موحسین ئاوارە
( ١ )
ئەگەر کراسێک لە ئاو هەڵێنی
دواتر بیتەکێنی
سەیری بەر پێی خۆت بکە تەڕ بووە
ئەگەر من بگری و ڕامتەکێنی
چیم لە دڵ دایە و هەڵیوەرێنی
جگە لە نهێنیە شاراوەکانم
لە دەهالیزە قەتیسماوەکانم
بەو پێیەی کە کوردم
بەدی دەکەی چ کارەساتێکە ڕابردووی ژیانم
( ٢ )
چۆن خەمڕێژی کەم ئەو هەڵبەستەم
چۆن دایمرکێنم ئەو هەستەم
ئەوەتا ڵێم دیارە
لاوێکی هەژاری بێچارە
لە ماملە دایە ، تا ئەو ئاستەی
بۆ فرۆشتنی ئەندامێک لە ئەندامانی جەستەی
( ٣ )
ساڵەهایە بۆ ئازادی
لە نێو بازنەی تێکۆشانێکی هەمیشەیدا بوومە
بە دەنگەوەی ڕۆژە سەختەکانیەوە چوومە
ئێستا ئازادی فەراهەمە
لە دەرەوەی بازنەی بازنەکانم
پێم دەڵێن ، یەکەی سەر زەویت نییە بۆ پەیوەندی کردن
ئەوەتا لە گەڕەکی کرێنشینانم
( ٤ )
کە جەنتاکەم کردەوە
دڵم سارد بۆوە
دیاریەکی چەند بە نرخ بوو
بۆ هاوسەرەکەم هێنا بوو
لە پرسگەی دەروازەی نێوان بەغدا و کرکوکدا
ئەو چەکدارە لاملە ملییەی
سندوقی ترومبێلەکەی هەڵدایەوە
چۆنی لێ زەوت کردم
ئاواش نەمتوانی لێی بسێنمەوە