بەشی (٩)

چیتر من ئەو هیوا جڕتۆیەی جاران نیم.

لەوڕۆژەوەی کە مامۆستا کارزان وای بەسەر هێنام، من لەپاڵ ڕق و نەفرەتێکی بێ ئەندازە، تۆوی یاخیبوونیش کەوتە کەوڵمەوە و بڕیارم دا ئیتر هەرگیز ئەو هیوا جڕتۆیەی جاران نەبم.

من ئەو ڕۆژەی مامۆستا کارزان کردمی بە پەند، گەر ئەو بەردەم تێنەگرتبوایە، دڵم شەقی دەبرد. ڕاستە من لەلایەک تێکوپێک شکێندرابووم، بەڵام لەبەرامبەریشدا خۆم وەک براوەیەکی جەنگەکە و پاڵەوانێکی بێ وێنەی فیلمی فلیم سووتانەکەی قوتابخانە دەبینی.

بۆیە چەندە بیرم لەو لێدان و ئازاردانەی مامۆستای جەللاد دەکردەوە، هێندەیش لەو بەردەی کە لە قاچیم دا.

چەندە ئەو منی بە قژ ڕاکێشا و بە مشتەکۆڵە و پێلەقە و جوێن کەوتە سەروگوێلاک و گیانمەوە، منیش هێندە جوێنم بۆ حەواڵەکرد و تەختی تەنیشت جۆگەلەکەم کرد.

من ئەو شەوە بەو خەیاڵ و بیرکردنەوانە شەوم ڕادەستی ڕۆژ کرد. چەندە خەفەتم دەخوارد و دەگریام و هەستم بە ڕق و نەفرەت و ئازار و دڵگوشین و بێزارییەکی یەجگار دەکرد، هێندەیش پێدەکەنیم و هەستم بە ئاسوودەیی دەکرد.

ڕۆژی دواتر، هێمنەڕێوی هاتە ماڵمان و داوای لێبووردنی کرد لەوەی کە ڕووی دا.

گوتم نا هاوڕێکەم، ئەی باشترین هاوڕێم!

کەوام گوت، هێمن بە واق وڕماوی و حەپەساوییە لێی ڕوانیم! هیواگیان: تۆ باشیت؟

 تا هێزم تیابوو دامە قاقا.

هێمن زیاتر سەرسڕمان و واق وڕمان گرتی!

مەترسە هێمنە قەشمەر، هێمنەڕێوی. هێمنە دووزمان.

هێمنی گوڵ و دڵ، تۆ ئیتر باشترین هاوڕێم دەبیت.

هێمن، دەزانی تۆ کوڕێکی زۆر هۆشیار و زیرەکیت؟ بەڵام من گێل و سادەلەوح بووم و هەرگیز لە تۆ حاڵی نەبووم.

 تو زوو بە منت گوت: ئێمە زۆرجار باجی چاکەکانمان دەدەین،

باجی ڕاستگۆیی دەدەین، باجی گێلێتیمان دەدەین.

بەڵێ هێمن، من باجی بێ مێشکی خۆمم دا. باجی گەمژەیی، باجی دەستپاکی و ڕاستگۆیی.

بینیت لەسەر هەڵەیەک، تەنها یەک هەڵە، چۆن مامۆستا و قوتابی و تەنانەت خوداش، هەمووی چوونە سەنگەری بێویژدانی و چییان بەسەر هێنام؟

بینیت هێمن؟

هێمن تۆ زۆر ڕاستت گوت، کە گوتت: هیوا، لەو سەردەمە نەیانشێڵین، دەمانشێڵن.

دەی هێنمن، من ئیتر کار بەو فەلسەفەی شێڵانە دەکەم. هەرکەسێک شاپێکم لێ بدات، من دوو شاپی لێ دەدەم، جوێنێکم بۆ حەواڵە بکرێت، یەک تەنەکە گوو، بەرامبەری دەبێت.

هێمن، ئیتر من هەموو بەڵێنەکان دەشکێنم و پشت لەو فەلسەفەی پەروەردەکردنە دەکەم، کە دایکە دڵپاکەکەم چەندین ساڵە، من و براکانم و خوشکەکانم لەسەری پەروەردە و گۆش دەکات.

هێمن، ئیتر من ئەو هیوا بێدەنگ و دڵپاک و ڕەوشتبەرزەی جاران نامێنم. حاڵی بوویت؟

کە وام گوت، هێمنە ڕێوی بە سەرسڕماوی سەیری دەکردم و حەپەسابوو!  وەک بڵێیت باوەڕ نەکات کە ئەوە ڕاستی بێت به چاوەکانی خۆی دەیبینێت!

هاهاها. دووبارە دامەوە قاقا.

هێمن، تکایە لەو کەلی ڕێویاتییەی خۆت وەره خوارەوە و گێل مەبە. ئەوە خەون نییە تۆ دەیبینیت، ئەوە ڕاستییە ڕاستیییییییییییییییی.

هێمن گیان، دەزانم ئێستا بیر لەوە دەکەیتەوە و دەڵێیت:

ئاخر ئەوە هەر ئەو هیوا جڕتۆیە نییە، کە چوار هەفتە بەر لە ئێستا، بەهۆی منەوە، یەک دەستە تەباشیری دزی. خەریکبوو دنیام بەسەردا بڕمێنێت و وەک هار و شێتی لێهات و ڕۆژی دواتر، ڕێک و ڕەوان، یەکسەر ڕۆیشت و دانی بە هەڵەی خۆی دانا و هەموو شتێکی بە مامۆستا سەید گوت؟!

هێمن، کەر مەبە تکایە، دەی واز لەو بیرکردنەوە قۆڕە بێنە.

گوتم چیتر من ئەو هیوا جڕتۆیەی جاران نیم!

حاڵی بوویت؟

قوتابخانە شوێنی پەروەردە و ماڵی دووەمی قوتابییە! هاهاها.

جارێکی تر دامەوە قاقا.

ئینجا تا هێزم تیابوو گوڕاندم:

نەخێێێێێێێێر، ئەو قسەیە جگە لە درۆیەکی ڕووت، هیچی دیکە نییە.

قوتابخانە جگە لە جەللادخانەیەک و مامۆستاکانیش جگە لە کۆمەڵێک جەللاد، زیاتر نین.

نەفرەت لە قوتابخانە، نەفرەت لە مامۆستاکان، نەفرەت لە پەروەردە، نەفرەت لە ڕاستگۆیی، نەفرەت لە دەستپاکی، نەفرەت لە عارد و عاسمان، نەفرەت لە ڕووبار و دەشت و دەر و دۆل و نەهال و چیاکان.

نەفرەت لە هەموو شتێک، نەفرەت، نەفرەت، نەفرەت، نەفرەت، نەفرەت... هەمووتان بە نەفرەت بن.

کە وام گوت، هێمن دەستەکانی خستە سەر دەمم: تکایە هیوا گیان. هێمن بەرەوە.

هێمن گیان، نەخێر، من چیتر بێدەنگ نابم، بێدەنگی ڕەوشتی مرۆڤی بە مەڕبوو و ترسنۆکە.

بەڵێ، گوتم کە من بێدەنگ نابم ئیتر.

تکایە هەرگیز هەوڵ نەدەیت کە بێدەنگم بکەیت، حاڵی بوویت؟

هێمن، هەر قوتابخانە و مامۆستای جەللاد بوون دەروون و کەسایەتی کافکایان تێکوپێک شکاند و کافکایان کرد بە کەسێکی ڕەشبین و پووچگەرا.

ئەو مامۆستا جەللادەی کافکا بوو، کە کافکای لە پۆل کردە دەرەوە.

دووباره گوڕاندم: نەخێێێێێر، قوتابخانە دووەم ماڵ نییە، بەڵکو دووەم تەوالێتە تەوالێت! حاڵی بوویت هێمن؟

هێمن بە ترس و سەرسڕماوی و حەپەساوییەوە سەیری دەکردم !

وای دەزانی من بە هۆی ئەو لێدان و بە قەشمەرکردنەی دوێنێ، تووشی وڕێنە بووم و شتێکم لێ بەسەرهاتووە.

هێمن، من شێت نەبووم و وڕێنەش ناکەم و هیچ عەیبێکیشم نییە، حاڵی بوویت؟

هێمن، تکایە چیتر گەمژە مەبە.

هێمن ئێمە لە قوتابخانە فێری پەروەردە ناکرێین، بەڵکو ئێمە بە قەشمەر دەکرێین و فێری تێهەڵدان و پیاکێشان و هونەری کۆنفۆ دەکرێین، لەسەر دەستی کۆمەڵێک جەللاد، کە ناونراون مامۆستا!

هێمن، دەبێت من و تۆیش ببین بە جەللاد!

من لە دوێنێوە لەوە دڵنیابوومەتەوە کە خودایش لایەنگری جەللادەکانە.

ئەی گەر وا نەبێت، بۆچی هێندە هاوارم کرد و تکام لێ کرد، نققەی لێوە نەهات؟!

بۆچی فریام نەکەوت هێمن؟ بۆچی؟ بۆچی؟ بۆچیییییی؟

دووباره تا هێزم تیابوو هاوارم بەسەر هێمندا کرد.

هێمن، من دوێنێ خودام بینی، بەڵێ، لە کاتی فیلمی بە قەشمەرکردنەکەدا ئەویش لەوێ بوو و وەک هەمووان سەیری فیلمەکەی دەکرد و  وەک تۆش پێدەکەنی!

هێمن بەو گوێچکانەی خۆم گوێم لێ بوو، خودا دەیگوت: واو، وەڵڵاهی هیوا جڕتۆ دیارە ئەکتەرێکی زۆر زیرەکە، گەر نا چۆن بەرگەی ئەو بەقەشمەرکردن و هەموو شووت و پیاکێشان و تێهەڵدان و قژڕاکێشان و سووکایەتیپێکردن و جوێنپێدانە دەگرێت؟!

بەڵێ هێمن، من دوێنی خودام بینی وای دەگوت !


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا