دەستم بڵیند كردووە بۆ تۆ

----

دەمەوێت خۆم بە دوا تابوتی بروسكەكان بگرمەوە 

ڕیشەی ئەو هەتاوەم خۆش دەوێت

لە بەر نیگای سپی تۆهەڵوەری بوو

خۆم گرمۆڵەدەم

بۆقایلبوونی چریكەو ڕازی بوونی  ئەودەستانەی تۆ

هیچ نەبێت

پەمەیی ئەو هەناسەیەم پێ ببخشە 

با سروشی شیعرێكم دابگرسێت

هیچ نەبێت

مۆڵەتی 

جارێكیدی گەڕانەوەم بۆ بنوسە

تا

سروودی بینینەوەی ئاسمان و

دەرگا ڕەنگكراوەكەی ئیلاهی بكەمەوە

تەرمێكم

بەربەردێكی ڕەش كەوتووم

شكاوم 

لەڕەگی گریانێكی هەمیشەیی داشكاوم

جێ ماوم

لەترۆپكی خەونێكی سوردا جێ ماوم

بەئارامی نزا بۆ گەڕانەوەی ئەوقسەیە دەكەم

كەلەدەم شۆڕە مردنێكەوە عاریفانە جەنگی ئاوێتەبوونی دەكرد

سەیرم زۆر سەیرم ئەوەتا

بۆ مردنێك نامەیەكی شەش پەڕ دەنوسم

لەگوڵێكی شەش پەڕی دەپێچم

لەشەش تەبەقی ئاسمان دەدەم

تەبەقێكیان خاش خاش دەكەم

زووتر دەمەوێ بگەمە لای عەڕشی تۆ

خۆم

بەسیلەی ڕوحمی تۆهەڵدەواسم

بەتیلەی حەزێكت خۆم دەشۆم

دێم

پەنا

بەنوێژێكی بێ دەستنوێژەوە دێم

بەماچێكی چڵكن وجلی ڕیحانەوە دێم

بەپای ئەو نمەیە دێمەوە

دابووت لەتەپڵی گریانەكانم

بەزەنگی ئەوتریشقەیە دێمەوە

كەشوانكارەیەكی دەریات لەخەو كرد

بەگەواڵەی ئەو زەمەنە دێمەوە كەنیشتیمانت پڕتیشك كرد

خۆم

بەپاكانی خەرەندێك هەڵدەواسم

لەتەك بولبولێكی سەرماچوو

حیكایەتی زەوی دەنوسین

بەسیلەی هەناسەیەكی با

بەتووڕەبوونێكی بێ قیدوشەرتی سیاسی

خۆم

بەدرزێكی

ئەو عەترە دادەكەم

یوسف

سەراپای قەمیسەكەی شەڵاڵ كردبوو

خۆم

بەشاقەلی ئەومەلایە نابەستمەوە

شەهوەت

بۆندڕی كردووە

خۆم

بەڕیشی هیچ. پێغەمبەرێك هەڵ ناخەڵەتێنم

دێم

پرسیاری هیچ و هیچبوونی

ئەو كەونت لێدەكەم

خۆم بەڕەگی

درۆكانی

ژیان

هەڵناواسم

___

 بەكر ئاڵەیی