خوێندنەوەو ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

بەشی یەکەم: مێژووێکی گرنگ لە کاری ڕاگەیاندنی (حزبي شيوعي عيَراق)

لە جیاتی پێشەکی:

 کە لە ژیاننامەو بەرهەمەکانی کاک مومتاز حەیدەری ورد دەبینەوە ، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم مرۆڤە ڕۆشنبیرو خزمەتگوزارە کوڕی بنەماڵەیەکی زانستخوازو نیشتمانپەروەرە. هەروەها پەروەردەی بیروباوەڕێکی پێشکەوتنخوازو حزبێکی کۆڵنەدەرە..

ئێستا هەموو کوردستان ، یان وردتر بڵێین هەموو خوێندەوارو ڕۆشنبیرو ئەکادیمییەکانمان، چ لە دوور یان لە نزیکەوە، مومتاز حەیدەری دەناسن. دەیناسن بە بەخشندەیی، بە کوردپەروەری و ئاشتیخوازی، بە ڕۆژنامەنووسی و بەرهەمەکانی، بە نووسەری و دانراوەکانی، بە کتێبخانەو ئەرشێفخانە دەوڵەمەندەکەی ، بە ئامادەبوونی بەردەوامی لە کۆڕو سمینارو کۆنفرانسە ڕۆشنبیرییەکان، بە گفتوگۆو ڕەخنەکانی، بە گۆڤاری K21 و لەیلا قارەمانەکانی، بە برای تێکوشەرە نەمرەکان:( جەمال حەیدەری،عاسم حەیدەری، ساڵح حەیدەری، موهیب حەدەری، نازەنین حەیدەری).  تەمەنی د. جەمشید حەیدەریش  درێژ بێت..

ئەو حەیدەریزادانەی زۆر لە جەورو ستەمی جەلادە حوکمڕانە دیکتاتاتورەکانی بەغدا بەهێزتر بوون..

٭ چەند هەڵوێستەیەک، لە وێستگە گرنگەکانی ژیانی مومتاز حەیدەری:

+ یەکەم مامۆستاو یەکەم چاپەمەنی پێشڕەو:

کاک مومتاز نووسیویەتی و دەڵێ:" لە ڕێگەی گۆڤاری گەلاوێژەوە ، بە هیممەت و هەستی بەرزی کلتووری و نەتەوەیی کاک ساڵحی براگەورەمەوە ، من لە دونیای جوانی وشەو شیعرو خوێندنەوە نزیک بوومەوە ، ئەوەیش زۆر بە سادەیی و ساکاری بوو، بەڵام لە ناخەوە حەزم دەکرد هەر چاپەمەنییەک بە دەستم کەوێ بیخوێنمەوە ، زۆر جارانیش هەر تێنەدەگەیشتم..

کەواتە یەکەم مامۆستام وەکو مرۆڤ کاک ساڵحی برا گەورەم بوو، یەکەم چاپەمەنی گۆڤاری گەلاوێژی پێشڕەو بوو.. بۆیە هەمیشە هەردەم قەرزاریانم" ..

+ شۆڕشی چواردەی تەمموز وەرچەرخانێکی گەورەبوو:

کاک مومتاز نووسێویەتی و دەڵێ:" پاش شۆڕشی 14ی تەمموزی نیشتمانی ،دەرگایەکی هەرە فراوان بۆ یەکەمجار لە بەردەمی گەلانی عیراق ، بە تایبەتی بۆ ئێمەی کورد کرایەوە، کە ساڵانێک لە چالاکی و بەرهەمی کلتووری بە زمانی کوردی بێ بەش بووین ، لەو سەردەمەدا(سەردەمی دوای بەرپابوونی شۆڕشی چواردەی تەمموز) بڵاوکردنەوەی چاپەمەنی کوردی نموونەی کتێب و گۆڤارو ڕۆژنامەو دیوانی شیعرو کۆڕوکۆبوونەوە پەرەی سەندو خوێندن و خوێندەواری بە ستوونی و بە ئاسۆیی زۆر فراوان بوون"..

+ مومتاز حەیدەری لەگەل کاروانی کاری ڕاگەیاندنی حزبی شیوعیدا:

کاک مومتاز لە ساڵی 1960، لە نووسینگەی ڕۆژنامەنووسی لقی کوردستان(حشع)، دەست بەکار بووە، لەمبارەیەوە نووسیویەتی و دەڵێ:"دەرگایەکی سەرەتای ڕۆژنامەنووسی لە ناوەڕاستی ساڵی1960 دا کرایەوە،ئەوەیش لەوەدا بوو، ڕێکخراوی حزبی شیوعی لقی کوردستان لە هەولێر بڕیاریدا نووسینگەیەکی تایبەتی بە کاری ڕۆژنامەنووسی بە سەرپەرشتی شەهیدی سەرکردە ئەحمەد مەحمود حەلاق بکاتەوە، بۆ ئەوەی دەنگ و باس و چالاکی کلتووری و سیاسی لە شاری هەولێر بۆ ڕۆژنامەی ئازادی و تەڕیق ئەلشەعب ئامادەبکات. جا من وەکو پەیامنێر بۆ ڕۆژنامەی ئازادی دەستنیشان کرام ، کۆچکردوو حیکمەت عەبدوڵلا زێباری بۆ (تەریق ئەلشەعب) تەرخانکرا..

+ کاری ڕاگەیاندن لەگەل شەهیدی سەرکردە فاخر مێرگەسۆری: 

هاوڕێ مومتاز حەیدەری لە ساڵی1962 ، دوای ئەوەی خولێکی 15 ڕۆژی بۆ فێربوونی تایپکردن بینیوە، حزب بڕیاری داوە بینێریت بۆ کەرکوک و لەوێ بە نهێنی بەشدار بێت لە دەرکردنی (ڕێگای کوردستان) .. بزانن کاک مومتاز چۆن باسی ئەم قۆناغەشی کردووە:" .. مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی لە بەغدا وەڵامیان دامەوە ، وتیان :بڕیارمان داوە ڕەوانەی شاری کەرکووکت بکەین،لەوێ لە لقی کوردستان ، بڕیارە ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان دەردەکەن، پێشتر بڕۆ لە دەزگای فێرکاری (تایپ) خۆت ناونووس بکەو دەورەیەکی فێربوونی تایپکردن تەواوبکە ، ئەوسا بۆ کەرکوک ڕەوانەدەکرێی..هتد منیش خۆم ناونووسکرد، دەورەکە بۆ ماوەی15 ڕۆژ بوو تەواومکرد.. پاش چەند ڕۆژێک لە ڕێگای شەهیدی سەرکردە حەسەن عەوێنە ئاگادارکرامەوە ،خۆم بۆ سەفەری کەرکوک ئامادە بکەم.. پاش چەند ڕۆژێک هاوڕێیەکی بە تەمەن هاتە ماڵەوە، پێی ڕاگەیاندم کە لە لایەن هاوڕێ حەسەن عەوێنەوە هاتووم، بابڕۆین بەرەو گەراجی بەغدا ــ کەرکوک ،ڕۆیشتین پاش نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە من لەماڵی کۆچکردووی نەمر شێخ حەسەن بەرزنجی ــ ئەندامی لقی کوردستان بوو ــ دابەزیم. هاوڕێ بە تەمەنەکە ڕۆیشت ، ئێستاش نازانم ناوی چی بوو ؟ کێ بوو؟ چی بەسەرهاتووە؟!

بە کورتییەکەی پاش چەند ڕۆژێک لە ماڵی شەهیدی سەرکردە فاخیر مێرگەسۆری جێگیرکرام و لە ماڵی هاوڕێ فاخر دەستمان بەکارکرد، هەتا ڕۆژی هەشتی شوباتی1963 لە کارەکانمان بەردەوام بووین.لەو ماوەیەدا چەندین ژمارەی (ڕێگای کوردستان)و نامیلکەی فیکری و سیاسی و بەیاننامەمان بە چاپگەیاندن. 

هەمدیسان ئەو ماوەیەی کەرکوک قوتابخانەیەکی گەورەی چاپ و چاپەمەنی و کلتووری و فکری بوو، زۆر شتی فێرکردم".

+ قۆناغی ئاوەگرد..

ئاوەگرد یەکێکە لە چیاکانی ناوچەی خۆشناوەتی،نزیک شاری کۆیە،لە دوای کودەتای 8ی شوباتی1963 حیزبی شیوعی عیراق بە هاوکاری هاوڕێیای کۆیە و دەوروبەری توانی بنکەو بارەگای حیزبی و سەربازی و ڕاگەیاندن، لەم شاخە دابمەزرێنێت و چیای ئاوەگرد کەوتە ناو مێژووی خەباتی حیزبی شیوعی عیراق..

کاک مومتاز حەیدەری لە بارەی قۆناغی ئاوەگرد و ژیانی سیاسی و ڕاگەیاندکاری نووسیویەتی  دەفەرموێ:" لە 1-9-1963 بە بڕیاری حزب ، ئەو کەلوپەلانەی چاپکردن کە لە کەرکووکەوە ،شەهیدی سەرکردە فاخیر مێرگەسۆری بە نهێنی بۆ گوندی قەواڵی گواستبوەوە بریتی بوون لە: ئامێرێکی چاپ، ڕۆنیۆ،دوو تایپ، تابعە، لەگەل حبرو ستێنسل و کاغەز، هەمووی بە باری چەند هێسترێک بە سەرپەرشتی کۆچکردووی نەمر ئەبو حیکمەت  پاش چەند ڕۆژ بە نهێنی و بە پێ ڕۆیشتن ، گەیشتینە بارەگای سەرکردایەتی حیزبی شیوعی لە چیای ئاوەگرد.

+لێرەش هەمدیسان وێستگەیەکی نوێی گەورە لە کاروانی خەباتی کاک مومتاز حەیدەری دەست پێدەکات.

کاک مومتاز لە بارەی ئاوەگرد دەنووسێ و دەڵێ:"شوێنێکی تایبەتی لە قەد شاخ جێبەجێکرا، دام و دەزگای چاپ دامەزرا،دەست بەکار بووین.

ئەم وێستگەیە بە سەرپەرشتی هاوڕێی سەرکردە کاک کەریم ئەحمەد  و کۆچکردووی نەمر محەمەد کەریم فەتحوڵلا و چەند هاوڕێیەکی دیکە لەوانە م. حوسێن عارف ، هاوڕێیەکی عەرەب و کەرکوکی و بەندە بوون. سەبارەت بە منەوە تا ڕۆژی 30-6-1964 لە کارەکەمدا بەردەوام بووم ،چونکە من بۆ بەغدا گوازرامەوە. جا لەو ماوەیەدا لە 1-9-1963 تاکو 30-6-1964 ، (18) هەزار لاپەڕەی A4 فۆڵسکاب هاتە چاپکردن.. کە بریتی بوون لە : دەرکردنی ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان، نامیلکەی فیکری و سیاسی، تێکۆشەری حزب و هتد..

هەمدیسان ئەوەی مایەی ئاماژەو سەرنجە وێستگەی ئاوەگرد ،یان قۆناغ، وێستگەیەکی گرنگی کاری هونەریی ڕۆژنامەنووسی و سیاسی بوو،بگرە سەردەمێکی شۆڕشگێڕانەی چاپەمەنی حزبی شیوعی بوو" .

+وێستگەی بەغدا لە ناوەڕاستی شەستەکاندا:

دەربارەی ئەم قۆناغەگرنگەش لە مێژووی کاری ڕاگەیاندنی حیزبی شیوعی و ڕۆڵی کاک مومتاز حەیدەری لەم کاروانەدا ، نووسیویەتی و دەڵێ:"  لە ڕێکەوتی 1-7-1964 گەیشتمە بەغدا، گەڕانەوەشم بۆ بەغدا  بە پێی بڕیاری حزب بوو، بۆ ئەوەی پاسپۆرتێکی ــ ساختە ــ پەیدا بکەم ، بۆ ئەوەی سەفەری مۆسکۆ بکەم، خوێندنی تیۆری لە پەیمانگەی زانستە کۆمەڵایەتیەکان بخوێنم.. جا دەستکەوتنی پاسپۆرتی ساختە درێژەی دایێ..لەو سەروبەندەدا 

ماڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی عیراق لە بەغدا لە لایەن دەزگاکانی ئەمنی ڕژێمی عارف دەستی بەسەردا گیرا، دەزگای سەرەکی حزب لەنێو چوو.بۆیە کە حزبی شیوعی م.س بڕیاریاندا من سەفەری موسکۆ دوابخەم،ماڵ و دەزگایەکی نوێی چاپەمەنی دروست بکرێت.ئەوەبوو خێزانێکی کۆمەنیستی زەحمەتکێش بە ناوی هاوڕێ ئەحمەد عەلی دەوڵەت کە برێتی بوون لە:دوو برا، سێ خوشک و دایکیان لە شاری سلێمانییەوە بۆ بەغدا گواسترانەوە. لە گەڕەکی چاپخانەکان کە گەڕەکێکی نوێ بوو، بۆ کرێکارانی چاپخانەکانی دەوڵەت دروست کرابوو، تا ڕادەیەک گەڕەکێکی دوورە دەست بوو، زۆر لەبەرچاوان نەبوو، لە دوای گەڕەکی بەغداد جدیدە بوو. ئیتر لەوێ گیرسامەوە، دەزگاکەمان بە سەرپەرشتی هاوڕێ کازم ئەلسەفار دامەزراند، پاشان بۆ مەسەلەی سەرپەرشتی ئەندامێکی (م.س) هاوڕێ بەهائەدین نوری دەستنیشان کرا. لە سەرەتای مانگی 11 ی 1964 تاکو30-9-1966 لەو ماوەیەدا من بەرپرسی سەرەکی ڕاپەڕاندنی دەزگاکە بووم ، لەم ماوەیەدا چاپەمەنییەکی زۆر لە ڕۆژنامەی تەڕیق ئەلشەعب و تێکۆشەری حزب و چەندین بەیاننامەو نامیلکەی فیکری و سیاسی چاپکران.

لە سەرەتای مانگی نیسانی 1966، کۆچکردووی نەمر بەهائەدین نوری بۆ کوردستان گوازرایەوە، کۆچکردووی نەمر عامر عەبدوڵلا شوێنی ئەوی گرتەوە. سەرپەرشتی دەزگاکەی دەکرد. شایانی ئاماژەیە، سەبارەت بە خۆمەوە، کارە سەرەکییەکان هەر هەمووی لە ئەستۆی مندا بوو، تا ڕێکەوتی 1-10-1966 بەغدام بەجێهێشت بەرەو مۆسکۆ ، بە نهێنی سەفەرم کرد. 

جا ئەم وێستگەیە  ــ وێستگەی بەغدا ــ بۆ حیزب و من بە وێستگەیەکی گەورەی کاری چاپ و هونەری فیکری سیاسی و سیاسەتی حزب نموونەی نەبوو" .

بێگومان ئەم وێستگانەی لە سەرەوە خرانە ڕوو ،لە ژیان و تێوشانی کاک مومتاز حەیدەری ، کە لە یەکەمین بەرگی (ڕەوسەی قەلەمەکەم) تۆماری کردوون. ئەم بابەتە مێژووییە سەرنجی ئێمەی ڕاکێشا ،چونکە تەنیا وێستگە نین لە ژیاننامەی مومتاز حەیدەری ، بەڵکو وێستگەی گرنگیشن لە کاروانی خەباتی ڕۆژنامەوانی و چاپەمەنی حیزبی شیوعی عیراق.

( ماویەتی)

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە