شیعرى: ئارارات ئەحمەد

١٨/١٠/٢٠٢٣ - بەکرەجۆ

کەرتێکی لە خۆراوا بە دارزەیتوونێکى تینووم سپاردووە

پێم گوتوە، ژیانى لەگەڵ ژیانى تۆ بێ

تۆ وشک بووى، بۆ من هیچ کەڵکی نەماوە،

چش دە با ئەویش وشک بێ!

کەرتێکى لە کەرتى غەززە

داومەتە دەست منداڵێکی بێئومێد و برسی و بێکەس

کە چاوەرێی خێری دەستى خێرۆمەندە

پێم گوتوە، پێم وانیە هیچت بۆ بکا

بەڵام بزانە کە هیچى کرد بە لەتکەنانێکی بدە!

ئەوە دڵی منە ئیدى

کەرتێکیشی لە ئيسرائيل

لەسەر برینى جووێکى نیوەگیانى بێ نەخش و بێخەبەرم داناوە

کە خەریکە ئاخرین هەناسەى ئازاد دەکا،

پێم گوتوە، کە ڕۆیشتى لەگەڵ خۆتدا بیشارەوە!

ئەو دڵە هەلاهەیەم

پارچەیەکى کەوتۆتە قەندیل و پارچەیەکى لە ئیمیرالی

لەتێکى لە قودس و لەتێکى لە ئۆرشەلیم

کەرتێکی لە زیلان و یەکێکى لە شنگال

کەرتێکی لە مزگەوت، لە کەنیسە

لە کنیس و لە لالش و لە ئاتەشگە و

کەرتێکیشی...

لە هەرجێیەک دڵی خودا ئازار بدرێ

بە یەک زمان، بە زمانى خوا،

پرسیار دەکەن:

ئەرێ خوایە! ئەوە ڕاستە؟

ئەوە دڵی منە ئیدى

کۆنترین میسحەفی تۆز لێنیشتوو،

نوێترین میسحەفی بەردەست،

پەڕەیەکى لە قورئان و

پەڕەیەکى لە زەبوور و

پەڕەیەکى لە ئینجیل و

لە تەوڕات و لە ئاڤیستا و میسحەفا ڕەش

هەر هەموویان بە ناوى خوا یەک حیکایەت دەگێڕنەوە:

مەئوا ئەگەر ئەشکەوتیش بێ، ئی هەموانە

سێبەر لەتەئاسمانێکیش بێ، ئی هەموانە

ئاو ئەگەر گۆزەڵەیەکیش بێ،

مەزرا ئەگەر لەپێکیش بێ،

نان ئەگەر کەرتێکیش بێ،

ئی هەمووانە!

ئەو پەڕانە، هەر هەموویان یەک حیکایەت دەگێڕنەوە:

خودا یەکە و بەش بەش ناکرێ

قسەى خودا یەک قسەیە

مردن و ژین بەیەکەوە

شین و شایی بەیەکەوە!

دەست لە گەردن نەکو لەسەر مشتووى شمشێر!

بۆ درۆ بکەم!

نەمگوتوە دێم، ناشتوانم بێم!

ئەگەر خوداش کردى هاتم

نایەم موسا عاجز بکەم

نایەم دڵی موحەممەد بڕەنجێنم

دێم، پارچەکانى خواپەرستى،

مێژوویەکى دوور و درێژە کەوتوونە بن دەست و پێیان،

هەڵگرمەوە و لێک بدەمەوە

دێم، نەوەو نەتیژە تووڕەکانى ئادەم و حەوا ئارام بکەمەوە

دێم، قابیل و هابیلە گومڕاکان پێک بێنمەوە!

ئیدى ئەوە

دڵە ماندوو و هەزار و یەک برینەکەى منە!

بۆ هەموو لا

بۆ هەموو شت

بۆ هەموو ڕەنگ و هەموو جۆر

شیوەن و بابەڕۆ دەکا!


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە