دایکم وای دەزانی کەعبە ڕووخاوە
بەو شێوەیە، بەهۆی هاموشۆکردنی مامۆستائاکۆ و گوێگرتنمان لە وتاری بەعزێ لە بانگخواز و مەلای ئیسلامی کوردی و عەرەبی و خوێندنەوەی کۆمەڵێک کتێب و نامیلکەوە، تا دەهات من و هێمن ڕۆژ دوای ڕۆژ، زیاتر بەرەو پەڕگیری و فیکری توندڕۆیی پەلمان دەهاوێشت و حکوومەت و هەموو کۆمەڵگەمان تەکفیر دەکرد. هەردووکمان زۆر سەرسامی وتارەکانی(شێخ عەبدولحەمید کوشک) و (شێخ خالد ڕاشد)بووین.
شێخ خالد، کە دواتر لە سعوودیە بە تاوانی تیرۆر زیندانی کرا و پازدەساڵ حوکوم درا.
من و هێمن، ڕۆژێک بەرنامەمان دانا کە شەو بڕۆین ئەو سەرکۆڵەی دێیەکەمان تێک بدەین. گوتمان ئەوە شیرکە و هەرچی بچێتە سەر ئەو شوێنە بە مەبەستی منداڵبوون و شیفا و نزا و هەرشتێک، بێگومان ئەوکەسە کافر و هاوبەشدانەرە و هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ هاوبەشدانەرەکانی مەککەی سەردەمی پەیامبەر نییە.
سەرکۆڵەکە بە بەرد، هەرچوار لای، جگە لە هێشتنەوەی دەرگایەکی چوونەژوورەوە نەبێت، هەمووی کرابوو بە پەرژین.
شەو ڕۆیشتین، بەردەکانمان هەمووی غلۆر کردەوە ناو دۆڵ و هەرچی پەڕۆی سەوز و شین و ڕەنگاوڕەنگیش هەبوو، کە خەڵکی بۆ تفەڕک بە شیشێکیانەوە هەڵواسیبوو، هەموویمان لێکردەوە و پاشان دڕاندمان. ئینجا شیشەکەشمان هەڵقاند و فڕێی ناو دۆڵەکەمان دا و ڕامانکرد.
ترسێکی زۆریشمان هەبوو نەوەک ئاشکرا بین و کێشەمان بۆ دروست ببێت.
ڕۆژی دواتر، هەواڵ لە دێ بڵاو بووەوە، کە سەرکۆڵ خراپ کراوە.
خەڵکی دێ شۆک ببوون و وایان دەزانی کارەساتێکی زۆر گەورە ڕوویداوە.
دایکم ئەوڕۆژە زۆر گریا و زۆری گوت. وای دەزانی کەعبە ڕووخاوە،
هەر نزای دەکرد و دەیگوت: ڕەبی خودایە، ئەوکەسەی ئەوەی لەگەڵ ئەو سەرکۆڵە پیرۆزە کردووە، بگات بە حەقی خۆی.
باش بوو، لەسەرمان ئاشکرا نەبوو، گەرنا خراپ تووش دەبووین.
دوای دووڕۆژ، مام سەید ساڵح، دووسێ مەتر پەڕۆی سەوزی کڕی و شیشێکیشی برد و دووسێ پیاوی ڕەگەڵ خۆی دا و ڕۆیشتن و دووبارە سەرکۆڵیان ڕۆناوە.
من و هێمن پیلان و بیرۆکەی ئەو سەرکۆڵخراپکردنەمان لەوەوە بۆهات، کە ئیسلامییەکان پێشووتر لە بیارە و تەوێڵە و ئەو ناوە، گوڕی شێخێکیان تەقاندبووەوە.
بیرمە دایکم نوشتەیەک و هەندەک پەڕۆی سەوز و مازوویەکی لەبەرۆکی خۆی خستبوو، من زۆر هەوڵم لەگەڵ دا، تا لێیبکاتەوە، پێم دەگوت: پێی کافر دەبیت و ئەوە هاوبەشبڕیاردانە بۆ خودا.
دەیگوت: کوڕەکەم وا مەڵێ شێت دەبیت شێت. ئەوانە پیاوچاک و ئەولادی خودان! مەبەستی سەرکۆڵ و شێخ و سەییدبوو.