
ئازاد جۆڵا / هەولێر
ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا ڕۆمان، چیرۆک، یان تەنها بەرهەمێکی خەیاڵی نییە، بەڵکو بیرەوەری و بەسەرهاتی ڕاستەقینە و تۆمارێکی مێژووییە لەڕووداوە سەخت و تاڵەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی و تێکۆشانی قۆناغێک لەقۆناغەکانی خەباتی گەلەکەمان، بەجۆرێک کاریگەرییەکی قوڵ لەناخ و دەروون و خەیاڵی تاک بەتاکمان دروست دەکات، چونکە ناوەڕۆکی ئەم کتێبە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ڕۆژگارێکی سەخت و پڕ لە نەبەردی مرۆڤە گەورەو جوامێرەکانە، کە مرۆڤی ئاسایی ناتوانێت بە تەواوی گوزارشتی لێبکات، تەنها فیداکارە خۆنەویستەکانی گەل و نیشتمانێک نەبێت.
کاتێک دەچییە قووڵایی گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان، سەرەڕای ئەوەی ڕووداوەکان هێندە دڵتەزێن و پڕ لە ئازارن کەمرۆڤ گومانیان لەسەر دروست دەکات، بەڵام شێوازی گێڕانەوەی وردو ناوهێنان و دیاریکردنی کات و شوێنەکان، ڕاستی و دروستی و واقیعی ڕووداوەکان وەکوخۆی دەسەلمێنێ و بۆ مێژوویەکی دوورو درێژ دەیانهێڵێتەوە.
گرنگی نووسینەوەی ئەم بیرەوەرییە لەوەدایە زۆرێک لەو ڕووداو و کارەساتانە بەهۆی نەبوونی دەرفەت یان هۆکاری جیاوازەوە "ئەوکات" نەدەتوانران تۆمار بکرێن، بەڵام دواجار بە هەوڵی چەند هاوڕێیەک بەشێکی زۆر لە ڕووداوەکان و بیرەوەرییەکانی نووسەر پارێزراون و بەزیندوویی مانەوەو لەکۆتاییدا تۆمارکران.
کتێبەکە دابەش بووە بەسەر چەند بەشێکدا که تیشک دەخەنە سەر قۆناغە جیاوازەکانی خەبات، وەک کاتی چوونە شاخ و سەردەمی ناسۆری و ناڕەحەتییەکان و ڕووداوە ناخ هەژێنەکانی ئەوکات، ئینجا سەردەمی زیندان و ئەشکەنجەو ئازار، پاشانیش تێکۆشانی نهێنی شار.
کتێبەکە زۆر بەوردی و دیدگایەکی ڕوونەوە، وردەکارییەکانی ژیان و هاوڕێیەتی لەسەردەمی شاخ و زینداندا بەگشتی دەگێڕێتەوە، بەشێوازێک کە دوورە لە زیادەڕۆیی و خۆهەڵکێشان و پیاهەڵدان بەخۆیی و هەرکەسێکی دیاریکراو، بەڵکو بەزمانێکی سادە، ڕاستگۆیانە و پڕ لە سۆز، باس لە دۆخە دەروونی و جەستەیییەکان دەکات. ئەوەی ئەم بیرەوەرییانە پڕ بایەختردەکات، گێڕانەوەی وردەکارییە مرۆییەکان و وەفادارییە بۆ ئەو شەهیدانەی کەگیانیان بەگەل و نیشتمان و مرۆڤایەتی بەخشی و بۆ گەوەریی ئەو هاوڕێ و تێکۆشەرانەی کەبەیەکەوە قۆناغە سەختەکانیان تێپەڕاند.
دەتوانین بڵێین (گەڕانەوە لەمەرگ)ی جەمال شووشە تەنها کۆمەڵێک بیرەوەریی کەسی نییە، هێندەی بەڵگەیەکی مێژوویی زیندووە لەسەر قۆناغێکی خوێناوی و پڕ لەسەروەریی خەباتی گەل و نیشتمانێکی نکۆڵیلێکراوی پڕ لەچەوسانەوە، کتێبەکە ڕاستەوخۆ خوێنەر دەباتەوە ناو قوڵایی ئەو ئازارو هیوا گەورانەی کە ئەوکات تێکۆشەران بەوپەڕی وورەو هیواو باوەڕەوە لە پێناویدا تێدەکۆشان..
