هەمزە گوڵانی
هەتا چاوی تۆی لەسەر نەبوو؛
بریسکەی ئەڵماسی یەقین،
لەپەنجەی بابلیسکی تاڤگە بەرزەکاندا
حەیرانی دەکردم..
بەیانیان ،
خودا تیشکی ڕۆژی فێری ئاخاوتن دەکرد و
لە ئاسمانەوە هەورەکان، بەئاهەنگی جووت بوون
دەیانکردە تەقەی خۆشی!
ڕوبار هاژەی شەپۆلە مەستەکانی
بە دەنگ و نەغمەی هەزاران باڵندەی خوێندکار
بەنرخێکی هەرزان دەگەیاندە دەریا!
دونیاباز؛ هەتا تۆ بازاڕت نەشێواند
هەموو ڕۆژێ بەشێتێکی نوێ ئاشنا نەدەبووین
ڕێگا ڕێبوارەکانی خۆی بەجاش مارە نەدەکردەوە
بەیانیان مزگەوت لەگەڵ بانگی مەلادا
بەکارتۆن زۆڵی بۆ نەدەهات!
کە تۆ هاتی هەوەست بەرەڵڵاکرا
ڕەوشت کەوتە بەندیخانە
ناموس خرایە موزایەدەوە
"ئازادی بێ قەید و شەرتی سیاسی"
بەکوێری کەوتە ڕێگا
کە تۆ هاتی،
دونیاباز کە تۆ هاتی!