانەوە نووساون و هەرلەوێدا دەمێننەوە
بەنیگایەکی ماندوەوە لێمان دەڕوانن
گەریدە گەردوونییەکانیش لەژێر سێبەرەکان ڕاکشاون
خەریکی خوێندنەوەی کتێبە بەرگ ڕەشەکانن
خەونەکانم بە قژە لوولە زەردباوەکەی هەستەکانم دەورەدراون
بۆ ئەوەی بژیم
دەبێ جەستەی خۆم و هەستەکانم پارچە پارچە بکەم و
هەر پارچەیەکی بخەمە نێو دەریاچەیەک
عەشق لەدوا وێستگە وای پێگوتم
وا بەڕێگاوەم و بەسەر جەستەی هەستەکانم ڕێدەکەم
بەڵام جەستەی خەونەکانم نا
تابلۆی نیشتیمانم بە چوارچێوەی خەون دەورەدراوە
هەستەکانیشم وەک وردە ماسی مردوو سەر ئاو کەوتوون
نیشتیمان / هەمیشە خەون
چارەنووس / هەمیشە خەون
من و تۆش / هەمیشە خەون
لەنێو ئاوێنەیەکی تەلخ بەدوای تۆدا دەگەڕێم
بەدوای تۆدا دەگەڕێم تا خۆم بدۆزمەوە
بەسەر جەستەی هەستەکانم ڕێدەکەم تا لەتۆ نزیک ببمەوە
دەبێ هەستەکانم لەنێو خۆمدا بنێژم
تا لەنێو پەرستگەی عەشق دا بمێنمەوە
بمێنمەوە و تاکو بژیم
ژیانیش بۆ هەمیشە بەردەوامبێ و پڕبێت لە خەون
پووشپەڕی ٢٠٢٥