خوێندنەوەو ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
بەشی دووەم:
( ڕۆڵی لە ڕۆژنامەی هاوکاری)دا
+ وتەی بەرایی: لە یەکەم بەرگی (ڕەوسەی قەلەمەکەم) ی کاک مومتاز حەیدەریدا، جگە لەوەی کە لە (20) لاپەڕەدا ، سەرەتاکانی ڕێچکەی ژیانی ڕۆژنامەنووسی خۆی باسکردووەو بۆ ئێمە بەشی یەکەمی ئەم خوێندنەوەمانی پێکهێناو بۆمان دەرکەوت کە مومتاز حەیدەری ڕۆڵێکی بەرچاوو مێژوویی لە کاروانی ڕۆژنامەنووسی حیزبی شیوعی عیراقدا بینیوە، لە دە ساڵەی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە سەردەمی خەباتی سەختی نهێنیدا. بۆیە کاک مومتاز شایانی هەموو جۆرە ڕێزلێنانێکە لە لایەن حیزبی شیوعی چ لە عیراق یان لە کوردستاندا.
+ قۆناغی ڕۆژنامەی هاوکاری:
ــ ڕۆژنامەی هاوکاری کە لە بەغدا لە لایەن دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردییەوە دەردەچوو،لە هەردوو دەیەی حەفتاکان و هەشتاکاندا، ڕۆڵی ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەنووسی خۆی بینیوە. بەدەیان نووسەری ناوداری کورد نووسین و بەرهەمەکانیان تیا بڵاو دەکردەوە. کاک مومتازیش بۆ ماوەی پێنج شەش ساڵێک لە حەفتاکاندا (1970 -1976) پەیامنێری هەولێری ئەم ڕۆژنامەیە بوو. جگە لە پەیامنێریی لە ساڵانی دواتردا وتارو ڕیپۆرتاج و دیمانەی هەمەجۆری لەم ڕۆژنامەیە بڵاو کردوونەتەوە.
کاک مومتاز زیاتر بابەتی ڕۆشنبیری و کلتووری و مێژوویی و کۆمەڵایەتی بڵاودەکردنەوە. بەردەوام لە دیدگایەکی نەتەوەیی و پێشکەوتنخوازانە بابەتەکانی دەنووسی یان ئامادەی دەکردن. پێزانینیشی هەبووە بۆ ڕۆژنامەی هاوکاری ، بۆیە دەبینین لە ژمارە (507)دا کە لە 7-1-1980دەرچووە، لە یادی دە ساڵەی دەرچوونی (هاوکاری)دا دەڵێ:" لەدایک بوونی ڕۆژنامەی هاوکاری وەکو قوتابخانەیەکی گەورە توانی چاوی چەندەها شاعیرو نووسەری تازە بکاتەوەو بە ڕۆژنامەیەکی تاقانە دەژمێردرێت کە تەمەنی بگاتە دە ساڵ، وە لەو ماوەیەدا هاوکاری جولانەوەیەکی خستە کارو، ڕۆژنامەگەریی کوردی گەشاندەوە و پەرەی بە ڕەوتی ڕۆژنامەگەریدا"..
یەکەمین بەرگی (ڕەوسەی قەلەمەکەم)ی مومتاز حەیدەری کە (735) لاپەڕەیە، جگە لە 52 لاپەڕەی بەراییدا هەمووی تەرخانکراوە بۆ بەشداری و نووسین و بابەت و ڕیپۆرتاجەکانی کاک مومتاز کە وەک پەیامنێرو نووسەر لە ڕۆژنامەی هاوکاری بڵاوکراونەتەوە.
+ مومتاز حەیدەری و ڕۆڵی لە ڕۆژنامەنووسی کوردیدا ڕۆژنامەی هاوکاری وەک نموونە:
دوو بەرگ لە لە هەژدە بەرگەکەدا بە قەبارەی نزیکەی (1000) لاپەڕە تەرخانکراوە بۆ توێژینەوەیەکی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بواری مێژووی هاوچەرخ، دکتۆر ئەحمەد حەمەدەمین.
ناوەرۆکی ئەم بەرهەمەی بەڕێز ئەحمەد حەمەدەمین کە تایبەتە بە ڕۆڵی مومتاز حەیدەری لە بزووتنەوەی ڕۆژنامەنووسی کوردیدا و ڕۆژنامەی هاوکاری بە نموونە، لە پێشەکییەک و شەش تەوەر و ئەنجام پێکهاتووە.
ئەمانەی خوارەوە ناونیشانی شەش تەوەرەکەن:
تەوەری یەکەم: لە کورتە باسێکدا ئاماژە بە ژیانی مومتاز حەیدەری کراوەو تیشک خراوەتە سەر وێستگە گرنگەکانی ژیانی.
تەوەری دووەم: کورتەیەکی مێژوویی لەبارەی ڕۆژنامەی هاوکاری لەو قۆناغەی مومتاز حەیدەری کاری تێدا کردووە.
تەوەری سێیەم: دیدارێک لەگەل مومتاز حەیدەری تایبەت بە قۆناغی کارکردنی لە ڕۆژنامەی هاوکاری ئەنجامدراوەو وەڵامی پرسیارەکانی تێدا دراونەتەوە.
تەوەری چوارەم: بیبلیۆگرافیایەک بۆ بابەتەکانی مومتاز حەیدەری لە ڕۆژنامەی هاوکاری ئامادەکراوەو بە گوێرەی ناونیشانی بابەتەکان و بە پێی ڕیزبەندی پیتەکانی کوردی لە (ئەلفەوە تا یێ) ڕێکخراون.
تەوەری پێنجەم: ڕاڤەی ناوەرۆکی بابەتەکانی مومتاز حەیدەری کراون و لایەنە گرنگەکانی خراونەتە ڕوو.
تەوەری شەشەم: بە پێی زنجیرەی ژمارەکانی هاوکاری، بابەتەکان جارێکی دیکە چاپکراون و دانراون.
لە پێشەکیدا توێژەر (د. ئەحمەد حەمەدەمین) دەربارەی کەسایەتی مومتاز حەیدەری و چالاکییەکانی نووسیویەتی و دەڵێ:" مومتاز حەیدەری وەک ڕۆشنبیرێک و نووسەرێکی نیشتمانپەروەری گەلەکەمان ،ناوێکی دیارەو پێویستی بە پێناساندن نییە. لەو چوار چیوەیەشدا دەکرێت بوترێت کاروچالاکییەکانی ناوبراو شایانی ئەوەن ئاوڕێکی پێویستیان لێ بدرێتەوەو لە بارەیانەوە بنووسرێت. تا بە تەواوی هەقی ڕەوای خۆیان وەربگرن".
لە تەوەری پێنجەمی توێژینەوەکەیدا ، بەڕێز د. ئەحمەد حەمەدەمین لە بارەی ناوەرۆکی نووسین و بابەتەکانی کاک مومتاز حەیدەری، کە لە ڕۆژنامەی هاوکاری بڵاوی کردوونەتەوە ، دەڵێ:" مومتاز حەیدەری لە ماوەی کارکردنی لە ڕۆژنامەی هاوکاریدا ژمارەیەکی بەرچاو بابەتی نووسیون و ئامادەی کردوون ، بەمەش دەکرێت بوترێت ناوەرۆکی بابەتەکانی هەمەچەشن و هەمەجۆرن و بایەخی کلتووری ــ نەتەوەیی تایبەتی خۆیان هەیەو بە بەشێکی باوەڕپێکراوی مێژووی هاوچەرخی کورد دەژمێردرێن".
بێگومان بابەتی ڕۆژنامەکان ، ڕووداوەکانی ڕۆژ کە لە ڕۆژنامەکان بڵاودەکرێنەوە،چاوپێکەوتن لەگەل کەسایەتییە سیاسی و ڕۆشنبیرەکان ، گێڕانەوەی یادەوەرییەکان ..هتد هەمووی دەبن بە بەشێک یان جۆرێک لە سەرچاوە، کە مێژوونووس تا ڕادەیەک پشتیان پێدەبەستێت و سوودیان لێ وەردەگرێت. بۆیە کاک مومتاز حەیدەری لەم بوارە خاوەن بەرهەمی زۆرەو ئێستاش هاتووە لەسەر ئەرکی خۆی دوای ماندوبوونێکی زۆر هەموو بەرهەم و بابەتە ڕۆژنامەوانییەکانی کۆکردوونەتەوە و لە دووتوێی چەند بەرگێکی (ڕەوسەی قەلەمەکەم)دا بە جوانترین شێوە بە چاپی گەیاندوون . بەمەش خزمەتێکی بەرچاوی پێشکەش بە مێژووی هاوچەرخمان کردووە..
(ماویەتی)