بەشی(٣٨)

هێمن گەیشت بە ترۆپکی توندڕۆیی

من تا دەهات زیاتر بەرەو کرانەوەی فیکری هەنگاوم دەنا، کەچی فەقێ هێمن بە پێچەوانەوە، زیاتر بەرەو پەڕگیری و توندڕۆیی دەڕۆیشت. سەرەنجام هێمن گەیشت بە ترۆپکی تواندڕۆیی.

 من و فەقێ هێمن دوای تەواوکردنی خوێندنی ئیسلامی و ئامادەیی ئیسلامی، ڕۆیشتینە کۆلێژ و لە کۆلێژی شەریعە(زانستە ئیسلامییەکان) دەمانخوێند و لە حوجرەیش چەندین ساڵ هەر پێکەوە بووین.

من و فەقێ هێمن، هێندە هۆگری یەکتر بووین، وەکو مەولانا و شەمسی تەبرێزیمان لێهاتبوو. وامان بیردەکردەوە، مەگەر مەرگ لێکتریمان جیابکاتەوە، دەنا مەحاڵە شتێکیتر ئێمە لێکتری داببڕێنێت و ئەو برایەتی و هاوڕێیەتییە بەهێزەی نێوانمان نەهێڵێت.

زۆرجار بۆ شۆخی گۆرانییەکەی (ئیبراهیم خەیات)م بۆ فەقێ هێمن دەگوت: ئـێمە گیانێکیـن لـــە دوو جـــەستەدا، وەک شـیعر و ئاواز لەیەک بەســتەدا،

دنیا نـــاتوانێ لێـکـمـــان کــــاتــــەوە،

مـــەگــــەر خوا بــۆخـــۆی بمانباتـــەوە.

ئێمە پەروەردەی یـەک خــۆڵ و ئـاوین،

بۆ یــەک مەبەســت و بۆیەک پێناوین.

لــــە نــــاو یــــەکــتردا تـواویـنـەوە.

هێمنیش لە وەڵامدا گۆرانییەکەی تەواو دەکرد و دەیگوت:

ڕێبواری یـــەک ڕێین، جیـا نـــابیـــنەوە.

پـــەیمانمــان داوە تـــا لـــە ژینـــا بین

بۆ تــەنها ســــاتێ بێ یــــەکتر نابین.

ئـــەگــەر لـــەودنیاش زیندوو بینەوە،

هــەر وەکو ئێســتا یــەک ئـەگرینەوە.

یــەک بۆیــەکتری خۆراکی گــیــانین،

لــــە تــــەنــگــانەدا بۆیەک قوربانین.

بەوشێوەیە من و فەقێ هێمن، لە هەموو شوێنێک هەر پێکەوە بووین و وەکو دوو برای دووانە وابووین.

هەمووان لەو پەیوەندی و هاوڕێیەتییە بەهێزەی نێوان من و هێمن، شۆک و سەرسوڕماو بوون! تا ئەوکاتەی من چەندە بەرەو کرانەوەی فکری دەڕۆیشتم، هێمن دوو هێندە و زیاتر بەرەو داخران و پەڕگیری. وامان لێهات لەسەر دەیان پرسی ئایینی و ئایدیۆلۆژی و مەزهەبی، گفتوگۆ و دەمەتەقێ و جیاوازی و زویربوون و دوورکەوتنەوە کەوتە نێوانمانەوە. سەرەنجام فەقێ هێمن به تەواوی پەیوەندی لەگەڵ بچڕاندم.

فەقێ هێمن دواتر نەک هەر من، بەڵکو قسە و تێکەڵاوی و پەیوەندی لەگەڵ هیچ فەقێیەکی حوجرە و هیچ کەسێک نەما. تێکەڵاوی هیچ کەسێکی نەدەکرد و وەکو شێتێکی لێهاتبوو. کڵاوێکی ڕەشی هەمان شێوەی موجاهیدە چیچانییەکانی کردبووە سەر و ڕیشێکی زۆر درێژی بەردابوو و شەروالەکەیشی زۆر کورت کردبوو. بەو دواییە زیاتر دیشداشەیەکی کورتی دەکردبەر.

بەردەوام بێدەنگ و دوورەپەرێز لەوانی تر دەژیا و تەنها گوێی لە سروودی جیهادی و قورئان دەگرت.

بەرلەوەی پەتی پەیوەندی و هاوڕێیەتی من و فەقێ هێمنی هاوڕێم بپچڕێت، هێمن کە دەیبینی من دستمداوەتە کتێبی فەلسەفی و کۆمەڵناسی و فیکری و دەروونناسی. زۆر بەوە قەڵس دەبوو و دوو سێ جار پێی گوتم: هیوا گیان، هاوڕێ باشەکەم، هاوڕێی منداڵیم، هێشتا لە چاوەکانی خۆم خۆشترم دەوێیت. ئەوەی زۆر ئازارم دەدات و نیگەرانم دەکات و زۆرم پێ ناخۆشە، ئەوەیە ماوەیەکە دەبینم دەستتداوەتە کۆمەڵێک کتێبی قۆڕی بێدینان و ڕەخنەگرتن لە موجتەهیدان و موجاهیدان و زانایانی ئیسلامی و مێژووی ئیسلام و فەرموودەکانی پەیامبەر. هیوا گیان، بۆ خوا ئامۆژگاریت دەکەم، تکایە واز بێنە و وەرەوە هۆش.

هیوا، من نامەوێ هەرگیز، تۆ لەدەست بدەم و ئەو هاوڕێیەتییەمان تێک بچێت. هیوا، من تەنانەت نامەوێ بڕۆمە بەهەشتێک، تۆی تێدانەبیت. هیواگیان، نامەوێ ئەوە ببیستمەوە کە پێم بڵێن فەقێ هیوا لە دۆزەخه.

فەقێ هێمن وای گوت و لێزمەی فرمێسک لەسەر گۆنای ڕێچکەیان بەست.

بەوچەشنە من و فەقێ هێمن بەهۆی ناکۆکی فیکرییەوە نێوانمان تا دەهات زیاتر تێک دەچوو و پەیوەندی و هاوڕێیەتیمان زێدەتر وێران دەبوو و لێکتری دوور دەکەوتینەوە.

سەرەنجام هێمن لەو حوجرەیە ڕۆیشت بۆ حوجرەیەکی تر و لای مەلایەکی توندڕۆ.

یەکەم جار بوو، دوای چەندین ساڵ و هەموو تەمەنی منداڵیمان، دوو هاوڕێی گیانی بە گیانی، مەولانا و شەمسی تەبرێزی، کە دنیایەک بیرەوەریمان پێکەوە لە تیانووسی تەمەن و هاوڕێیەتیمان تۆمار کردبوو. دوو هاوڕێ، دوو برا، ئەو دوو برایەی کە لە خەونیش بیرمان لە وەهاشتێک نەدەکردەوە، ڕۆژێک دابێت و لێکتری دوور دەکەوینەوە و هاوڕێیەتیمان کۆتایی پێ دێت!

ئەفسووس، بەوشێوەیە و بە هۆی جیاوازی و ناکۆکی فیکرییەوە، پەتی هاوڕێیەتیمان بچڕا و فەقێ هێمن لە من دوورکەوتەوە و دابڕا.

کاتێک ڕۆیشتیش، بە بێدەنگی و بێ خواحافیزی ڕۆیشت تاکسییەکی ڕاگرت و شت و مەکەکانی خستە سندووقەکەی.

کە بینیم فەقێ هێمن دەڕوات، دامە قوڵپی گریان و تا هێزم تێدابوو ڕامکرد بەرەو هێمن و گوتم تکایە ئەگەر لەبەر من لێرە دەڕۆیت، مەڕۆ و من دەڕۆم؟ گوتی پێویست ناکات گوێم لە هیچ شتێکی تر بێت، خۆت ئەوەت ویست.

هیوا، هەموو شتێک ئیتر کۆتایی پێهات. کە زانیم تازە هێمن هەر دەڕوات، ویستم جانتا و شتەکانی لەگەڵ هەڵگرم تا لای تاکسییەکە، گوتی سوپاس، پێویست ناکات.

هەردووکمان بۆ ماوەی چەند خولەکێک به بێدەنگی سەیری یەکتریمان کرد. دیقەتم دا، هێمن فرمێسک لەسەرگۆنای ڕێچکەیان  بەستووە و وەک ئەوەی بە زمانی ئاماژە پێم بڵێت: هیواگیان، هەرگیز باوەڕم نەدەکرد بەو شێوەیە ڕۆژێک بێت و هاوڕێیەتیمان کۆتایی پێ بێت! فەقێ هیوا، کێ ناڵێت ئەوە دواجار دەبێت کە یەکتری ببینینەوە؟

کێ ناڵێت قەدەر بە یەکجاری بڕیاری دوورکەوتنەوەی نێوان من و تۆی نەداوە؟ 

دەی هیواگیان، کات نەما و زۆر درەنگە، من ئیتر دەڕۆم بۆ عەدەم و تۆیش بە دنیایەک فرمێسک و ئازارێکی نەبڕاوە و دابڕانێکی ئەبەدی دەسپێرم.

 بەڵێ، فەقێ هێمن بە زمانی ئاماژه وای پێ گوتم و سواری تاکسییەکە بوو و ڕۆیشت. لە دوای ڕۆیشتنی فەقێ هێمنی هاوڕێم، تاهێزم تێدابوو دامە پرمەی گریان و دووڕۆژ هیچم نەخوارد و لەگەڵ هیچ کەسێک نەدوام.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە