
نووسینی/ شێنێ مشیر
ڕۆمانی (دەریاوانە خنکاوەکە) لەنووسینی نووسەری گەورەی کۆڵۆمبی (گابریل گارسیا مارکیز)ە، لەلایەن (شێرزاد هەینی)ەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، کە بەزمانێکی سادە و وردو و بێ گرێ کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە و لە دوو توێی (125) لاپەڕەدا و ساڵی (2015) لەلایەن دەزگای چینی چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
شیرینی ژیان تاڵی مەرگ لەبیر مرۆڤەکان دەباتەوە، کاتێک دەکەوێتە تەنگانەوە و هیچ کەسێک لەدەورووبەری نامێنێت ترسی مردن بەئاگای دێنێتەوە. ئەم باروودۆخە زۆر سەخت دەبێت ئەگەر ئەم مرۆڤە لەناوەڕاستی دەریادابێت.
لەچرکە ساتێکدا خۆی بەتەنیا دەبینێتەوە، ئەو هاوڕێیانەی چەند ساتێک پێشتر هەریەکەو بەئاواتێکەوە لەسەر پشتی کەشتییە گەورەکەبوون، ئێستا بوونەتە خۆراکی بوونەوەرەکانی دەریا و بەتەنها خۆی و شەپۆلەکانی دەریان کە نازانێت چارەنووس بەرەو کوێی دەبات.
لێرەوە چیرۆکی دەریاوانەکەمان دەست پێدەکات، لەسەرەتای ئەم گەشتەوە دڵی هەواڵی ئەوەی پێدابوو کە لەم گەشتەیدا بەسەلامەتی ڕزگاری نابێت. ئەمجارە شەپۆلەکانی دەریا بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.
کەشتی (کالداس) کاتێک پڕ دەکرێت لەکاڵای نایاسایی و لەتوانای خۆیی زیاتر شمەکی تێدەکرێت و بەهۆی چاوبرسێتی قاچاغچییەکان و دەسەڵاتداران و بەکارهێنانی ڕێگای دەریای بۆ ئیشە نایاساییەکانی خۆیان، ژیانی دەریاوانەکان دەخەنە مەترسییەوە و ڕووبەڕووی مەرگیان دەکەنەوە.
لەکاتێکدا هەریەک لەم دەریاوانانه بە ئاواتی بینینەوەی خێزان و کەسە ئازیزەکانیان دیاری زۆریان کڕیوە و هەندێکیان بڕیاریان داوە لەدوای ئەم گەشتە ئازیزانیان جێنەهێڵنەوە. بەڵام بەداخەوە گەندەڵی و چاوچنۆکی کەسانی سەروو خۆیان هەموو خەونەکانیان لەناو دەبەن و بەقوڵایی دەریایان دەسپێرن.
کاتێک دەزانن کەشتییەکە پڕە لەباری نایاسایی و ڕێگرە لەڕۆشتنی هەوڵ دەدەن هەندێک لەبارەکان فڕێبدەنە دەرەوە هەتا کەشتییەکە هاوسەنگی خۆیی لەدەست نەدات و لەگەڵ شەپۆلەکان بڕوات، بەڵام کات درەنگی کردووە و کەشتی (کالداس) نووقم دەبێت.
تەنها بەخت یاوەری ئەم دەریاوانە دەبێت کە لەگەڵ جوڵەی شەپۆلەکان بەلەمێکی بچوک دەبینێت و خۆی دەگەیەنێتە لای و لەمردن ڕزگاری دەبێت. لێرەوە مانەوە و ژیانکردن بەبرسێتی و تونێتی کارێکی زۆر سەختە، لەهەر کوێییەک دەڕوانێت تەنها دەریای بێ کۆتایی دەبینێت، ئەوەی لایەتی پۆشاکەکانی بەری و کاتژمێرێک و چەند کلیلێکە کە هیچیان گرنگییەکی وایان نییە بۆ ڕزگاربوونی، دەریاوانەکە ڕۆژی یەکەمی بەئومێدی هاتنی فڕۆکە بەسەردەبات کە بێن و ڕزگاری بکەن لەناوەڕاستی دەریادا، بەڵام کاتێک دەبێتە شەو ئیتر بێ ئومێد دەبێت و برسێتی و نەبوونی ئاوی خواردنەوە تەنگی پێهەڵدەچنن.
ڕۆژانە لەبەشێکی زۆری کەسەکانەوە گوێبیستی ئەوە دەبین کەناڕەزایەتی دەردەبڕن لەبەرئەوەی ژەمی دڵخوازی ئەوان ئامادە نەکراوە و بەخواردنی ماڵەوە ڕازی نابن، ئەوانە هێشتا چیرۆکی دەریاوانەکەیان نەبیستووە کەلەتاو برسێتی ئارەزووی خواردنی بنێشت دەکات، کاتێک گیرفانەکانی دەگەڕێت سێ بلیت دەدۆزێتەوە زۆر بەئیشتیهاوە دەیجوێت و دواتر قووتی دەدات، و دەڵێت ژەمێکی باشم خواردووە.
بیر دەکاتەوە ئەگەر چەقۆیەکی لابوایە ئەوا پارچەیەک لەپێڵاوەکانی لێدەکردەوە و دەیخوارد و لەبرسێتی ڕزگاری دەبوو.
ئەگەر لەماڵێکی گەرم و گوڕدا دەژی و ژەمەکان لەکاتی خۆیدا دەخۆیت ئەوا سوپاسگوزاری خوای گەورە بکە کە لەناڕەحەتی و برسێتی بەدووری گرتووی.
ژیانی ڕۆژانەی دەریاوانەکە سەخت تردەبێت و گەرما و تونێتی و برسێتی بڕستی لێدەبڕێت، برینەکانی پشتی زیاتر ئازاری دەدەن، تەنها ئومێدی بۆ گەیشتن بەوشکایی وای لێدەکات زیاتر بەرگە بگرێت.
سەرئەنجام لەدوای تێپەڕاندنی (١٠) ڕۆژی سەخت دەگاتە وشکانی، کاتێک هەواڵەکەی بەجیهاندا بڵاودەبێتەوە کەسانێکی زۆر دێنە سەردانیکردنی هەرچەندە بەرپرسان هەوڵدەدەن کە ڕازی بکەن باسی باری قاچاغی کەشتییەکە نەکات، بەڵام دەریاوانەکە ڕووداوەکە بەڕاستی دەگێڕێتەوە.
لەدوای ئەو هەموو ناخۆشیەی بەسەریدا هاتووە کۆمپانیای دروستکردنی کاتژمێری دەستی خەڵاتی دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە کە کاتژمێرەکەی دەستی یەک چرکە لەکار نەکەوتووە، هەروەها کۆمپانیای دروستکردنی پێڵاویش بڕێک پارەی خەڵات دەکەن و لەپێناو ریکلام کردن بۆ کاڵاکەیان کە بەرگەی دەریای گرتووە و تێک نەچووە. ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە لەجیهانی سەرمایەداریدا گرنگ گیانی مرۆڤێک نییە کە چەندە سەختی کێشاوە بۆ زیندوو مانەوەی، بەڵکو گرنگ کاڵاکانی ئەوانە کە لەبازاڕەکاندا لەلیستی پڕفرۆشترینی جیهاندابن!.