ـ
هەمزە گوڵانی
دڵم لەلای یەکەم چرایە؛
کە داگیرسا هێشتا شیعرم کزنگی نەدابوو
تاریکی دەیگوت وەرە لە باوەشت بگرم،
چاوەڕوانی چی لە ڕۆژ بوونەوە دەکەی؟
دەڵم لەلای یەکەم پەنجەرە بەجێما
هێشتا زەردەخەنەی وشەیەک
نەکەوتبۆ سەر لێوی تەنیاییم،
کچێک دەیویست ختووکەی باڵق بوونم بدا
گوڵە لاولاوێک هەڵیخەڵەتاندم...
دڵم لە یەکەم ژوانگەدا لە لێدان کەوت؛
مانگ نەهاتە پرسەم و ڕۆژ،
ئامادەی ڕێو ڕەسمی بەخاک سپاردنی نەبوو...
لەگەڕانەوەی دڵم بۆ دۆخی ژیان،
گومان هەیە
ئایا حەشر کراوە یان دڵێکی تر جێگەی گرتووەتەوە؟