رۆمان
بەشی(٣٣)
دەوڵەتی کوردی، واتا ئیسرائیلی دووەم!
بەو شێوەیە من و هێمن توندڕۆیی فیکریمان گەیشت بە ترۆپک و سەرەنجام بووین بە دوو تەکفیری تەمام عەیار.
بێئەوەی بزانین کۆنتێکستی ئایەت و هۆکاری هاتنی ئایەتەکان چین. ئێمە بەڵگەی تەکفیرکردنی حکوومەتمان ئەو ئایەتەبوو((وَمَن لَّمْ يَحْكُم بِمَا أَنزَلَ اللَّهُ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْكَافِرُونَ)).
حکوومەت کار بەقورئان ناکات و پەڕلەمانێک بەو حوکمە ڕازی بێت، چوونە ناوی کفرە.
مادام خەڵک بێدەنگ و ڕازینە بەو هەموو کفر و بێ ئەخلاقی و بەڕەڵایی و فەسادییەی کە حکوومەت بە پلان و پیلان و بە پشتیوانی ئیسرائیل بڵاوی دەکاتەوە، کەواتا خەڵکەکەیش هەموو کافرە!
من و هێمن وامان لێهات نەدەڕۆیشتینە مزگەوتێک گەر مەلاکەی ئیسلامی و سەلەفی نەبوایە.
دەمانگوت نوێژ لە دوای مەلای سوڵتە و کافر دروست نییە.
تا بۆمان دەکرا، گاڵتەمان بە ئاڵای کوردستان و چەمکی دەوڵەتی کوردی و بیری ناسیۆنالیستی و هەستی کوردایەتی دەکرد و دەمانگوت فیکرەی قەومی، ئەجێندایەکی بۆگەنی سەهیۆنییەتی عالەمی و سەڵیبییەت و پیلانی ئیمپریالیزمە(فرق، تسد) تا خاکی ئیسلام لەژێر ناوی دەوڵەتی نەتەوەیی پارچە پارچە بکەن و موسوڵمانی عەرەبی، ئەفغانی، تورکی، پارسی، فەڵەستینی و چیچانی و کوردی و کوێ و کوێی تر بکەن بە دژ و دوژمنی یەکتری.
دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، واتا ئیسرائیلی دووەم لە ناوچەکە!
وتارێکی مەلاشێرزادی بانگخوازی ئیسلامی هەبوو، من و هێمن گوێمان بۆ دەگرت. مەلاشێرزاد لە وتارەکە باسی فیکری قەومی دەکات و بە پیلانی غەربی دادەنێت و دەڵێت: مێژووناسی کورد( محەمەد ئەمین زەکی بەگ)دەڵێت: تا ئیمپریالیزم نەهات، نەمدەزانی کە من کوردم!
ئەوان هاتن و بە عەرەبیان گوت تۆ عەرەبیت و بە تورکیان گوت تۆ تورکیت و بە فارسیان گوت تۆ فارسیت و بە کوردیشیان گوت تۆیش کوردی.
ئیتر بەو شێوەیە برایەتییە موسوڵمانێتییەکەیان لەبیربردینەوە و چیتر کەس نەیگوت: من موسوڵمانم. بەڵکو هەرکەسە و گوتی: من عەرەب، تورک، کورد، یان فارسم.
من و هێمن دژی هەستی ناسیونالیستی بووین و لامان وابوو بیرۆکەی دەوڵەتی کوردی دەسیسە و پیلانی جوولەکەیە و موسوڵمان تەنها یەک دەوڵەتیان هەیە، ئەویش(خەلافەتی ئیسلامی)یە و لە ئیسلامدا ئوممەت هەیە، نەک ئەو فیکرە ژەهراوییەی کە پێی دەڵێن نەتەوە!
بیرمە مامۆستائاکۆ هەمووجار باسی ناوێکی کوردی دەکرد و دەیگوت: ناوێکی زۆر خۆشه، حەزم لێبوو کچەکەم بەم ناوە ناوبنێم، بەڵام بەهۆی ئەو فیکرە بۆگەنەی قەومییەتەوە، نامەوێ.
مامۆستا سەرەنجام ناوێکی عارەبی(ساجیدە)ی بۆ کچەکەی خۆی هەڵبژارد!