
پایز هاتووە
وەک خانمێکی شۆخ و شەنگ
چەپکێ گوڵی زەرد
بخاتە ئینجانەی تەمەنم و
خەیاڵی شیعری هەتیوم
بەناوباغاندا بگێڕێ.
بەدیاری بۆمن
لەمەمکی ژنێک هەناری وەرگرتووە
دڵم نایە قاشی بکەم
بەڕستەیەکی مێخۆش
دواشیعری ئەم وەرزە دڵگرانەی
پێ ئەدەمە خوێنەران و
هەرنەبێ
چەپڵەیەکی سێو مسۆ گەر دەکەم
هەرنەبێ کۆمێنتی گێلاسێک
هانم ئەدا
بۆ تازەترین تێکستی باران
پایز هاتووە
لەگەڵ ئەو جۆگەلانە ئاشتم کاتەوە
کەلەسەر نەغمەی بولبولێک
دەمەقاڵەمان بوو
لەسەر نیشتنی کۆترێک
هەرامان کردوو
سەرچاوەیەک دەنگی لێڕاگرتم
دەرگا دەکەمەوە
منیش بەزەردەخەنەیەک و
سۆزی نەسیم لە پێشوازی دا
سەری ڕەزامەندی دائەنەوێنم.
ڕەنگە بیەوێ پێم بڵێ
گەڵاڕێزانی عومرە ژیان لەژاکاندایە
تەنها
تەنیایی لەپایزدا چرۆ دەکا
ڕەنگە پایز پێم بڵێ
قاسپەی کەو لەخوێندا سوورەو
فڕین چاو بەدوای خۆیدا دەگێړێ
چیتر کۆتر هێما نیە بۆ ئاشتی
چیتر کێڵگە پاراوەکانی خەیاڵ
ئایندە ناڕوێنن
ڕەنگە
پرسیارم لێ بکا ئەم ساڵ
چەند شیعرم
لەگوێ نەگرتندا خنکاوە
چەند زامم لەبێ خوێنەریدا
کەوتووەتە جەستەی نوسین و
چەند سەمفۆنیای قەڵەم و
ترپەی دڵیان هەڵواسیووم
دەرگام داخستووە
نەبادا بیەوێ بەراوردێکی
پاش و پێش
خوێنگەرمبوونی خەڵکم پێ بکا
نەبادا جەنگە دۆڕاوەکانی
گەمژەستانم بهێنێتەوە بیرو
کوژتنی بەکۆمەڵ
زیندە بەچاڵکردن
خودام
بهێنێتەوە یاد.
ئاخر من
کەهەمووشتێکم لەدەست داوە
خۆم بەڕێوەم بەرەو خۆم
دەرگا لەپایز بکەوە کچم
بڵێ باوکم
تاقەتی خوێندنەوەی
دروشمەکانی خەزانی نییە
کۆتایی خۆیی دەنوسێتەوە
تۆ کەبەیازێکت هەڵگرتووە
دەق بیدە بەمن
لەگەڵ یەکەم گولەو
دەسڕێژی
سەربازە فریو خواردووەکان
لەسەر نەخشە دەمرم!
هەمزە گوڵانی
