شیعری: ئاری ئاغۆک
ئاسۆی خەیاڵەکانمان پەرتەوازەبوە
هەموو شتێکمانیەکسان کردوە
بە (خۆڕازی) کردن و (کات ) بەڕێکردن
لەنێوان موجەب و سالیبی هەڵچونەکانمان دا
هیچ هێلێکی دیکە نادۆزینەوە بۆ لێکحاڵی بوون!
لەنێوان خەون و حەزدا
تەنکە خۆزگەیەک بەدی ناکەین بۆ دەربازبوون!
فێربووین و ڕاهاتوین
فێڵ لەخۆ بکەین
وەک ئەو قەڵەوانەی زۆر دەخۆن و
کاتێ خۆدەکێشن
بەهانەیەک دەدۆزنەوەو
دەڵێن تەرازوو تێکچوە!
یا وەک ئەو ژن و مێردە لێک عێدز بوەی
لۆ ئامادەکردنی ژەمی خواردن
سبەینان
پیاوەکە بەر لە دەرچوون
لە پارچەکاغەزێک
بەبێ سڵاو، بەخەتێکی ترس و ڕاڕا
بۆ ژنەکەی دەنوسێ:
ئەمرۆ سوپی خۆزگەو
لەفەی پەشیمانی و
زەڵاتەی زەمەنی دەزگیرانیم لۆئامادەبکە!