شۆڕش

 

لە پەڕاوێزی مشتومڕەکان "تەندووری ژنانە" ناونیشانی ڕۆمانێکی ١٥٠لاپەڕەیی لە نووسینی "ئەردەڵان باستانی"یە. ئەم ڕۆمانە لە ساڵی ٢٠٢٤ لە ئەژمارێکی کەمدا، لە لایەن دەزگای "٤٩کتێب" لە وڵاتی سۆئێد چاپ و بڵاو کراوەتەوە. کاتێک ئەو ڕۆمانە لە ژێر قۆناغی چاپ هاتە دەر، لە لایەن نووسەرەکەیەوە ئەرکی بڵاوکرانەوەی لە کوردستانی ئێران بە من ئەسپاردرا و منیش لە کتێبخانە گشتییەکان و کتێبفرۆشییەکانی شارەکانی بۆکان، سەقز، مەهاباد، سنە و هتد بڵاوم کردەوە و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئەم ئەژمارە کەمە، خواستێکی زۆری کەوتە سەر و دەگمەن کەوت. جا هۆکار بۆ ئەم پڕۆپاگاندا نەرێنییە بگەڕێتەوە کە لە هەمبەر ئەم ڕۆمانەدا هاتووەتە دی -کە گۆیا بێڕێزی بە خەڵکی بۆکان کراوە- یاخود بۆ بایەخی ئەدەبیی باڵای، دادوەری کردنی لە ئەستۆی خوێنەرە. هەروەها ئەرکی بەڕێوەبردنی کۆڕێکی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنیشم خستە سەر شانی هاوڕێیەکی چیرۆکنووسی تێڕادیو و نزیکم، کە ئەو بەڕێزە وێڕای کەسێکی تر، ڕوحسووکانە بەڕێوەیان برد. هەرچەندە بۆچوونی ئەو هاوڕێیانە لەگەڵ من، لەمەڕ ئەم ڕۆمانەدا جیاواز بوو و ئەم بەڕێزانە بۆچوونێکی نەرێنییان سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە، بە نیسبەت خەڵکی بۆکان هەبوو. واتە ئەوانیش پێیان وابوو بێڕێزی بە خەڵکی بۆکان لە درێژەی ئەم ڕۆمانەدا ڕوویداوە. بەڵام بۆچوون ئازادە و گۆشەنیگا و سەلیقەکانیش جیاواز و ڕەنگاوڕەنگن. کەوابوو هەم ئەم هەڵسەنگاند و ڕەخنەگەلە کە لە پەڕاوێزی ئەم ڕۆمانە نووسراوە و وتراوە جێگەی ڕێزن و نووسەرانی ئازادن لە دەربڕینیدا، وە لە بەرامبەردا منیش ئەم مافەم هەیە کە بە پێچەوانەی ئەم تێگەیشتنە باوە، بدوێم و خاڵە جێی سەرنجەکانی ئەم ڕۆمانە پڕحاشیە و جەنجاڵە بخەمە بەر باس و بۆچوونی خۆم بهێنمە ئاراوە. * "عەتا" و ڕیشەی عۆقدەکانی مناڵی؛ بەرهەمی نەفرەتی بۆ بۆکان رۆژگارانی مناڵیی "عەتا" و ئەم بەڵایانەی بەسەری دێت، قۆناغێکی چارەنووسسازە لە دواڕۆژی "عەتا"ی سی ساڵەدا. ئەم "عەتا"یەی شاری بۆکان و بگرە هەموو مرۆڤەکان بە دوژمنی خۆی ئەزانێت و بیری زەبرێکی گەورە لێیان، لە مێشکیدا دێت و ئەچێت و وەک دڵۆپەیەک رۆژ لەگەڵ ڕۆژ دیوارەکانی دەروونی پتر زەرد دائەگەڕێنێت. لە سێدارەدانی باوکی، تۆمەتی قەحبەبوون و ئەو تەماحانەی لەسەر دایکییەتی و تەشەر و ناونیتکەکانی خەڵکی کۆڵان و بازار، هەژاری و کڵفەتی کردنی دایکی و سەدان برینی تر کە لەسەر ڕۆحیاتی "عەتا" قرتماغە ئەکەن و "عەتا"ی لات و چەقۆکێش و دژە-خەڵکی لێ ساز ئەکەن. "عەتا" تەنیایە، نە شارەکان لەخۆی ئەگرن، نە کەسەکان هاوڕێیەتی ئەکەن، نە لە کۆمەڵگا و شاردا پێگە و سەرنجێکی پێئەدرێت، نە "پەرەنگ"ەکان بەرەو پیری عەشقییەوە دێن. لەم دۆخەدا "شلێر"ی فێمینیست و رۆشنبیر خاڵی وەرچەرخانێکە لە ژیانی "عەتا"ی بەڕەڵڵا و بیرکورتدا، کە بۆ ماوەیەکی کورت بە قەولی "کەماڵی وەردێنەچی" ئەبێت بە "جندۆکەی سەعادەت" و خۆشبەختییەکی کورتماوەی پێ ئەبەخشێت. "عەتا" خۆی کە دەرک کردن بەو ڕاستییە بۆی ئەستەمە، هاتنەدی ئەم حەقیقەتەی لەلا هەزم نابێت: "شلێر تۆ بە کام هیوا منت هەڵبژارد؟ بە کام هۆ منت کردە بەشێک لە خۆت؟ تۆ لە چیت کەم بوو؟" "شلێر تۆ چیت لە مندا دیتەوە کە هاتی و بووی بە میوانی من؟ من کوا ئەوەندەم بایەخ هەبوو کە ببمە ئاواڵی تۆ، کوا من کەسی تۆ بووم و کوا من هاوشانی تۆ بووم؟ چیت لە منا دیتەوە؟ ئەوەندەی من نانم کردووە تۆ ئەوەندەت هەر لاپەڕەی کتێب هەڵدابووەوە...". بەڵام زۆر زوو، بە کۆچی "سەکینە" و لە پاشان کۆچی گرانی "شلێر"، پەنجەی "جندۆکەی سەعادەت" لەسەر ژیانی "عەتا" هەڵئەگیرێت. "شلێر" دوایین لەمپەرێک بوو، کە ئەم بیرۆکە ماترسیدارەی "عەتا"ی بۆ ماوەیەک دامرکاندبوو، وە بە نەمانی دیسانەوە ئەخرۆشێتەوە و سەر هەڵئەداتەوە و ئەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، کە لە ئەنجامدا بە کۆکوژی یان بە قەولی خۆی هەڵگیرساندنی "مندارەمانگێک" خەتم ئەبێتەوە و گورزی خۆی لە خەڵکی بۆکان ئەوەشێنێت: "سیمای بۆکان لە گیانەڵڵا و پەلەقاژەی مەرگدا، جوانترین ڕوخسارێک بوو کە من لەو شارە نەفرەتکراوەم دیت". کاراکتێری "عەتا" لە توێی گێڕانەوەدا بە ڕاشکاوانەترین شێواز نەفرەتی خۆی بۆ خەڵکی بۆکان دەرئەبڕێت و بە ئەدەبیاتی خۆی سووکایەتییان پێئەکات و وەها پێناسەیان ئەکات: "گوتم من ڕقم لە خەڵکی بۆکانە، ئەو خەڵکە هەموو ژیانی منیان تێک داوە، لە هەموو شتێک بێبەشیان کردووم، دایکم کڵفەتە کەچی پێی دەڵێن قەحبە...". "ئاخ خەڵکی بۆکان چەند سەیر و سەمەرن، من سەعات سێ دەچوومەوە نانەواخانە وهەموو ڕۆژێک دەمدی کە لە پێش مندا کەسانێک هاتوون و سفرەیان هەڵواسیوە. ئەو سەگبابانە ناخەون، ئەجمانیان نییە، هەر بیر لە نان دەکەنەوە...". لەم وتە و یادداشت و هەڵسەنگاندنانەی لە پەڕاوێزی "تەندووری ژنانە" هاتووەتە ئاراوە، ڕەخنەگران لەسەر ئەم باوەڕەن کە مەبەستی نووسەر لە بەدیهێنانی وەها دەقێک بێڕێزی بە خەڵکی بۆکانە! بەڵام تەنانەت ئەگەرکوو ئەمە ڕوانگە و بۆچوونی خودی نووسەریش بێت، لە زمان کاراکتێرێک کە خولقاندوویەتی، واتە "عەتا"ی لات و بەڕەڵڵا و لۆمپەنەوە بەیانی کردووە و جێگەی هیچ گلەییەک کە بچێتە چوارچێوەی ڕەخنەوە ناهێڵێتەوە!

