بەشی سێیەم

خوێندنەوەو ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

٭ مومتاز حەیدری نووسەرو ڕۆژنامەنووس و کتێب پەروەر، لە بەرگەکانی:( 4 ، 5 ، 6 )ی ڕەوسەی قەلەمەکەیدا، نووسینە جۆربەجۆرەکانی، دیمانە ڕۆژامەوانییەکانی؛ چ ئەوەی لەگەل خۆی ئەنجامدراون یان خۆی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسی و ڕۆشنبیرەکان ئەنجامی داون، هەروەها بانگەوازو وتارو نامەکراوەکانی بۆ تۆمارکردووین. بەمەش بەشدارییەکی گرنگی  لە تۆمارکردنی چەندین بابەت و لایەنی مێژوویی کردووە..

کاک مومتاز یەکەمین نووسینی بڵاوکراوەی کوردی خۆی لە ژێر ناونیشانی:( دەنگی قوتابییانی کوردستان ئاشتی و برایەتی و دیموکراسی و زانیارییە)لە ژمارە (145) ی گۆڤاری هەتاو لە ساڵی1958، بڵاوی کردۆتەوە.

دوابەدوای ئەمە هاتۆتەسەر ستایشکردنی ڕۆڵی جوامێرانەی کاک عەبدوڵلا زەنگەنەی ڕۆژنامەنووس کە بایەخ بە پاراستن و لە چاپدانەوەی گۆڤارو ڕۆژنامە کوردییەکان دەدات.

کاک مومتازی هەمیشە ئاشتیخواز لە ماوەی ساڵانی شەڕی ناوخۆدا ،لە ناوەڕاستی نەوەتەکاندا ، گەلێک جار دەنگی هەڵبڕیوە، نامەی کراوەی ئاراستەی سەرانی هەردوو لایەنی بەشەڕهاتوو کردووە، دەنگ و ناڕەزایی خۆی و نووسەرو ڕۆژنامەنووسانی پێڕاگەیاندوون و داوای وەستاندنی شەڕی ناڕەواو  ئاشتەوایی کردووە..

بێگومان هەمووی لە دڵسۆزی و کوردپەروەری بووە، بەڵام بەداخەوە سەرانی ئەم دوو حیزبە، نە گوێیان لە دەنگ و هاواری کاک مومتازەکان دەگرت و نە وەڵامی نامەو بانگەوازەکانییان دەدانەوە!! بەڵکو دواجار دوای بە کوشتدانی سەدان گەنجی نازداری کورد نەیان توانی بە قسەی پیرێژنە ئەمریکییەکەی ئاغایان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نەکەن !! لە واشنتۆن بڕیاری شەڕڕاگرتن و ئاشتیانی  پێ ئیمزا کرد!!!

هەندێ لە وتارو بابەتە بڵاوکراوەکانیش لە ڕۆژنامەکاندا،ژمارەو ڕێکەوتی دەرچوونیان نەنووسراوە. بۆ نموونە: (ل61) لە بەرگی چوارەم ، هەروا (ل75) بەرگی چوارم.

کاک مومتاز چەند پەیام و نامەی کراوە کە کاتی خۆی لە بۆنەی جیاوازدا نووسیونی و هەندێکی کاتی خۆی بڵاوکردنەتەوە، هەندێکیشی بڵاونەکردوونەتەوە، بە گوێرەی ڕیزبەندی مێژووی بڵاوکردنەوە لە کۆنەوە بۆ نوێ داینەناون، بۆ نموونە، لە نەوەتەکانەوە دەچێتە دوو هەزارەکان ، یان لە دوو هەزارەکان دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکان.. بڕوانە (ل 130) لە بەرگی چوارەم.

مۆرکی نەتەوەو نیشتمان پەروەری  و تەبایی و ئاشتی خوازی سیمای سەرەکی زۆرینەی ووتارو نامەو بانگەوازە بڵاوکراوەکانێتی.

کاک مومتاز بەردەوام لە خەمی زمانی شیرینی کوردیشدا بووە، دەبینین لە وتارێکیدا بە ناونیشانی:(لە سەدەی بیست و یەکدا زمانی کوردی بەرەو لاوازی دەچێت) !! لە پەڕەگرافی کۆتایی وتارەکەدا نووسیویەتی و دەڵێ:" جاران تەنها دادەدادمان بوو لە چەنگ وشەی عەرەبی، بەڵام ئێستا بەداخەوە لە هەموو زمانێکەوە وشەی بیانی دادەبڕێتە نێو زمانی کوردی ، لە جیاتی وشەی پەتی و ڕەسەنی کوردی وشەی بیانی کەوتۆتە سەر دەمی کەسی سیاسی و قەلەمی نووسەران . ئەمە مانای وایە زمانی کوردی لە سەدەی بیست و یەکدا .. بەرەو بەرتەسکی و لاوازی دەچێت"..  گۆڤاری کەپر، ژمارە 8.

٭ کاک مومتاز وەکو ڕۆژنامەنووسێکی کوردپەروەری سەربەخۆ لە زۆربەی ڕۆژنامەو گۆڤارەکان بابەتەکانی بڵاوکرانەتەوە..بە نموونە هیچ جیاوازی نەکردووە لە نێوان (خەبات) و( کوردستانی نوێ)دا.. هتد،  ڕۆژنامەکانی تر..

دانانی مێژوو لە کۆتایی نامەو بانگەوازەکاندا گرنگە، بەڵام لەم بەرگەدا هەندێ نامەو بانگەواز دەبینین لە کۆتاییاندا مێژوو نەنووسراوە،بۆ نموونە، بڕوانە:( ل163) بەرگی چوارەم.

دیارە کاک مومتاز لەسەر کتێبانیشی نووسیوە ، دیسان بۆ نموونە: (کتێبکی گرنگ لەسەر نەورۆزی کوردستان) لە ڕۆژنامەی (ئاڵای ئازادی ژمارە 17 لە 29 - 3 - 1992)  ئەم ڕانانەی بڵاوکردۆتەوە.

هەروەها لە نووسینەکانیدا ئاوڕی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان داوەتەوە. دەبینین لە ساڵیادی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا وتاری بڵاوکردۆتەوە.. گەلێک جار بە وتار یادی چوار شەهدەکەی کوردستانی کردۆتەوە کە ڕژێمی پاشایەتی لە 19 حوزەیرانی1947 لە سێدارەی دان.

جێگای سەرنجە و کارێکی باشە کە دەبینین کاک مومتاز بایەخی پێویستی بە دانانی وێنە داوە لەگەل بابەتە بڵاوکراوەکانیدا..

کاک مومتاز هەندێ بابەتی لە یەک بەرگدا دووبارە داناوەتەوە ، بۆ نموونە:( نامەی پیرۆزبایی لە هەولێرەوە بۆ یەکێتی ئەدیب و نووسەرانی کورد لقی سلێمانی ..)لە ل 130 - 133 بەرگی چوارەم بڵاوکراوەتەوە، دەقی هەمان نامە لە ل256 - 259 دووبارە بڵاوکراوەتەوە؟!

هەر لەم بەرگەدا کاک مومتاز چەند سەر وتارێکی  گۆڤاری  K21  کە خۆی وەکو سەرنووسەری گۆڤارەکە نووسیونی ، دایناون.  ئاوڕی لە گۆڤاری گەلاوێژ یش داوەتەوە  وبە یەکەمین قوتابخانەی خۆی لە بواری ڕۆژنامەنووسی دایدەنێت.

بە تێرو تەسەلیش باسی لە دەوری ڕۆژنامەنووسی کوردی کردووە لە پێگەیاندنی وشیاری نەتەوەیی و بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد.

٭ کاک مومتاز لە بەرگی پێنجەمی ڕەوسەی قەلەمەکەم دا، بەردەوام لە کاتی خۆی لە ساڵانی ژیانی ڕۆشنبیریدا چی نووسیوەو چی بڵاوکرۆتەوە بەشێکیانی لەم بەرگەدا جارێکی تر بڵاوکردوونەتەوە. بابەتەکان هەمەجۆرن ،بەسوودن، هەمووی بەسەر یەکەوە  بەشێک لە مێژووی بزاڤی ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەنووسی کوردی پێک دەهێنن.

کاک مومتاز ناونیشانی سەرنج ڕاکێشی بۆ هەندێ لە بابەتەکانی داناوە، لە وتارێکی سێ ئەلقەییدا  کە ساڵی2008 لە ڕۆژنامە (بارزان) بڵاوی کردۆتەوە ئەم ناونیشانەی داناوە:(فرە ژنی !، فرە حیزبی!، فرە دزی !، نیشانەیەکی (پێشکەوتن)! ی کوردستانە!!) .

لە بەرگی پێنجەمدا زیاتر لە ( 200 )  لاپەڕەی بۆ (بەشی عەرەبی) تەرخانکردووە. تیایدا چەند نووسینێکی خۆی و چەند  دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانی کە لەگەل بەڕێزیان ئەنجامدراون و لە گۆڤارو ڕۆژنامەکان بڵاوکراونەتەوە، دانراون.هەروەها چەند بە دوا داچوونێکی ڕۆژنامەوانی کاک مومتاز کە لەسەر چەندبابەتێکی بڵاوکراوە نووسیونی و بە زمانی عەرەبی لە گۆڤارو ڕۆژنامە عەرەبییەکاندا بڵاوکراونەتەوە هەموویان بایەخی تایبەتی خۆیان هەیە.

لە بەرگی شەشەمدا و لە یەکەم بابەتدا و لە چەندین لاپەڕدا و لە میانی دیمانەیەکی دوورو درێژدا، کاک مومتاز حەیدەری باس لە ڕۆڵی بنەماڵەکەیان دەکات و بیرەوەریەکانی خۆی دەگێڕێتەوە و لە ڕەوتی ژیانی ڕۆژنامەنووسی و کلتووریدا دەدوێت

، زۆر زانیاری گرنگمان بۆ دەخاتە ڕوو.

لەم بەرگەدا دەقی چەندین دیمانەو دیدار بڵاوکراونەتەوە کە کاتی خۆی ڕۆژنامە یان گۆڤار یان ڕادیۆو تەلەفزیۆن لەگەل کاک مومتاز حەیدەریان ئەنجامداوە ..

لە دیدارێکی هەفتەنامەی (ڕێگای کوردستان)دا کە لە ساڵی2008 بڵاوکراوەتەوەو هاوڕێ سەلام عومەر دیدارەکەی ئەنجامداوە، کاک مومتاز حەیدەری دەڵێ:" ئەو پاشخانە ڕۆشنبیری و چەپی و مارکسییە وایکرد ئەمن زیاتر عاشقی ئەو مەیدانە پیرۆزە بم".

مومتاز حەیدەری لە زۆر بۆنەو دیداری دیکەشدا  ڕاشکاوانە دان بەوەدا دەنێ کە پاشخانی ڕۆشنبیری چەپخوازی بناغەی هزری سیاسی پێکهێناوەو بە شانازییەوە مێژووی خۆی لە تەک حیزبی شیوعی عیراق گێڕاوەتەوە.

ئەمەش ڕێگر نەبووە کە مومتاز حەیدەری هەڵگری بیری نەتەوەخوازی و کورد پەروەری بێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەستی نەتەوەیی  و نیشتمانی  بەهێزتر بووە.

کاک مومتاز دەمێکە کۆماری کوردستانی ڕاگەیاندووە،ئەو ئەگەر لە ماڵ و کتێبخانەکەی خۆشی بێت ئاڵای کوردستانی هەڵکردووەو کۆماری کوردستان خەونی کاک مومتازو بە ملیۆنان نەتەوە پەروەری دڵسۆزی کوردە. بێگومان  بە خەباتی نەپساوەی دڵسۆزانی گەلەکەمان ڕۆژێک دێت ئەم خەونە ببێتە واقع..

کاک مومتاز زۆر ڕاشکاوانە ڕەخنە دەگرێت ، لە چاوپێکوتنێکدا لەگەل ڕۆژنامەی زاری کرمانجی دا دەڵێ:" لە ماوەی18 ساڵی ڕابردوودا ڕۆژنامەیەک نەیتوانیوە وەزیرێک لەسەرکار لا ببات "!! بەداخەوە ژمارەو مێژووی ڕۆژنامەکە تۆمار نەکراوە.. کە لە شەشەمین بەرگی ڕەوسەی قەلەمەکەم دا دووبارە بڵاوکراەتەوە، دیمانەیەکی دوورو درێژو پڕ لە زانیارییە.

لە لاپەڕەکانی دیکەی ئەم بەرگەدا  زۆر بابەتی دیکە بڵاوکراونەتەوە، کە زۆربەیان بریتین لەو دیدارە ڕۆژنامەوانییانەی لەگەل کاک مومتاز سازکراون.

یەک لە تایبەتمەندییە جوانەکانی کاک مومتاز حەیدەری ئەوەیە کە زۆر ڕاشکاوانە دەدوێت، بیروڕای خۆی دەردەبڕێت و ڕەخنە دەگرێت.

( ماویەتی)


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە