كەریم دەشتی

 

شەو ڕادەشكێ‌ و با دەچێتەوە ئەشكەوتان

مەل دەچێتەوە ماڵی خۆی

شەپۆل لە شەڕی كەناران دەبێتەوە

ئاو دەچێتەوە گۆم و چۆم.

هەر من نەبێ ، خەیاڵ سەرم جێ ناهێڵێ‌

گوتم مەستی نەبێ‌ 

مرۆڤ بەتەمای چییە لەزەوی؟

مەستی نەبێ‌ ،چۆن دەبینەوە بە خۆمان!

مەستی نەبێ،‌ چۆن دەزانین سەرمان هەیە

بەدەم نووسینەوەی ئەم هەموو شێتیەوە بووم

سپێدە بە تاو لە دەرگای دام

وەك لافاوێ‌ لە ئاڵتوون وبارانێ‌ لە لیمۆ

پڕژایە نێو تەك تەكی دەمارەكانم

كە لێوانلێو لە شێتی و بادەو مەستییە

بەپەلە ڕادەكەمە نێو لمی باخچیلەكەم

بۆ چڵی شكاو، بەرداخێ‌ خەم دەخۆمەوە

بۆ چرۆی تازەش دڵم بە قومێ‌ بزە دەشۆمەوە

یا دەچمەوە سەر ئەو پەڕانەی

شەوان بە مەستی نووسیومن

هەندێكی جوان، هەندێ‌ وڕینەی شەوانن

چەندێكیان ڕەش دەكەمەوە 

جگەرەیێ‌ دادەگیرسێنم

بەخۆم دەڵێم ئەوە چیت كردوە چی؟

هەرخۆشم وەڵام دەدەمەوە

چوزانم  ئەوە منم ئیدی من

نە پەی بەم گومانە دەبەم

نە هیچیشی لێدەزانم


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە