بەشی(٤٠)
مامۆستا ئاکۆ بوو به کەسێکی عەدەمی!
شەوبوو، بە دڵشکاوی و خەمباریی، بە بیرکردنەوە لە چارەنووسی فەقێ هێمنی هاوڕێم دانیشتبووم. لەپڕ نامەیەکم بۆ هات، سەیرم کرد مامۆستائاکۆ بوو!
سڵاو هیواگیان، چۆنیت باشی گیانی من؟
ئەی فەقێ هێمن چۆنە؟ نامەم بۆ ئەویش نارد، بەڵام ژمارەکەی داخراوە!
هیواگیان، کەی دێن بۆ سەردانیم؟
من ئازاد بوومە. ئەو نامەیەی مامۆستائاکۆ و هەواڵی ئازادبوونی، دڵی زۆر خۆش کردم و لە خۆشییان وەختبوو باڵ بگرم و بفڕم بۆ بۆشایی ئاسمان و تا ئەندازەیەکیش لە خەم و ئازارەکانیشی کەم کردمەوە.
بەوشێوەیه، دوای چەندین ساڵ مانەوە لە بەندیخانە، سەرەنجام مامۆستائاکۆ ئازاد کرا. دوای دووڕۆژ لە ئازادبوونی، ڕویشتم بۆ سەردانی. بەڵام ئەم جارە فەقێ هێمنم لەگەڵدا نەبوو!
هێمن چەند مانگێک بوو، بێسەروشوێن بوو و هیچ سۆراغێکی نەبوو!
مامۆستائاکۆ زۆر گۆڕابوو! هەرگیز نەمدەتوانی باوەڕ بە چاوەکانی خۆم بکەم، کە ئەو مامۆستا ئاکۆیەی ئێستا من دەیبینم، هەمان ئەو مامۆستا ئاکۆیەی جارانە! ئەو مامۆستائاکۆیەی من و هێمنی به بیری توندئاژۆیی گۆش کرد و بە کۆمەڵێک دۆگم تەلقینی دەداین و سەرەنجام کردینی بە دوو کەسی فێندەمێنتالیست. ئەو مامۆستائاکۆیەی هەموو پێنج شەممەیەک لە قوتابخانە بە نهێنی وانەی جەنگ و جیهاد و ئەقیدە و تەوحید و وەلائو بەرائی پێ دەگوتین.
ئەو مامۆستا ئاکۆیەی میوزیکی بە تاوان و لادان دەزانی و دەیگوت: جلی شەرعی ژن، تەنها دەبێت دوو پارچە بێت و نابێت لەوە زیاتربێت.
ئەو مامۆستا ئاکۆیەی دەیگوت: هەر کەسێک برۆکانی هەڵقەنێت و داو لە دەم و چاوی بدات، بەر نەفرەتی خودا دەکەوێت.
ئەو مامۆستائاکۆیەی دەیگوت: عەلمانییەت و دیموکراسییەت و پەڕلەمان کفر و بێباوەڕییە و هەر کەسێ باوەڕی بەو شتە قۆڕانە هەبێت، بێگومان دوای ئیقامه حوججە، کافرە.
ئەو مامۆستائاکۆیەی مێشکی من و هێمنی کاس کردبوو، هێندەی بڵێت: شێخ عەبدولڵا عەززام وا و شێخولئیسلام ئیبنولتەیمییە وا و شەهید سەیدقوتب و عەللامە مەودووی وا.
کەچی ئێستا من مامۆستائاکۆیەکی تر دەبینم. مامۆستا ئاکۆیەک، سەدوهەشتا پلە جیاواز لەو مامۆستائاکۆیەی بەرێ!
ئەو مامۆستائاکۆیەی جاران دەیگوت یاری تاولە تاوانە و جگەرەکێشان حەرامە. کەچی ئێستا گوێ لە گۆرانییەکانی نازم غەزالی و زەکەریا عەبدولڵا دەگرێت و خەنەفسی درێژ کردووە و سەکسووکەیەکی داناوە و جگەرە دوای جگەرە بە با دەدات و بە من دەڵێت: فەقێ هیوا، حەزت لێیە کەمێک یاری کۆنکان بکەین؟
ئەو مامۆستائاکۆیەی پێم دەڵێت: ئێستا من ناڕۆم بۆ مزگەوت و خودا لە هەموو شوێنێکە و هیچ پێویستی بە ئایین و پەرستگا و مزگەوت نییە هیواگیان.
شۆک بووم، کە مامۆستا ئاکۆم بەو شێوەیه بینی!
ئەو پاکەتەی بەردەمی کە چەند جگارەیەکی تێدا مابوو، دوای ئەوەی هەمووی بەبا دا، لەپڕ پاکەتە جگارەیەکی تری لە گیرفانی دەرهێنا و وەکو جاران خەندەیەکی بۆ کردم و گوتی: نایکێشیت فەقێ گیان؟ شێرەکەی ئیسلام. هاهاها.
وای گوت و تاهێزی تێدابوو دایە قاقا.
حەپەسابووم! نەمدەتوانی باوەڕ بەوە بکەم کە دەیبینم!
خودایە ئەوە مامۆستائاکۆیە، یان من وڕێنە دەکەم و ئەوە خەونە دەیبینم؟!
هیواگیان، شێرەکەی من، ڕێویەکەی ئیسلام، چییە پێت سەیرە کە مامۆستاکەت وا دەبینیت؟ هاهاها.
جارێکیتر مامۆستائاکۆ وای پێگوتم و دایەوە قاقا!
بە چاوەکانی تۆ هیواگیان، هەمووی فشەیه.
ئەرێ هیواگیان، هەر پێت نەگوتم کە لەگەڵ فەقێیاتی چۆنن؟ ئێستاش هەر لەسەر ئەقڵییەت و مەزهەبی حەسەن بەننا و سەید قوتب و مەودوودی و ئیبنولتەیمییه و عەبدولڵاعەززام ماون؟
ئەی کوا فەقێ هێمنت بۆ لەگەڵدا نییە؟
خودایە ئەوە مامۆستا چی لێ بەسەرهاتووە؟!
من هیچ تێناگەم!
هەربەڕاستی مامۆستا ئاکۆ بووە بە کەسێکی عەدەمی؟
ئەو مامۆستا ئاکۆیەی کاتی خۆی لە قوتابخانە، ڕۆژێک تەنها لەسەر جگارە کێشان یەکە و دە داری لە هێمنەڕێوی و فاقەقوونخواری دا.
کەچی ئێستا پاکەتێک جگارە لە گیرفانی دەردێنێت و بەمن دەڵێت: هیواگیان، دانەیەک بەبا نادەیت؟!
ئەو مامۆستا ئاکۆیەی بەردەوام باسی ڕیش و سیواک و پانتۆلی کورت و جەنگ و جیهاد و کفر و ئیلحاد و چیچان و فەڵەستین و ئەفغانستان و ئەندەلووسی بۆ دەکردین. مێشکی کاس کردبووین هێندەی باسی حوکمی ئیسلام و جێبەجێکردنی شەریعەت و گەڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامی و گەڕانەوە بۆ کیتاب و سوننەتمان لا باس بکات، کەچی ئێستا توانج لە ئایین دەدات و گالتە بەو فیگەرە توندئاژۆیانە دەکات کە پێشووتر پێی دەگوتن: موجاهید و موجتەهید و موفتی و شەهید و شێخ و زانا و عەللامە و ئێستا لەمن دەپرسێت: هێشتا هەر لەسەر ئەقڵییەت و مەزهەبی حەسەن بەننا و سەید قوتب و مەودوودی و ئیبنولتەیمییه و عەبدولڵاعەززام ماویت؟
من لەو فیکر و خەیاڵانەدا ڕۆچووبووم و شۆک ببووم.
لەپڕ جارێکی تر مامۆستا ئاکۆ پێی گوتم: هیواگیان ئەوە چیتە؟
گوتم: ها، هیچ هیچ مامۆستاگیان.
مامۆستا ئاکۆ هەستی کرد من شۆک بوومە کە بەوشێوەیە دەیبینم. خەندەیەکی بۆ کردم و جارێکیتر جگارەیەکی دامێ و گوتی: هەر نایکێشیت هیواگیان؟
هیواگیان، با ئامۆژگارییەکی گیانی خۆم بکەم. دڵی من، هەرگیز هیچ شتێک بە توندی مەگرە، چێژ لە ژیان ببینە. ئەوەیتر هەمووی فشەیە!
ئەرێ هەر پێت نەگوتم: هێمن لە کوێیە و وەزعی چۆنە؟ ئەی چۆنە ئەوجارە بە تەنیایت و فەقێ هێمنی هاوڕێت لەگەڵدا نییە؟
خۆ ئێوە وەک دوو برای دووانە وابوون و لە هەموو شوێنێک هەر پێکەوەبوون.
بۆچی ئێستا تەنیایت و هێمنت لەگەڵدا نییە؟!
هێمن ماوەی چەندین مانگە بێسەروشوێنە و هیچ سۆراغێکی نییە!
بە قوڕگی پڕ لە گریان، زۆرم لەخۆم کرد تا توانیم وا بڵێم.
بۆچی؟ چی ڕووی داوە هیواگیان؟
دەمێک لەبەر شەپۆڵی فرمێسک و گریانێکی بەهێز، نەمتوانی هیچ بڵێم.
مامۆستا ئاکۆ به حەپەساوی سەیری دەکردم!
هیواگیان، تکایە هێمن چی لێ بەسەرهاتووە؟
بەسەرهاتی هێمنم لە سەرەتاوە بۆ باس کرد.
مامۆستا ئاکۆ ڕەنگی تێک چوو و گوتی: بە دڵنیاییەوە هێمن ڕۆیشتووەتەوە ناو ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش!
نەفرەت لە من! ئاخخخ.
کە مامۆستا گوتی ئاخ. بیری سەردەمی منداڵی و ئەو ڕۆژەم کەوتەوە، کە مامۆستا لە قوتابخانەی سەرەتایی لە دێ گوتی ئاخ.
مامۆستا لەگەڵ ئاخهەڵکێشانەکە، فرمێسک بەلێزمە لەسەر گۆناکانی ڕێچکەیان بەست.
نەفرەت لە من. من ئەوەم لەگەڵ هێمن کرد. نەفرەت لەمن.
نا مامۆستا، تکایه وا مەڵێ.
هیواگیان، من شایەنی هەزاران تف و نەفرەتم.
من بووم ژیانی ئێوەم شێواند و جیهانی منداڵیتانم فڕاند و پڕمکردن لە تۆوی توندڕۆیی و دەمارگیری و ڕق.
بەڵێ، منی توندڕۆ و سەرلشێواوبووم کە ئێوەم کرد بە توندڕۆ و ماڵی ئێوەم وێران کرد و چارەنووسی هێمنم بە سەرگەردانی و بەم ڕۆژە ڕەشە گەیاند.
من بووم، بەڵێ من بووم، من، من، من.
گوتم: من بووم، بەڵێ من. من دنیای هێمنم کرد بە دۆزەخ و بوونیم وێران کرد و هێمنم گەیاندە ئەو چارەنووسە شووم و تاریک و نەفرەتاوییە.
بە تۆنێکی توند و دەنگێکی بەرز مامۆستا وای گوت. هەردووکمان دامانە پرمەی گریان و مامۆستا ئامێزی تێوەرهێنام.
مەگری هیواگیان، تکایە تۆ مەگری. تۆ تاوان و خەتایەکت نییە تا بگریت، ئەوەی تاوانبار و شایەنی تف و نەفرەت و ڕیسواکردنە، منم من، نەک تۆ.
 
 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە