حەمەسەعید حەسەن

ژان ماری گوستاڤ لوو کلێزیۆ کە ١٩٤٠ لە شاری نیس لە فەرەنسا لەدایکبووە، بە ڕەچەڵەک خەڵکی (موریس)ە کە دوورگەیەکی لەبیرکراوە لە ئۆقیانووسی هێمندا. ساڵی ٢٠٠٨ لەبەر ڕۆمانی (بیابان) کە کولتووری بیابانی باکووری ئەفریکا بەسەر دەکاتەوە، خەڵاتی نۆبێڵی وەرگرتووە. ڕەخنەگری ناسراو موریس نادۆ کە توانای پێشبینیکردنی بەهرەی شاراوەیشی هەیە، لەبارەی لوو کلیزیۆوە گوتبووی: (بەهرەیەکی ئەدەبییە، هاکا دونیای سەرسام کرد.)  لوو کلێزیۆ بە نووسینی ئەدەبی سەفەرنامە ناسراوە، ئەدەبێک دەرگەی بە ڕووی ئەوانی دیکەدا کراوەیە و پڕ بە پێستی دەربڕینەکە، ئەدەبێکی ئینسانییە. لوو کلێزیۆ کە ئەدەبی فەرەنسایی خوێندووە، نامەکەی لەبارەی ئەو (دوورەپەرێزی)یەوە بووە کە لە شیعری شاعیری گەڕیدە: (هەنری میشۆ)دا هەستی پێ کردووە. یەکەمین سەفەری لوو کلیزیۆ بۆ بانکۆک دەبێت، بەڵام چونکە مەسەلەی ئەو بازرگانیی سێکسە دەورووژێنێت کە لەوێ بە منداڵانەوە دەکرێت، هەر زوو لە تایلاند دەردەکرێت.

بورخێس دەڵیت: (ئینسان لە هەوڵی ئەوەدایە، خۆی لە حەقیقەتدا چۆنە، ئەوە نیشان بدات، خۆی وەک هەیە، نەک وەک ئەوەی دەوروبەر دەیانەوێت.) بورخێس ئەو بیرۆکەیەی لە چیرۆکێکیدا دەربڕیوە کە باسی پڵنگێک دەکات، هەموو ژیانی بۆ ئەوە تەرخان کردووە، پڵنگبوونی خۆی بسەلمێنێت. لوو کلێزیۆ زۆر بەو چیرۆکەی بورخێس سەرسام دەبێت و بۆ ئەوەی لەبارەی (هیندییە سوورەکانەوە) بنووسێت، دڵی بەوە ئاو ناخواتەوە، لەبارەیانەوە بخوێنێتەوە، یان گوێ لە بەسەرهاتیان بگرێت، بەڵکوو دەچێت لەگەڵیاندا دەژی، وەک گەشتیارێک نا، تەواو وەک یەکێک لەوان، ئاخر نووسین لای ئەو، (رۆییشتنە بۆ بینینی ئەودیوی گردەکە) و (نابێت نووسەر هەر پشت بە زەینی خۆی و بە وشەی ساردوسڕ ببەستێت.) لوو کلێزیۆ نووسەرێکە بێدەنگ، زیاتر بیر دەکاتەوە و  ڕادەمێنێت، وەک لەوەی قسە بکات، کە قسەی هەبوو بۆ گوتن، دەچێت دەنووسێت. ڕەنگە ئەو خووە لە خەڵکی بیابان و (هیندییە سوورەکانەوە) فێر بووبێت، ئاخر ئەوانیش حەزیان لە بێدەنگییە و ترسیان لە تەڵەی گوتن هەیە. لوو کلێزیۆ لە بێدەنگییەوە فێر بووە، کورتبڕی ڕەچاو بکات، بایەخ بە ئاماژە، سیمبۆڵ، وێنە و سرووت بدات.

کە لە لوو کلێزیۆیان پرسیبوو، بۆچی هێندە بایەخ بە بیابانشین و (هیندیی سوور) دەدەێت، گوتبووی: (هەموو شتێک لای ئەوان جیاوازە، وەک بۆچوونیان بەرانبەر زەمەن و ژیان و ئامانج لە بوون. ئەوان پێیان وایە، ئینسان بۆ ئەوە لەدایک نابێت، وەچە بخاتەوە و سامانی بۆ بەجێ بهێڵێت، بەڵکوو ئەوە بە لایانەوە گرنگترە، ژینگە پیس نەکرێت، بۆ ئەوەی بە پاکژی بۆ نەوەکانیان بمێنێتەوە. لای ئەوان پێوەندیی گەرموگوڕی نێوان خیزان و تاکەکان، زۆر لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیایی گرنگترە. لای ئەوان ئەوە گرنگ نییە کە بۆ نموونە ئەگەر گۆشتیان برژاند، دووکەڵەکەی بۆ دراوسێکان نەچێت، ئاخر هەموو دراوسێکان بە چاوپۆشین لەوەی لە پەیداکردنی گۆشتەکەدا ماندوو بوون یان نا، بە کۆمەڵ دەیخۆن.)

داگیرکارانی پێستسپی، (هیندییە سوورەکانیان) هەر بە گولـلە نەدەکوشت، ڤایرۆسی پەتای کوشندەیشیان بەنێویاندا بڵاو دەکردەوە، بۆیە ناهەقیان نەبوو کە بە چزووی شیعر و سترانیان، ویژدانی خەوتووی مرۆڤایەتی بێدار بکەنەوە. ئەوان زمانی شیعریان، هێندە لە سرووشتەوە نزیکە، هێندە ڕۆشن و خۆڕسکە، هیچ زۆر لە خۆ کردنێکی پێوە دیار نییە. ڤیارگۆ بیکۆ (١٩٣٤ – ٢٠١١) کە یەکێکە لە شاعیرە (هیندییە سوورەکانی) بەرازیل دەڵێت: (بە چاوپۆشین لە گۆڕانکارییەکان، ئینسان لە ناخدا هەر بە ئینسانی سەرەتایی دەمێنێتەوە.) لای ئەو (شیعر: هاواری خودێکی نیگەرانە و چەکی داکۆکیکردنە لە ناسنامە.)

(باپیرەمان کە هەمیشە

چاوی پڕبوو لە تروسکە

دڵی لێوانلێو لە هیوا

لەدوای ناشتنی هەر تەرمێ

بە ڕوخسارێکی گەشەوە

دەیگوت: لەگەڵ بادا بڕۆن

لەگەڵ هەتاودا وەرنەوە

*

تەنیا بەوە قایل دەبین

لە بەهەشتی

وڵاتی خۆماندا بژین

کە ڕووباری

وەک دەماری

خوێن بە لەشماندا ڕەت دەبێ

کە هەر لە ئافرەتێ دەچێ

پێستی جوانتر

لەو هەتاوەی

لەنێو ئاودا بریقەی دێ.)

*

ژان ماری گوستاڤ لوو کلێزیۆ ١٩٦٣ یەکەمین ڕۆمانی بە ناونیشانی (ڕاپۆرتێک لەبارەی ئادەمەوە) بڵاو دەکاتەوە، چل و پینج ساڵ دواتر لەسەر ڕۆمانێک کە ١٩٨٠ دەینووسێت  و ناوی لێ دەنێت: (بیابان) و تێیدا دیوی ناوەوەی ژیانی گەلی (تەواریق)ی سارای باکووری ئەفریکا بەسەر دەکاتەوە، نۆبڵ وەردەگرێت. گەشترین لایەنی نووسینی لوو کلێزیۆ ئەوەیە، باس لە کولتووری گەلانی ئەفریکا و (هیندییە سوورەکان) دەکات، باس لەو شارستانییانە دەکات کە هەڕەشەی سڕینەوەیان لەسەرە و هەر لەو سۆنگەیشەوە ڕۆمانەکانی دەکەونە خانەی ئەدەبی پۆست کۆڵۆنیالییەوە.

لوو کلێزێۆ لەگەڵ ژنەکەیدا کە خەڵکی مەغریبە و ناوی (جمێعە)یە،(*) زۆر جار پێکەوە بۆ گۆشە دوورەکانی دنیا، بە مەبەستی ناسینی کولتووری گەلانی دوورەدەست سەفەر دەکەن و هەر پێکەوەیش چەند کتێبێکیان نووسیوە. ئەوە بە لای لوو کلێزیۆوە زۆر جێی بایەخە، ڕووناکی بخاتە سەر ئەفسانە و داستان و شارستانیی (هیندییە سوورەکان،) هی ئەو سەردەمەیان کە هێشتا کۆلۆمبۆس دەرکی بە هەبوونی ئەو ناوچانە نەکردبوو.

لوو کلیزیۆ کە دایکی فەرەنسایییە و باوکی ئۆگەندایی، ڕۆمانێکی بە ناوی (ئەفریکایی)یەوە، بە زمانێکی ئاسان و بەوپەڕی ڕاستگۆیی و ڕاشکاوییەوە نووسیوە، تێیدا بەدووی خۆیدا دەگەڕێت و لە هەوڵی ئەوەدایە، پردێک لە نێوان خۆی و ڕەگوڕیشەدا ڕۆ بنێت. ئەفریکایی جۆرێکە لە نووسینەوەی ژیاننامە، ئاخر تێیدا باسی ئەو سەفەرەی خۆی دەکات کە بۆ یەکەم جار بە هەشت ساڵی لە فەرەنساوە بۆ لای باوکی دەچێت کە لە دارستانەکانی (ئوگاندا)دا پزیشکێکی گەڕۆک دەبێت، پزیشکێک ژیانی بۆ بە هاناچوونی هەژارانەوە تەرخان کردووە. لوو کلێزیۆ لە ڕۆمانی (بیابان)دا، جەنگەڵەکانی ئەفریکا بەجێ دەهێڵێت و ڕوو لە دنیای بیابانە گەورەکەی، زێدی هاوسەرەکەی دەکات و باسی ئەو زەمینە لەبیرکراوەمان بۆ دەکات کە هێندە پاکژە، هەر دەڵێیت تازەکی خودا خوڵقاندوویەتی.

لوو کلێزیۆیش وەکوو دی جی سالینجەر، زاهیدێکی ڕاستەقینەی ئەدەبییە، هیچ حەزی لە ڕووناکیی ڕاگەیاندن و خۆدەرخستن نییە، زیاتر بە پانتۆڵێکی جینز و بە جووتێك پێڵاوی کەنار زەریا (سەندەڵ)وە دەبینرێت. لە جەستەیدا ڕۆحێک هەیە، هەر لە ڕۆحی (هیندییەکی سوور) دەچێت، نە شەیدای خواردنە، نە هی خواردنەوە، بە پێچەوانەوەی نووسەرانی دیکەوە، هێشتا هەر بە دەست دەنووسێت. ئەو هەرچەندە بەردەوام بەگژ شارستانیی جیهانگیریدا دەچێتەوە، بەڵام پێی وایە، (نووسین چەکی خەبات نییە، نووسەر توانای گۆڕینی دنیای نییە، نووسەر هەر هێندەی لەدەست دێت، هەست بە خەم و ئازاری خەڵکی دنیا بکات.)

لوو کلێزیۆ کە بە هەق نووسەری خەڵکانی چەوساوە و پەراوێزخراوە، هەر ڕۆمان و چیرۆک نانووسێت، بیۆگرافیا، کتێبی منداڵان و شیعریش دەنووسێت. لەو گوتارەیدا کە بە ۆنەی وەرگرتنی نۆبڵەوە لە ستۆکهۆڵم پێشکەشی کرد، گوتی: (بەلای منەوە ئەوە ئاسایی نییە، لە ناچارییەوە بنووسین، نابێت دژواریی هەلومەرجەکە ناچارمان بکات، وەک کاردانەوەیەک هانا بۆ نووسین ببەین. کتێب بەنرخترین گەنجینەیە، زۆر لە حیسابی بانک و موڵک و ماڵی دیکە گرنگترە. ئەوە لوتکەی کارەساتە، چاوپۆشیی لە خەمی ئەو خەڵکە بکەین کە بەدەست برسییەتییەوە گیریان خواردووە، یان لە هەلومەرجێکی هێندە سەختدا دەژین، گرنگترین شت لایان، ئەو مووچەیەیە لە کۆتایی مانگدا وەری دەگرن. ئەدەب با توانای گۆڕینی واقیعیشی نەبێت، بەڵام هەر بایەخی خۆی لەدەست نادات، هیچ نەبێت لەسۆنگەی ئەوەوە کە باشترین هۆکارە بۆ تەعبیرکردن لە ناسنامە.)

چارلی چاپلن (بۆ دروستکردنی کۆمێدیا، تەنیا پێویستی بە پارکێک و پۆلیسێک و کچێکی جوان هەبوو.) ئەو پێی وابوو، گرنگترین شت لە ژیاندا خۆشەویستییە، ئاخربەبێ هەبوونی خۆشەویستی، داهێنان وەک مەحاڵ وایە، ئاخر لوتکەی بەختیاری ئەوەیە، ژنێکی جوان و دلۆڤان خۆشی بوێیت. لوو کلیزیۆیش بۆ نووسین، پێویستی بە کاغەز و بە قەڵەم و بە مێزێکی ساکار هەیە، بەڵام ئیشەکە هەر بەوەندە ڕایی نابێت، ئەوەی بە پلەی یەکەم وزەی نووسینی پێ دەبەخشێت، خۆشویستنی خەڵکانی ستەملێکراوە، خەڵکانێک داگیرکارانی پێستسپی هەوڵی قەلاچۆکردن و سڕینەوەی کولتووری داون. خۆشویستنی منداڵیش لوو کلێزیۆ بۆ نووسین بانگ دەکات، ئاخر ئەویش وەک هیراکلیتس پێی وایە، چونکە هەڵگری داهاتووی مرۆڤایەتییە، دەبێت تاجی شایانە بکرێتە سەری منداڵ.

*

(١) کاظم جهاد، لو کلیزیو مغربیا، الإتحاد الثقافي ٨ مایو ٢٠١٤ أبوظبي.

(٢) گوستاف لو کلیزیو، غابة التناقضات، محاضرة في ستوکهولم بمناسبة تسلمە جائزة نوبل، ترجمة: عبدالغني بوحمزة، مجلة طنجة الأدبیة، العدد ٤٩ یولیو ٢٠١٣ طنجة.

(٣) أحمد فرحات، نماذج من شعر هنود الحمر، الإتحاد الثقافي ١٥ مایو ٢٠١٤ أبوظبي.

(*) جمێعە، بچووککراوەی جومعەیە.

جان ماري غوستاف لو كليزيو - ويكيبيديا


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا