بەشی چوارەم

خوێندنەوەو ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

(هەڵوێستە بەلای بەرگەکانی: 7 ، 8 ، 9 ، 10 ) دا

+ وتەیەک لە بەرایی ئەم بەشەدا

ــ کاک مومتاز حەیدەری نووسەرو ڕۆژنامەنووس ؛ چەند ساڵ خەریک بووە ، ماندوو بووە، شەونخوونی کردووە، ڕەنجی کێشاوە بە کۆکردنەوەو ئامادەکردنی هەموو ئەو بابەت و نووسینانەی لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدە لە گۆڤارو ڕۆژنامەکان بڵاوی کردوونەتەوە، یان هەندێکیانی وەکو کتێب و نامیلکە چاپکردوون، یان ئەو دیدارانەی لە کەناڵە جۆر بە جۆرەکانی ڕاگەیاندندا، لە گەلیدا سازکراون و بڵاوکراونەتەوە، هاتووە هەموو ئەو ئەو نووسین و بابەتانەی لە دوو توێی (18) بەرگی کتێبی قەبارە گەورەدا ، بە هەزاران لاپەڕە ، لەسەر ئەرکی خۆی چاپکردوون و دواتر بە دیاری پێشکەش بە خوێندەوارو کتێب دۆستانی کردوون. دەبا ئێمەش هێز بدەینە بەرەخۆمان ،هیممەت بکەین، پەیتا پەیتا بیانخوێنینەوە، سوودیان لێ وەربگرین و دەکرێ ڕەخنەش بگرین..نەوەک تەنیا بۆ دیکۆرو جوانی لەناو ڕەفەکانی کتێبخانەکانماندا دایان بنێین و سەیریان بکەین!!

+ دیدارە هەمە بابەتەکان

لە حەوتەمین بەرگی (ڕەوسەی قەلەمەکەم)دا کە تەواوکەری شەشەمین بەرگە، زیاتر لە (500) لاپەڕە بۆ ئەو دیدارە ڕۆژنامەوانییانەی لەگەل مومتاز حەیدەرییدا سازکراون تەرخانکراوە.

تێرو تەسەلترین دیمانە لەم بەرگەدا ، ئەم دیمانەیەیە کە ڕۆژنامەنووس عەلی مەحمود لە چوارچیوەی بەرنامەی (چەپ و ڕاست)ی تەلەفزیۆنی ئازادیدا، لە چواربەشدا لەگەل هەردوو برا: مومتاز حەیدەری و د. جەمشید حەیدەریدا ئەنجامی داون. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و ڕەخنە لێگرتنە ناوی کەناڵەکەی ڕاگەیاندن و ڕێکەوتی ئەنجامدانی دیدارەکان تۆمارنەکراون.

لەم چوار بەشەی دیدارەکەدا هەردوو تێکۆشەری بەڕێز  وەڵامی چەندین پرسیاری هاوڕێ (عەلی سیاسی) یان داوەتەوە و گەلێک زانیاری مێژوویی گرنگیان درکاندووە.

لە میانی سەرنجدانی تەواوی دیدارەکانی ئەم بەرگەدا ڕاستییەکمان بۆ دەردەکەوێت، ئەویش ئەمەیە کەوا مومتاز حەیدەری نووسەرو ڕۆژنامەنووس و کتێب پەروەر ، خاوەن مێژووێکی دەوڵەمەندە، گەنجینەیەکی پڕ لە زانیاری و یادەورییە، بۆیە ڕۆژنامەنووس و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن پێشبڕکێیانە لە سازدانی دیمانەو چاوپێکەوتن لە گەل بەڕێزیاندا.

+ لە هەشتەمین بەرگیشدا، کە ئەمەشیان تەواوکەری هەردوو بەرگی شەشەم و حەوتەمە، لە بابەتی(دیدارە هەمە بابەتەکاندا) لە یەکەم دیداردا کە ڕۆژنامەی (میدیا) لە ساڵی1997 لە گەلیدا ئەنجامیداوە، باس لە (بنەماڵەی حەیدەری)یان و ڕەوشی ڕۆژنامەنووسی کوردی دەکات.

لە ساڵی (2007)  یشدا ڕۆژنامەی (ئاشتی نامە) دیداری لەگەل کاک مومتاز سازکردووەو چەند بابەتێکیان تاوتوێ کردووە.. هەر لەم بەرگەداو لەژێر ناونیشانی: (هات و نەهات) دا کورتەی ( بیرەوەری  و یاداشتەکانی مومتاز حەیدەری) وەک دڵۆپێک لە ڕووباری ماوەران بڵاوکراوەتەوە.. لێرەدا لە زیاتر لە (80) لاپەڕە لەژێر گەلێک ناونیشاندا پەخشکراون.. ئەم دیدارە دەوڵەمەندەش لە لایەن هەردوو ڕۆژنامەنووسی بەڕێز: دلشاد خۆشناو و حەیدەر عەبدوڵلا  بەرهەم هێنراوە. دەستیان خۆشبێت.

ئەو دوو برادەرە دەڵێن:" بە باشمان زانی لە ڕێگەی دواندنییەوە ئەزموونی ژیانی پڕ لە هەلەت و هەڵدێرو سیاسەت و حزبایەتی و کتێب و خوێندەواریمان بۆ هەڵڕێژێت و هەگبەی خوێنەران و خوێندە وارانی پێ ئاوەدانبکاتەوە". لە میانی ئەم دیدارەدا کاک مومتاز زۆر لایەنی لە ژیانی بنەماڵەکەیان و بەرهەمەکانیان و خەباتی بەردەوامی خۆی لە هەموو قۆناغە مێژووییەکاندا  خستۆتە ڕوو.

هەر لەم بەرگەدا دەقی چاوپێکەوتن و گفتوگۆی یەک کاتژمێری بەرنامەی (دیداری تایبەت )ی کەناڵی ڕەسەن لەگەل کاکی حەیدەریزادە ی خاوەن (حەیدەرینامە) بڵاوکراوەتەوە.

یەک لە دیدارە گرنگەکانی تر کە لەم بەرگەدا بڵاوکراوەتەوە ، بریتییە لە دەقی دیداری (بەرنامەی جڤاک)ی ڕادیۆی ئازادی کە ڕۆژنامەنووس هیوا عومەر ئەنجامی داوە. 

دیارە کاک مومتاز حەیدەری کەسێکی کراوەیە ، بۆیە دەبینین لەگەل هەموو جۆر لایەنەکان، کەناڵەکان بە چەپ و ڕاست و عەلمانی و ئیسلامی.. دیدار قبوول دەکات و لێدوانیان بۆ دەدات و ڕاشکاوانە وەڵامی پرسیارەکانی هەموان دەداتەوە..

ئەوەی جێگای سەرنجە کاک مومتاز بەرگی دواوەی هەر هەژدە بەرگەکەی تەرخانکردووە بۆ بڵاوکردنەوەی وێنەو کورتە ناساندنێکی کەسایەتییە ناودارەکانی گەلەکەمان و ناوی ناوە:(تابلۆی شانازی نەتەوەیی).

+ مرۆڤە نیشتمان پەروەرە بەخشندەکان

کاک مومتاز حەیدەری هەردوو بەرگی نۆیەم و دەیەمی لە( ڕەوسەی قەلەمەکەم)ی تەرخانکردووە بۆ نووسین لەسەر (مرۆڤە نیشتمانپەروەرە بەخشندەکان)، ئەو مرۆڤە نەمرانەی بەشی زۆری تەمەنیان بۆ خزمەتکردنی نەتەوەو نیشتمان و نووسین و ئەدەبیات و پرسە چارەنووسسازەکانی گەلەکەیان تەرخانکردووە.

کاک مومتاز لە میانی نووسین و یادکردنەوەی جۆربەجۆردا  هەڵوێستەی لە بەرانبەر چەندین کەسایەتی سیاسی و ئەدەبی و نووسەری ناودار کردووە. هەموو نووسینەکان لەسەر ئەم کەسایەتییانە جێگای بایەخن، سەرچاوەی گرنگن بۆ توێژەران..

لە دەیەمین بەرگدا کاک مومتاز سەرەتا بە نووسین یادی چوار شەهیدە قارەمانەکەی کوردستانی کردۆتەوە:(مستەفا خۆشناو، خەیروڵلا عەبدولکەریم، عزەت عەبدولعەزیز و محەمەد قودسی) شەهیدانی 19ی حوزەیرانی 1947 کە ڕژێمی پاشایەتی کۆنەپەرست لە سێدارەی دان.. کاک مومتاز ئەم وتارەی لە ساڵی1970 لە دوای ڕێککەوتنە مێژووییەکەی یازدەی ئادار لە ڕۆژنامەی هاوکاری بڵاوکردۆتەوە.

هەر لەم بەرگەدا بە تێروتەسەلی لەسەر هەریەک لە شاعیری نیشتمانپەروەر ئەحمەد دڵزارو  نووسەری ڕووناکبیری کورد کاکە حەمەی مەلا کەریم و مامۆستا کەریمی حیسامی و جەلیل گادانی و مەجید ئاسنگەر و عزەدین مستەفا ڕەسوڵ و توفیق وەهبی و هونەرمەند جەواد ڕەسوڵ ناجی .. هتد نووسیوە .

جگە لەوەی بەبێ جیاوازی لەسەر هەریەک لە مەلا مستەفا بارزانی و جەلال تاڵەبانی و عەزیز محەمەدو کەریم ئەحمەد و هەمزە عەبدوڵلای نووسیوە..

کاک مومتاز بە بێلایەنی و هەستی نەتەوەیی دڵسۆزانە لەسەر کەسایەتییەکانی نووسیوە.

ئەوەی شایانی ئاماژە بۆ کردنە کاک مومتاز حەیدەری  خاوەن ئەم پڕۆژە کلتوورییە گەورەیە ، لە لاپەڕەکانی بەرایی گشت بەرگەکاندا ناوی گشت ئەو بەڕێزانەی بردووە کە ڕۆڵیان هەبووە لەم هەژدە بەرگەدا:

تایپ:کۆمپیوتەری هیوا/بۆتان و هەژێر

دیزاین: هیوا عەباس و مومتاز حەیدەری

نووسینی بەرگ: محەمەد زادە

وێنەی سەربەرگ: جەبار سابیر قادر

دەستی هەموو لا خۆشبێت و هەموو تەمەن درێژ بن.

( ماویەتی)


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە