محمدی مام ڕەسوڵ
بێدەنگیم ،
چۆتە قەراغ ئەیلولی چوار شەممەیەکەوەو
خۆی لە لاولاوی شیعرو پێچەکانی مەیل و
زیخی باران حەشار داوە !
کەچی تۆ دێیت ،
هەر بەشکانی جومگەکانی خەیاڵمەوە ناوەستی
لێناگەڕێی باران گەیینی خۆی بۆ باخچە باس کا
دێیت پەرداخی دەقەکانم دەشکێنی !!
بۆیە من گللەییم لەو هەموو ساڵانە هەیە
کەماڵێکم لەکۆڵانی سەوسەنی خەیاڵ دروستکردووە
تەنیا ئێوارەو دڵی من و کۆترێکی بێوەژن
پیاسەی پێدا دەکەن !!
ئەوکاتەی من لەسوچی مەغریبێکی خۆما دادەنیشم
تۆش بە تەنیشت ئاهـی منەوە
دەستت ناگاتەوە دوێنێــی خۆت
نەرم نەرم بەسەر قەڵەمەکەمدا دەڕژێی
بە تەنیشت کەپری ڕووتی تەمەنمەوە
نەتتوانی وەک گۆرانیش ،
دەست بخەیتە ناو ئینجانە تەڕەکانی تەنیاییم
نەتتوانی وەک شیعر ،
دەمەقاڵی من با
لەڕنینی شاتووەکانی ئومێد
بخەیتە ناوسەللەی شێتیم و
دەست بەسووتانمەوە بگری !!
بۆیە منیش خەریکە وەک ئەو عابیدەم لێدێت
بڕوای بەشەوە ئاهەنگی لەدایک بوون نەمێنێ
ئێستا شەو بێت و نەیەت
کێ من دەدا لەسینەی گوڵە ڕێحانەکانی یاد
کێ من دەباتەوە ئەوسەری یەقین
هەر بۆ ئەوەی لەدەلاقەی تەکاندنی خورپەوە
بەیانی باشیەک لە ئاو بکەم !!
تۆ لەجوانی من گەڕێ
کەدێمە خەونتەوە ،
پێ دەچی لە پارچەیەک شەختە بچم
کە تەلیسمی بێ هوودەیت دەمشکێنێ
بریندار تر دەبم لەئاو
جارێکی تر بۆ ئەوەی عەتر لە پێکەنینی تۆ وەردەم
دێم لەسوچێکی ئەو کیشوەرە
بەبیانوویەک ،
خۆم لەبەر هەتاوهەڵدەخەم !!