دیالێکت و زمانی داڕشتن لە "تەندووری ژنانە"

 

دا دیالێکت و زمانی داڕشتن بۆچوونی جیاوازی لەسەرە. لە بابەت دیالێکت یاخود زاراوەکان، هەندێک لەسەر ئەم باوەڕەن کە نووسەر حوکمە لەسەری کە ڕێگەخۆشکەری بونیاتنانی زمانی ستاندارد/باشترە بڵێین زاراوەی ستاندارد (واتە زاراوەی سۆرانیی ستاندارد/ یاخود کرمانجیی ستاندارد) بێت و بازنەی بنزاراوەی خۆجێیی و ناوچەیی ببەزێنێت و پەل بۆ ئەو زمانە بهاوێت، کە ڕاگەیاندن و میدیاکان پێی ئەنووسن و کەلکی لێوەرئەگرن. بەڵام لێرەدا ئێمە لەگەڵ بەرهەمی ئەدەبی بەرەوڕووین، نەوەک دەقی ویشکی زانستی. بەر لە هەمووشتێکدا نووسەر ئازادە چۆن بنووسێت و هەر وتەیەکیش (زمان ئەبێت/نابێت ستاندارد بێت) تەنیا لە چوارچێوەی بۆچوونێک، نەوەک یاساوڕێسا و ئەسڵێکی نەگۆڕێکی دادگای ئەدەبیاتدا جێ ئەگرێت. بەڵام حاڵەتەکانیش جیاوازن؛ بۆ وێنە کاتێک ئیرادەی نووسەر، ڕاویی بەسەرهات بخاتە خانەی هۆز و عەشیرە، یا زاراوەیەکی تایبەت و دیاریکراوەوە، یاخود ئاخاوتن (چ بە دیالۆگ، چ بە مۆنۆلۆگ) لە نێوان دوو کارێکتێری زاراوە و بنزاراوەی جۆراوجۆردا ڕوو بدات، چۆن ئەکرێت دیسانیش زمان/زاراوەی ستاندارد بپارێزرێت؟! بەڵام بەدەر لەم حاڵەتانە، ڕەچاوگرتنی زمانی ستاندارد و کەلکوەرگرتن لە بنزاراوە خۆجێییەکان، کاریگەری لەسەر کرانەوە و ئاوەڵەیی پانتایی تێگەیشتن و پەیوەندی گرتنی خوێنەری بەدەر لە بنزاراوەی دەق دائەنێت. لە "تەندووری ژنانە"دا لۆکێیشێنی ڕوودانی بەسەرهات بۆکانە و ڕاوی (عەتا) و کاراکتێری سەرەکی (سەکینە) سەقزین، بەڵام تەنانەت لە یەکەم ساتەکانی بەجێهێشتنی سەقز بە "مینووبووسە سوورە سەندەڵی شینەکە" بەرەو بۆکانیش "عەتا" و "سەکینە" بە بنزاراوەی سەقزی نادوێن کە وەهای دابنێین لە لێکەوتەی ژیان لە بۆکان زمانیان گۆڕاوە! بەڵام لە چەند حاڵەتیشدا نووسەر بە زاراوەی جۆراوجۆری کاراکتێر ئاخاوتن ئەکات، وەک ئەم چەند نموونەیە: - خەسووی سەکینە "حاجی سوغڕا" کە "سەکینە" بە هۆکاری هاتنەدیی کێشەکان ئەزانێت بە وەها زمانێکی گلەیی دێتە گۆ: "ئاخ سەکینەی حەکەدار، ڕۆڵەت لێ سەندم، خوا ڕۆڵەت لێ بسەنێ". - کاراکتێرێکی کوردی چەردۆڵی بەم زاراوەیە ئەدوێت: "بۆکان بە خودا من بو گوربانت دەبمەوە، گەتم چاکەی تۆ لی بیر ناچێتەوە و دەمێنمەوە و کار دەکەم و بۆکان ئاوەدان دەکەمەوە. ئەک بە گوربانت دەبمەوە بۆکان!". - پیاوێکی سەردەشتی بە زاراوەیەکی نزیک لە سوێسنی و بەریاجیی تایبەت بە سەردەشت ئەڵێت: "ئیهی ئەوە خوشکێ بوا گڕت گرتووە، ئێمە حافرەتمان زۆر خۆش دەوێ،هەموو گەورکایەتی و سوێسنایەتی و ئالان سەنگ و شووژن دە حافرەتێک نابینی نەقایل بێت، ئەوەتا هەر لە بریسوێوە تا بێشاسپ و گۆمان و بناوێ و بێورانی سەرێ و تا کاوڵان ژنێک نابینییەوە دەرکەی لەسەر گاڵە درابێ، هەموو حافرەتی ڕووسوور و بە حیسمەت ئەوە لە دێبەران تووتنی دەکەن و..." وە چەند حالەتی هاوشێوەی تریش. لەم چەند نموونەیەدا ڕوون نییە کە نووسەر پەیڕەوی لە کام بۆچوون ئەکات؛ ئاخۆ پێی وایە پێویستە زمانی ستاندارد ڕەچاو بگیرێت، یان هەر کاراکتێرێک بە زاراوەی خۆی بێتە دوان؟! ئەم دیاردەیە ئەتوانێت خاڵێکی لاواز بێت بە پێی ڕێبازی ڕێئالیستیی ڕۆمانەکە. لە بابەت زمانی داڕشتنیش، فتوایەکی تر بە چەشنێک کە مەرجە لەسەر نووسەر لە زمانێکی کتێبی کەلک وەرگرێت، لە ئارادایە. بەڵام داڕشتنی زمانیی "تەندووری ژنانە" داڕشتنێکی موحاورەییە، کە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ زمانی کووچە و کۆڵانەکانی بۆکان، وە بگرە ئەدەبیاتی خودی "عەتا لووتە"ش لە لایەنی ڕاستەقینەیدا نییە.

