رۆمانى( فەقێیەکی فێندەمێنتالیست)

بەشی(٣٤)

خۆمان دەتەقێنینەوە

من و هێمن، دوو ئەقل هەرزەکار و دەمڕووت بووین. وەک گوتم: تا دەهات توندڕۆتردەبووین. لەکاتی نوێژەکاندا پەنجەی شایەتومانمان دەجوڵاند و لینگمان فش دەکردەوە. یەکە و سیواکێکمان دەستدابوویە و ڕۆیشتینە شار و یەکە و پانتۆرمان بە ڕادان دا و دەلینگەکەیمان کورت کرد و بە خەیاتەکەمان گوت: با نیسفەساق و شەرعی بێت.

 دوو هەرزەکاری تا بڵێیت وشکباوەڕ و ناحاڵی بووین و جارێ لەشەرعدا  باینجان و کولەکەمان لە یەکتری جیا نەدەکردەوە. 

لە دێیەکی ئەولاتری دێیەکەی خۆمان، لای مەلایەکی بیروباوەڕئیسلامی سیاسیش هەفتانە چەندڕژۆێک وانەی فەقێیاتیمان دەخوێند.

لە دێش کومەڵەک منداڵ و تواڵمان لە خۆمان کۆکردبووەوە و لەژێر ناوی ئایین و بە فێڵی قورئانپێگوتن، خەریکی بەئیسلامیکردن و پرۆسەی شۆرینی مێشکیان بووین. هەندەک لە خزم و دراوسێ و خەڵکی دێ، زۆر بەوە قەڵس ببوون و دەیانزانی من و هێمن لەژێرەوە خەریکی چ یارییەکین. ئەو یارییەی مامۆستائاکۆ فێری کردین.

هەندێک لە خزمەکانمان دەستیان کرد بە هەڕەشەلێکردن و چاوسوورکردنەوە.

 ڕۆژێک ڕۆیشتم بۆ ماڵی هێمن، دایکی هێمن گوتی: هیوا بشمبوورە کە وات پێ دەڵێم، تکایه بڕۆ دەرەوە و جارێکی تر تێکەڵاوی هێمن مەکە، تۆ ئەقڵی هێمنیشت تێکداوە. لەو دەمەی سەعیدی مامی هێمنیش هات. گوتی بەخوا حکوومەت دەتانگرێت و بێسەروشوێنتان دەکات و پێشتان دەڵێت ئێوە سەر بە ڕێکخراوی قاعیدە و گرووپی ئوسامە بن لادنن.

واز لەو مامۆستائاکۆ و ئیسلامییانە بێنن.

لەو دێیەی ئەولاتر، دووسێ کەسیان لەسەر ئیسلامیبوون و بە تۆمەتی پەیوەندی و هاوسۆزی بە ڕێکخراوی قاعیدە، گرتووە.

پاشان مۆڕەی لێ گرتم و چاوی لێ سوورکردمەوە و گوتی: مامۆستائاکۆ وای لێکردوون؟ کەسی مامی، ئێوەجارێ هەرزەکار و منداڵن و هیچ نازانن.

من هیچم نەگوت و ئەوێم بە بێدەنگی جێهشت.

ڕۆژی دواتر هێمن هاتە ماڵەوەمان و پێیگوتم: هیوا زۆر داوای لێبوردن دەکەم لەوەی دوێنێ ڕوویدا.

گوتم گوێی پێ مەدە گیانە.

ڕێگای پەیامبەران بە گوڵ نەڕازاوەتەوە. ئەی مامۆستائاکۆ باسی ئارامی و خۆڕاگری ئەیوب پەیامبەری بۆ نەکردین؟

من و هێمن ڕۆژانە بەپێ دەڕۆیشتین بۆ خوار دێ. دووڕیانێکی لێ بوو. تا لەو دووڕیانە ئۆتۆمبیلێک بێت و لێمان بوەستێت و بڕۆین بۆ ئەو دێیەی کە وانەی فەقێیاتیمان لای مەلا حوزەیفە لێ دەخوێند.

ڕۆژێک لە ڕێگەدا، دیدەوانی کوڕی خاڵۆم لێمان ڕاست هات و هەڕەشەی لێ کردین، ئەگەر بێت و واز لەو بەزمە و ئیسلامییەکان نەهێنین و ئاقڵ نەبین، ئەوە دەبێت بڕۆینە هەڵەبجە و لای ئیسلامییەکانی ئەوێ و لێرە ئیتر من و هێمن جێگامان نابێتەوە.

ئەوکات لای ئێمە کە دەیانگوت ئیسلامی، دەگوترا بیارە و تەوێڵە، مقەڕ و مەنبەع و تۆرە و بۆرە و ئەفغانستانی ئیسلامییەکانە. ماوەیەک ئەو شوێنانە ئیسلامییەکان دەستیان بەسەر داگرتبوو و ئەمارەتی ئیسلامییان لێی جاڕدابوو و حوکمی شەریعەتیان بەسەر خەڵکەکەی سەپاندبوو.

کاتێک کوڕەخاڵەکەم هەڕەشەی لێکردین، من و هێمن لەڕووی وەستاینەوە و قسەمان پێ گوت و پێمانگوت هیچ کەسێک حەددی نییه بە ئێمە بڵێت دەبێت بڕۆنە هەڵەبجە. نەتۆ و نە هیچ کەسێک ئەو مافەی نییە بە ئێمە بڵێت دەبێت لێرە بڕۆن. حاڵی بوویت؟

پاشان من و هێمن ڕۆیشتینە لای ئەو مەلاحوزەیفە ئیخوانییەی کە وانەی فەقێیاتیمان لا دەخوێند و پێمان گوت ئەوهامان لێ بەسەرهاتووە و فشارێکی زۆرمان لەسەرە.

 گوتمان گەر تۆ بیڵێیت، ئێمە ئامادەین لەپێناو دینی ئیسلام خۆشمان بتەقێنینەوە.

مەلاحوزەیفە گوتی نا، خۆڕاگربن و بیر لە کارێکی وا هەڵە و سەرشێتانە مەکەنەوە. ئەویش هەمان قسەی مامۆستائاکۆی دووبارەکردەوە و باسی لە خۆڕاگری و سەبر و ئارامی ئەیوب پەیامبەر دەکرد لە کاتی بانگەوازیکردندا.

پێشی گوتین، من لە قوتابخانە و حوجرەیەکی ئایینی خۆمان(هی ئیسلامییەکان)شوێنم بۆ کردوونەتەوە. دوای دوو ڕۆژی تر ئامادەبن و وەرنە فلان شوێنە و دوو مەلا(مەلاعەبدولباقی و مەلاموهەیمین) بە ئۆتۆمبیل دێن بە دواتانا و هەڵتان دەگرن و دەتان بەن بۆ ئەوێ.

ئیتر بەو شێوەیه من و هێمنی هاوڕێم دوای دوو ڕۆژ، دێمان جێهێشت و ڕۆیشتین بۆشار و لەوێ لە قوتابخانە و حوجرەیەکی ئیخوانییەکان درێژەمان بە خوێندنی فەقێیاتی دا.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە