نارین ڕۆستەم
لەپێناو سەلامەتیی تەلەڤزیۆن و
کراسەکان
بە دزییەوە،
دوا پێکەکانی باوکی
هەڵدەڕژاندە دەمی دەستشۆرەوە.
بۆ ماوەیەک
فێڵەکە سەری گرت.
تەلەڤزیۆن ئەسپی باڵداری تێدا
دەفڕی و
کراسەکان بە ئوتووکراوی
ڕێگەی قوتابخانەیان دەگرتە بەر.
ئەو بەیانییەی
نەخۆشی دەستی لە ملی فێڵبازەکە
ئاڵاندبوو،
بوتڵێک خۆی بە تەلەڤزیۆندا
کێشا و
شاشەی جیهان
کەڵکی ئەوەی نەما
چپسی بە دیارەوە بخورێت.
بەیانییەکی دیکە
تا پەردەی شەو هەڵدرایەوە و
خۆر دەرکەوت،
دەموچاوی ئوتووەکە
لەسەر کراسی قوتابخانە نەخشابوو.
بوتڵە بەتاڵەکان
لەناو دووکەڵی ژوورەکەدا
دەیانپرخاند و
لە کراسەکەی قوتابخانە،
تەنیا قۆپچەکان مابوونەوە.
ئێستا
قوتوویەک قۆپچە لە کەنتۆری
فێڵبازەکەدایە و
منداڵەکانی وا دەزانن
دەخیلەیە،
بێ ئەوەی تێبگەن
بۆچی بە برسێتی دەخەون و
دایکیان
دەخیلەکەی ناشکێنێت.