هەڵاواردنی چینایەتی لە "تەندووری ژنانە"دا

 

بۆڵدکردنی جیاوازی چین و توێژە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکان یەکێکە لە تایبەتمەندییە هەرە بەرچاوەکانی "تەندووری ژنانە"، کە هەر لە سەرەتای گیڕانەوەوە خۆی دەرئەخات و پێ بە پێی خوێنەر هەنگاو ئەنێت. ئەمەش وای کردووە کە ئەم ڕۆمانە لە شێوە و ڕێبازدا بچێتە ژێر خانەی ڕێئالیزمێکی لە چەشنی سۆسیالیستی، لە چوارچێوەی فۆڕمێکی مۆدێڕندا. بۆ وێنە کاتێک "عەتا" لەگەڵ "فەرهاد" کە لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندە و "سەکینە"ی دایکی کڵفەتیی ماڵیان ئەکات، وەها هەست بە جیاوازی ژیانی ئەمان و خۆیان ئەکات و لە نزیکەوە لەمسی ئەم هەڵاواردنە چینایەتییە ئەکات: "من یەکجارم ماکاڕۆنی خواردووە کەچی ئەو سەگبابانە لە سەتڵی زبڵی دەخەن. من قەتم دوو کراس نەبووە کەچی ئەو قەحبەبابانە هەر ڕۆژەی کراسێک دەکڕن. من نازانم فیلم چییە کەچی ئەو باوەحیزانە ویدیۆیان لە ماڵێ هەیە. لەوەتی هەم لەو بۆکانە نەچوومەتە دەری کەچی کوڕی ماڵی فڵان دەوڵەمەند کە هەر لە قوتابخانەی خۆمانە سەفەری تورکییەی کردووە، من دووچەرخە نازانم لێخوڕم کەچی ئەوان ماتۆڕیان هەیە". ئەم قسانە ڕوو لە "فواد" ئەکات کە لە خوتابخانە لەگەڵی ئاشنا بووە. "فواد" کوڕی بنەماڵەیەک لە چینی ڕۆشنبیری مامناوەندە کە ئەیهەوێت دەستەواژەی چین و توێژەکان و پڕۆلتاریا و بۆڕژوازی بە "عەتا"ی لۆمپەن-پڕۆلتێر بناسێنێت و بۆ لای خەباتی چینایەتی ڕابکێشێت. "عەتا"یش بە چاوی حوسنەوە دەڕوانێتە "فواد" و بنەماڵەکەی کە ڕێزی لێئەگرن و بە هۆی ئەمانەوە "عەتا" یەکەم و کۆتا کتێبی ژیانی ئەخوێنێتەوە کە یەکێک لە بەرهەمەکانی "سەمەد بێهڕەنگی"یە. "عەتا" کتێبەکە ئەخوێنێتەوە -کە ئەمێش مژارێکی چینایەتی لەخۆ ئەگرێت-، بەڵام دیسانیش لە چەشنی قسەکانی "فواد" بە گۆشەنیگای خۆیەوە ئەڕوانێتە ئامانجەکەی کە گورزوەشاندنە لە خەڵکی بۆکان و لە ناو ئەمەشدا نایدۆزێتەوە.

فەکتە مێژووییەکانی ناو "تەندووری ژنانە

 

" ئەگەرچی زەمان لە ڕۆمانی "تەندووری ژنانە"دا هاوچەرخە و بە پێی ئەم سەرەداوانەی نووسەر لەبەر دەمی خوێنەری دائەنێت، سەردەمی ڕوودانی بەسەرهات بۆ پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و دەیەکانی ٦٠ بۆ ٧٠ی کۆچیی هەتاوی ئەگەڕێتەوە، کە دەسهەڵاتی هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان لە ناوچە کورت ببووەوە. بە هۆی ئەمەیکە بۆکان دوایین شارێک ئەبێت کە لە دەستی گرووپە کوردییەکان دەردێت و دەکەوێتە دەست دەسهەڵاتی ناوەندییەوە و وەک دیارە هێژموونیی ج.ا تەواوەن بەسەر کوردستاندا زاڵ بووەتەوە. چەن قۆناغ وەک قڕەی مامۆستای خەڵکی میاندواو لەگەڵ قوتابییەکی هاوکلاسیی "عەتا" لەسەر ئەمەیکە باوکە کۆمۆنیستەکەی شەهیدە یان نا، یاخود خۆبواردنی "فواد" لە باوکی کە ئەندامی گرووپێکی کۆمۆنیستییە و کۆمەڵێک ئیماژی تر نیشاندەری ئەم قۆناغە ئارامەی پاش دامرکانەوەی شەری نێوان گرووپە کوردییەکان و دەوڵەتی ناوەندییە. جیا لە هەلومەرجی سیاسی ئەوکاتی بۆکان، کومەڵێک کەسایەتیی ناسراو لە چین و توێژە جۆراوجۆرەکان باس ئەکات و ئەیانهێنێتە ناو گێڕانەوەوە کە ئێستاکە یان نەماون و یان تەنانەت لە حافزەی هەنووکەیی خەڵکی بۆکانیشدا لە بیر چوونەتەوە؛ وەکوو: "مەلان عەجەم"، "دووقولووە گەوادەکەی ئەسکەندەری"، "سابیرە شێت"، "عەلی خەندان"، "عەلی مینە یاقوب"، "خەجێ بەندەری"، "قالەمەڕە" و هتد. یاخود کۆمەڵێک شوێنی بۆکان باس ئەکرێت کە یان ناو و کەلکیان گۆڕاوە، یاخود ڕووخێندراون و لەسەر داروپەردوویان باڵەخانەی تر بۆنیات نراوە و تەنانەت شوێنەواریشیان بەجێ نەماوە؛ وەک: "کاڕێژی سەیفالی" کە لە ڕابردوودا ترمیناڵ بووە و ئێستا کارواشی ماشێنە، "خیابانی کەران" کە ئێستا خیابانی کۆنی پێئەڵێن و کۆڵانێکە لە کۆڵانەکانی تاریکەبازاڕ، "مەیدانی ماست" کە ئەوێش ئێستاکە ماستفرۆشی لێنەماوە، "باغی قزڵجی"، "ماڵی قاسماغا[ی موهتەدی]"، "ئاشی حاجی عەلیی کەشاوەرز"، "حەمامی مەڕمەڕ"، "فەلەکەی ئێعدام" کە ئێستاکە ناوی ئازادگان'ە و هتد شوێنی تر. هەروەها دوو فەکتی مێژوویی گرینگ باس ئەکات کە لە موکریان روویان داوە؛ وەک کۆماری کوردستان کە نووسەر ئەیخاتە قالبی پیاوێک بە خشڵ و نەریتی موکریانی و ئادابی مەهابادییەکەوە، کە هێمای ئەشڕافیەتی شارستانی و پیاوساللارییە، بەڵام خۆی قەبووڵی ناکات. نووسەر لەم پاژەدا بە زمانێکی تەشەراوییەوە ئەکەوێتە ڕەخنەیەوە: "بە خوڵای باجە ژن لەلای مە زۆر بەڕێزە، ئەوەتا ئاڵای جومهووریمان دایە ژن بیدوورێ". یاخود لەشوێنێکی تر ڕووداوی چەکدارکردنی یەکەم دەستەی ژن کە لە ١٠ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦١دا لە لایەن "کۆمەڵە"وە ڕوویداوە وەها بە لەحنێکی ڕەخنەگرانەی ئاوێتەی توانج لە سیمای بۆکانی خاوەنی کەسایەتییەوە کە تاریفی مێژووی خۆی ئەکات، ئەخاتە بەر باس: "من بۆکانم، لە هەموو ئەو کوردستانە بەرینە ژنان هاتن لێرە لە باوەشی مندا بردرانە 'ئاجیکەند' [نووسەر بە هەڵە حاجیکەندی نووسیوە]، لەوێ لەچکەم لێ داماڵین و جامانەیەکم لەسەر کردن، پیاوێکی سمێڵزلم بانگ کرد، پیاوێکی خۆشنێو، پیاوێک کە تا ئێستاش هەر کۆڵەکەی شەڕەفی ئەو شارەیە، پیاوەکە هات تفەنگی دانێ، هەرچەند من ئەو پیاوە و پیاوەکانی تری گەڵ ئەوم خۆش ناوێ، بەڵان مادام باسی ژنە خۆ ناکرێ لە بیر بکرێ من یەکەم شارم کە تفەنگم داوەتە ژن". نووسەر لەم پاژەدا بە تکنیکێکی سەمبۆلێستی، "سمێڵ" و "پیاوێک کە" "کۆڵەکەی شەڕەف"ە ئەکاتە سۆمبولی پیاوساللاری و لە بەرامبەر ڕەسالەتی ئەم ڕووداوە مێژووییە ئەیکاتە شووژنی ڕەخنە و لە سینگی ڕووداوەکەی هەڵئەچەقێنێت.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا